
دوای بردنەوەی مانچستەر سیتی لە نۆتینگهام و گەیشتن بە یاریی كۆتایی جامی یەكێتی ئینگلتەرا، پیپ گواردیۆلای راهێنەری سیتیزن رایگەیاند، پێش ئەوەی دەست بە قسە بكات، بەناوی خۆی و یانەكەی پیرۆزبایی لە لیڤەرپوول دەكەن كە لەم وەرزەدا نازناوی پریمەرلیگیان بەدەستهێنا.
وتیشی: وەرزەكە باش نەبوو، بەڵام ئەگەر سەركەوین و جامەكە ببەینەوە بێگومان كەمتر خراپ دەبێت، بەڵام ئەوە ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە وەرزەكە باش نەبووە، یانەكە دەبێت بڕیاری دروست بدات بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو باشتر بێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، فۆدین یاریزانێكی سەرسوڕهێنەرە، هەنگاو بە هەنگاو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە بووە، هەروەها كۆڤاسیچ لە باشترین فۆرمی خۆیدایە و یاریزانێكی نایاب و ئارامە.
باسی لەوەشكرد، سوپاسی هەیە بۆ هەوادارانیان، دەزانێت گەیشتن بە وێمبڵی چەندە قورسە، بە تایبەت نرخی بلیتەكان و گەشتكردن، هیوادارە لە یاریی كۆتاییشدا لەگەڵیانبن.