
وه‌لید عومه‌ر
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، شه‌پۆلی كتوپچڕی ناسیۆنالیستی دروستده‌بێت و دوایی نامێنێت. له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كانی ئه‌م دووسێ ساڵه‌دا، كه ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه، زمانی خه‌ڵكێكی ناسیۆنالیست به‌ره‌و ئاستێكی ته‌ڵخ و بێپه‌رده داچهرخا. لێره‌دا ته‌نیا جنێوێكی وه‌ك "تۆپین" وه‌رده‌گرین كه له وردكردنهوهكانیدا ده‌كرێت به: تۆپاندی، بیتۆپێنه، وه‌ك سه‌گ دهیتۆپێنێت و هتد. دواییش به‌راوردی ده‌كه‌ین به وشه‌یه‌كی نیمچهجنێوی ناو نه‌ریتی سیاسی و فیكریی چه‌پ كه بریتییه له كۆنه‌په‌رست. مه‌به‌ست له‌م به‌راورده‌ش، ته‌نیا به‌راوردی دوو جنێو نییه؛ به‌ڵكو ترس و هۆشدارییه به‌رامبه‌ر كۆی مه‌سره‌فكردنی زمان. له‌وه‌ش زیاتر، له‌پشت ئه‌و وشانه‌وه ته‌نیا قسه‌كه‌رێكی تووڕه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو جیهانبینیی جیاواز خۆی حه‌شارداوه. جنێو له ئاستی حاڵه‌تدا ڕه‌نگه هه‌ر ڕووبدات، به‌ڵام تێكه‌ڵكردنی به گوتاری سیاسی و ڕۆشنبیری گوزارشت له شتی تر ده‌كات.
تۆپین، نه‌ك هه‌ر لای خه‌ڵكه ناسیۆنالییه توندڕه‌وه‌كه، به‌ڵكو لای ئیسلامییه‌كانیش به‌شی خۆی به‌كاردێت. گه‌ر سه‌رنج بخه‌ینه سه‌ر ناسیۆنالییهكه، تێده‌گه‌ین وشه‌كه جۆرێك تووڕه‌یی په‌تییه كه تێكه‌ڵ به نووسین كراوه و له پشت نووسینی زۆرێكیشیانهوه نه‌ریتێكی سیاسیی فیكری و تیۆری نابینرێت. واته كاتێك نه‌ریت و كه‌لتوری سیاسییت هه‌بوو، دابه‌شكارییه ئایدۆلۆژییهكانیشت به‌پێی بهرنامهیهكیپ ێشوهخت داڕێژراوه. له‌م میانه‌یه‌شدا، بژارده‌ی زمانه‌وانی بۆ بچوككردنه‌وه‌ی ئه‌وی تر و جنێوپێدانی، داده‌ڕێژرێت. ئه‌و قسهكهرهی وشه‌ی "تۆپین" به‌كارده‌هێنێت، له بۆشاییه‌كی سیاسی و ده‌روونی و فیكری دا وه‌ستاوه. ئه‌و ته‌نیا بینه‌ری جه‌نگێكه كه ده‌یه‌وێت ئه‌وانی تر به وه‌كاله‌ت بۆی یه‌كلابكه‌نه‌وه. كاتێك دۆخه‌كان و دیمه‌نه‌كان له قازانجی ئه‌و نین، ئیدی یه‌كه‌م په‌رچه‌كردار ده‌بێته جنێوگهلی پاتۆلۆژیك. ئاشكرایه مرۆ ئه‌و ده‌مه‌ی خۆی به‌كرده‌یی به‌شداری شته‌كان نییه، ئیدی ئه‌گه‌ری زه‌بروزه‌نگی زمانی به‌رزده‌بێته‌وه. كاتێك ڕاسته‌وخۆ فیشه‌ك و موشه‌ك ناتهقێنیت، ته‌نیا زمانت بۆ ده‌مێنێته‌وه كه گوژمێكی تراومایی و ته‌ڵخ وه‌رده‌گرێت و ئه‌ویتر له‌ناو زماندا هه‌ڵده‌دڕێت و له سنوری بوون (و ژیان) دهیخهیتهدهرهوه. با جنێوه‌كه جۆرێك نهتوانینیش بێت، به‌ڵام قسه‌كه‌ر چێژ له نه‌توانینی خۆی وه‌رده‌گرێت و خه‌ڵكێكیش بۆی پشڕاستدهكهنهوه. لێره‌وه ده‌توانین بڵێین، له غیابی كه‌لتورێكی سیاسیی تۆكمه، و به‌سه‌نته‌ربوونی فه‌زای مه‌جازی (تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان)؛ جنێو ده‌بێته خێراكهرهوهی فه‌زاكه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به‌وه‌ی