شەماڵ بارەوانی

 

بە بڕوای من گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کورد تا ئێستا ئەوەبووە، خۆ بەستنەوەیەتی بە تەنها جەمسەرێک.

دەبێ کورد ئیتر شێوازی یارییەکە بگۆڕێت و بە  ئەمریکا بڵێت، چیتر بێدەنگی بکەیت لەبەرانبەر ئەو داگیرکاری و دژایەتی و زوڵمەی ئێران لەبەرانبەر هەرێمی کوردستان، دەڕۆمە بەرەی ڕوس  و چین و تاران.

ئەو یاریکردنەی بەرژەوەندییەکان لەگەڵ هەردووک جەمسەر، وەک کارتێکی فشار دژی ئەمریکا بەکاربێنێت.

سەیرکەن ئەمریکاچۆن ٢٠١٧ تەنهابۆ ئەوەی عەبادی و ئەو بلۆکە شیعەیەی عێراق که لەخۆیەوە نزیکن، تا هەمان شێوەی مالیکی و بلۆکەکەی تری شیعە، نەڕۆنە پاڵ ئێران، گڵۆپی سەوزی بۆ پێکردن تا بێن بە کەمتر لە ماوەی٢٤سەعات، نیوەی خاکی کوردستان داگیربکەن.

یانی ئەمریکا لە نێوان ئەو باڵە شیعەیەی نزیک لە خۆی، و کورد،  شیعەکەی هەلبژارد و کوردی کردە قوربانی بەرژەوەندییەکانی خۆی.

ئێستاش هەمان یاری دەکات و سودانی و چاوی کاڵی ئەو باڵەشیعەی نزیک لەخۆی، نادات بە کورد و دووبارە خەریکە کورد دەکاتەوە قوربانی.

خۆ ئەمریکا دەتوانێت هەرهیچ نەبێت ڕێگە بدات کوردستان هەمان شێوەی جاران سەربەخۆیانە نەوتی خۆی لە ڕێگای تورکیاوە بفرۆشێتەوە بازاڕەکانی جیهان و ئەو بڕیارەی دادگای پاریس(سکاڵاکەی شیعەی سەربە ئێران بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم)ڕابگرێت و حیسابی بۆ نەکات. کە چی بێدەنگە و نایکات!

سەیرکەن چۆن تورکە کەمالیستەکان لە کۆماری نوێی تورکیا، لە یەککاتدا هەم پەیوەندییان لەگەڵ ستالین و ڕوس، هەمیش لەگەڵ بەریتانیا و فەرەنساش هەبوو و بە تەواوی خۆیان بەلایەکدا نەشکاندبووەوە و نەچووبوونە بەرەیەک و ئاقڵانە یارییان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکرد.

ئێستاش ئەردووگان هەمان سیاسەت دەکات و لەسەر دووپەت یاری دەکات. هەم لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژئاوا و ناتۆ نان دەخوات و هەمیش لە پشت ڕوس و چین و ئێران نویژی بەرژەوەندییەکان دەکات.

هەرکاتەک ئەمریکا فشاری لێبکات، ئۆردووگان خێرا دەڕواتە کۆشکی کرێملن و لەگەڵ پۆتن دادەنیشێت و بەو جەنگە دەرۆنی و کارتەی، ئەمریکا ناچار دەکات حیساب و ئعتیباری بۆبکات و سنوورێک و ترسێک بۆ ئەمریکا دادەنێت. یانی به کورتییەکەی بە ئەمریکا دەڵێت، ئاقڵ نەبیت لەگەڵم، دەڕۆمە باوەشی نەیارەکانت.

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا