
ڕابەر تەلعەت
ئایا هێزی سەربازی بەتەنها دەتوانێ یەکلایکەرەوە بێت؟ جۆرج فریدمان، شرۆڤەکاری دیاری جیۆپۆلەتیک، پێیوایە ململانێیە سەربازییەکان یان بە سەرکەوتنێکی تەواو کۆتاییان دێت، یان کاتێک هیچ لایەنێک ناتوانێت سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەست بهێنێت، ئەوا دانوستاندن دەستپێدەکات. خاڵی سەرنجڕاکێش لەم تێگەیشتنەدا، بریتیە لە توانایی بەردەوامبوون لە جەنگ و پشتیوانی ناوخۆیی بۆ حکومەت، ئەمەش زۆر جار کاریگەرترە لە باڵادەستی و توانایی سەربازیی.
بەتێگەیشتنی فریدمان، هەر لایەنێک ناچاریی زیاتر بۆ دانوستاندن پیشان بدات، بە لاواز دادەنرێت. بۆیە، هەردوولا هەوڵدەدەن توانای خۆیان بۆ درێژەدان بە جەنگ نیشان بدەن. لە دۆخی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێراندا، یەکەمیان خاوەن گەورەترین هێزی سەربازییە، بەڵام لاوازییەکەی لە نەبوونی پشتیوانی گشتی ناوخۆییدایە بۆ جەنگێکی درێژخایەن. بە پێچەوانەوە، ئێران، سەرەڕای لاوازیی سەربازیی درێژخایەن، بەهۆی خۆڕاگری دەسەڵاتەکەی و توانایی کۆنتڕۆڵکردنی ناوخۆ تائێستا، دەتوانێت زیاتر لە جەنگدا بمێنێتەوە، ئەمەش وای لێدەکات لەسەر مێزی دانوستاندن بەهێزتر دەربکەوێت.
ستراتیژی ئێران بریتییە لە درێژکردنەوەی ململانێکە، تەنانەت ئەگەر قوربانی زۆریشی هەبێت، بەمەش گوشار لەسەر پشتیوانی ناوخۆیی ئەمریکا دروست دەکات، بەتایبەت کە ترامپ لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتییەکەیدایە! نمونەی ئەمەش، بریتیە لە وانەکانی ڤێتنام. فریدمان دەڵێت، بۆ ئێران، "نەدۆڕاندن" لە کۆتاییدا دەبێتە سەرکەوتن، چونکە فشارە ناوخۆییەکان دەتوانن ئەمریکا ناچار بە سازش بکەن.
ئەنجام؛ چارەنوسی دانوستاندنەکان بەندە بەوەی کام لایەن؛ ئەمریکا بە هێزی سەربازی بەڵام بە پشتیوانی ناوخۆیی ناسەقامگیر، یان ئێران بە هێزی سەربازی لاوازتر بەڵام بە خۆڕاگریی دەسەڵاتەکەی، بەرگەی گوشارە ناوخۆییەکان دەگرێت. ئایا مۆدێلی " ڤێتنام" دووبارە دەبێتەوە؟ ئەمە پرسیارە گرنگەکەیە!