قسه‌كه‌ر، خۆی بینه‌رێكی دووره-وه‌ستاوی جه‌نگه؛ ڕیتمی جه‌نگه‌كه وه‌رده‌گرێت له زمانی خۆیدا به‌رهه‌میده‌هێنێته‌وه. بۆ نموونه، گه‌ر قسه‌كه‌ر هاوسۆزی ئیسرائیل بێت، ئیدی ڕیتمی ئه‌و دڕییهش له خۆیدا ناونشیندهكاتهوه كه لایه‌نی ناوبراو ده‌ینوێنێت. جنێو ده‌بێته جێگره‌وه‌ی سیمبوڵیی هه‌ر زه‌برێكی سه‌ربازی. پێشگریمانه‌ی قسه‌كه‌ره‌كه ئه‌وه‌یه من هه‌قم، هه‌ر گرفتێكیش له‌م ههقانیبوونهدا مایه‌ی قبووڵ نییه. ئه‌وه‌نده‌ی دیقه‌تم دابێت، ڕیشه‌ی ئه‌م زمانه ته‌نیا له‌وه‌دا نییه كه ناسیۆنالیزمه دهڵهمهكه خاوه‌نی كه‌لتوری سیاسی نییه؛ به‌ڵكو له ئاستی كهسییشدا كه‌سانی دژهفیكر و فه‌لسه‌فه‌ن. ئه‌وه‌ی هه‌یه پێوه‌ری هێزی ڕووت و ڕاسته‌وخۆیه. جنێو، یه‌كێكه له ده‌ركه‌وته‌كانی ئه‌م پێوه‌ره كه به‌ڕووی خۆیدا شكاوه‌ته‌وه. به‌م مانایه، جنێوه‌كه هه‌ر ڕووی له‌ویتر نییه به‌ڵكو ڕووی له خودی قسهكهرهشه. ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بم، جووله‌كه و ئێرانییه‌كان سیاسه‌تێكی زمانه‌وانیی دوژمنناسانه، به‌رامبه‌ر یه‌كتری به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن كه جیایه له‌م بۆشاییه خۆلووشدهرهی ئێره. مه‌به‌ست ئه‌وه نییه جنێوی جوانتر ده‌ده‌ن به یه‌كتر، به‌ڵكو ئه‌و كه‌لتوره ئایدۆلۆژییه‌ی له‌پشتی جه‌نگه‌كه‌وه وه‌ستاوه فۆرم و خه‌سڵه‌تێكی هه‌ر وه‌رگرتووه.
له لایه‌كی تره‌وه له ڕابردووی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، چه‌پ وێڕای هه‌ر كه‌موكورتییه‌ك، زمانی له ئاستێكی به‌رزدا ڕاگرتبوو. ئه‌وپه‌ڕی جنێوی چه‌پ بریتی بوو له "كۆنه‌په‌رست" كه ئه‌ویش ناتۆره‌یه‌كی ئایدۆلۆژی و فیكرییه و پتر كێشانی هێڵێكه له‌نێوان دوو تێڕوانیندا بۆ مێژوو كه یه‌كیان ده‌یه‌وێت بیهێڵێته‌وه و یه‌كێكیشیان ده‌یه‌وێت بیگۆڕێت. كۆنه‌په‌رست، پێش هه‌موو شتێك، جنێوێكی ته‌واو مێژووییه. كۆنه‌په‌رست ئه‌و كه‌سه‌یه بڕوای به ڕه‌وتی مێژوو نییه بۆ پێشه‌وه. دوژمنیش بوونه‌وه‌رێكی مێژووییه نه‌ك گیانله‌به‌رێكی به‌جه‌وهه‌ر گیانله‌به‌ر. كۆنه‌په‌رست به‌زات خراپ نییه، به‌ڵكو ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌ی گرتووه‌ته‌به‌ر. گه‌ڕانه‌وه‌ی فیچقهئامێزی وشه‌گه‌لی وه‌ك جاش و خائین، گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆشاییه‌كی كه‌لتوری و سیاسییشه كه ناسیۆنالیزم نه‌یتوانیوه باش بیچنێت. جاش و خائین، هێشتان وه‌ك سنوری سیاسی ده‌رده‌كه‌ون؛ به‌ڵام له‌ڕاستییدا پێشزهمینهن بۆ جنێوی تۆپین كه ئێستا به‌بێ په‌روا هاوشانی یه‌كتریش به‌كارده‌هێنرێن. وێڕای ئه‌مانه‌ش، بڕێك جنێوی گه‌ردوونی و شارستانیی لێ ده‌رچێت كه له هه‌موو كه‌لتوره‌كاندا هه‌یه، ئیدی كه‌لتوره لۆكاڵییه‌كان له‌وه هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ جنێودا ده‌كه‌ن.
سه‌رده‌مانێك، ناسیۆنالیزمه كوردییه‌كه، له‌ژێر كاریگه‌ریی نه‌ریتی چه‌پدا وشه‌ی كۆنه‌په‌رست و هاوشێوه‌كانی به‌كارده‌هێنا. به‌ڵام ئێستا ئه‌م وشه‌یه نه‌ماوه و جێی خۆی گۆڕیوه‌ته‌وه به زمانی قه‌بیله و خێڵ كه به‌ر له‌وه‌ی كاربكاته سه‌ر ئه‌ویتری داگیركه‌ر، بۆ ناو كه‌لتوری كوردی خۆی ده‌شكێته‌وه. چاره‌نووسی جه‌نگ نه‌به‌ستراوه به چۆنیه‌تیی جنێودانه‌وه، به‌ڵام ئه‌م دۆخه بۆ فه‌زا كوردییه‌كه كاری خۆی ده‌كات. بگره سه‌رچاوه‌ی كاردانه‌وه‌كان خۆی، پتر بۆ ئه‌ویتری ناو هه‌مان فه‌زایه‌ك نه‌ك فه‌زای دووره‌ده‌ستی جه‌نگ. ئه‌م خاڵه، خاڵێكی هه‌ستیاره بۆ ئه‌وانه‌شی كه بڕوایان به‌وه‌یه سیاسه‌ت دوورگه‌یه‌كه له‌ناو كه‌لتوردا ڕووده‌دات- با بڵێین یه‌كێكه له ده‌ركه‌وته و به‌رجه‌سته‌بوونه به‌هێزه‌كانی.
له‌كۆتاییدا، بهرامبهركێیهك هه‌یه به‌شی خۆی جێی سه‌رنجه: وشه‌گه‌لی وه‌ك تۆپین له‌م لاوه، بارته‌قای وشه‌گه‌لی وه‌ك "جوانی"یه كه یه‌كیان ناسیۆنالیزمێكی سیاسییه و ئه‌ویتریان ناسیۆنالیزمێكی كه‌لتوریی خۆدابڕ. به‌شه‌كانی یه‌ك فه‌زا و یه‌ك كه‌لتور، له په‌یوه‌ندییدان به یه‌كتره‌وه. زیاده‌ڕۆییكردن له ستایشی جوانی و پاكی و هتددا، به‌بێ زه‌مینه‌یه‌كی كۆنكرێتی، وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ جنێوگهلی ناشیرین و ناپاك. ئه‌و سوبێكته‌ی ئه‌مڕۆ ستایشی جوانی ده‌كات، سبه‌ی ستایشی برژاندنی ئه‌وانیتر ده‌كات. ئاشكرایه مه‌سره‌فكردنی جوانی و درووشمه‌كانی، خۆبه‌خۆ سه‌رناكێشێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لتور و مرۆیه‌كی جوان بڕسكێت. كه‌م نین ئه‌و نوكته و تهوسانهی له‌مه‌ڕ سوتاندن و برژاندنی ئه‌ویتر درووستكراون. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌نجام پێمانده‌ڵێت، جوانییه‌ك له بۆشاییدا بێت و ڕه‌هه‌ندی به‌رجه‌سته وه‌رنه‌گرێت؛ ئاسان وه‌رده‌گه‌ڕێت بۆ جنێو و برژاندن. ئه‌مه‌ش هه‌ر یه‌ك ناوی هه‌یه كه شته‌كان پارچه‌پارچه ده‌بن و له مێژووییبوون داده‌بڕێن: كۆنه‌په‌رست.