نووسینی/ زیرەک کەمال


لە ماڵەوە دانیشتبووم، هەر پێنج نەوەکەشم لە لابوون. لەپڕ بێژەرێکی چاوبزی دەنگ گڕی لە خۆڕازی، هەواڵی پشوی قوتابخانە و زانکۆکانی  ڕاگەیاند، هەر پێنج نەوەکەم لەخۆشی ئەو هەواڵە کردیان بە چەپڵەلێدان و شایی و هەڵپەڕین. منیش ویستم هێوریان بکەمەوە و باسی گرنگی قوتابخانەیان بۆ بکەم، کەچی هەر پێنجیان بەزۆری بەڕاکێشان و پاڵپێوەنان منیشیان خستە نێو چەپڵە و شاییەکەی خۆیان، دواتر لە کوچە و کۆڵانی گەڕەکەکەمان بووە هەرا و زاق و زیقی منداڵان و منیش بە ناسکەی خێزانم گوت: ئادەی ناسکە، نەکا شەوی شەوبەرات بێ و نەمان زانیبێت؟ ناسکە گوتی: نا پیاوەکە شەوبەرات نییە، بەڵکوو منداڵانی گەڕەکن لە خۆشی پشووی قوتابخانەکانیان ڕژاونەتە نێو کۆڵانەکان، دواتر ڕووم لە یەکبەیەکی نەوەکان کرد و سەرەتا   لە ئاسۆم  پرسی چ ڕۆژێک لای تۆ خۆشترین ڕۆژە؟ گوتی: ئەو ڕۆژەی پشوە و قوتابخانە نیە. پرسیم نازەنین لە هەموو شتێک زیاتر ڕقت لەچی دەبێتەوە؟ گوتی: مەکتەب. لە زانام پرسی جەژن نزیکە بەو بەرەجەژنانە حەز بە چی دەکەی؟ گوتی: لافاو هەڵبستێت و مەکتەبەکەی ئێمە ببات، تا چیتر نەچمە مەکتەب. لە لانەم پرسی کچی خۆم بۆ جەژن وەکو جەژنانە چیت بۆ بکڕم، گوتی: هیچم ناوێت بەس بە دایک و باوکم بڵێ بالێم بگەڕێن چیتر نەچمەوە مەکتەب. (ئارام محەمەد)ی ڕۆماننووسیش بۆی گێڕامەوە و گوتی ڕۆژێک  مامۆستا دەچێتە پۆل و لە قوتابیەکان دەپرسێ حەز دەکەن دواڕۆژ ببن بەچی؟ هاوپۆلێکی کوڕەکەی دەڵێت، حەز دەکەم ببمە شوفێری شۆفەڵ، مامۆستا بەسەرسوڕمانێکی زۆرەوە دەڵێت بۆچی ئەو کارەت پێ خۆشە؟ گوتوویەتی: بۆ ئەوەی بە شۆفەڵ مەکتەب بڕوخێنم.
ناسکە هۆکارەکانی بێزار بوونی قوتابی لە خوێندن و قوتابخانەی لەمن پرسی، منیش پێم گوت: زیاتر لە سی ساڵە کایەی سیاسی ئیش لەسەر تێکشکاندن و خاپورکردن و بێ ئەهمییەتکردنی سیستەمی خوێندن و پەروەردە و قوتابخانە دەکات. سی ساڵە جگە لەوەی مووچەی مانگانەی دوادەخات، هەروەها لە چەندین بواری تریشدا هەوڵی لە گرێژنەبردن و لاوازکردنی پێگە و شوێنگەی توێژی مامۆستایان لە ژیانی گشتیدا دەدات. هەمووشمان حیکایەتی لاقەمریشک دەزانین. جگە لەوەش دەسەڵات لەم وڵاتەدا دۆخێکی دروست کردووە مامۆستای کردۆتە مەزە و نوکتەی ناو تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت هەیبەتی مامۆستای لەبەردەم قوتابیانیش نابووت و بێئەرزش کردووە. دیارە دەمێکیشە ئەو ڕاستییە بەرجەستەکراوە و سەلمێنراوە، هەر سیستەمێکی حوکمڕانی بیەوێت دڵسۆزی خۆی بۆ خوێندن و پەروەردە بسەلمێنێت. بەرلەوەی  باسی مەنهەجی خوێندن و سیتەمی پەروەردە بکات، دەبێت هەیبەت و شکۆ و کەسایەتی مامۆستا لەبەردەم قوتابی و ڕای گشتی بپارێزێت. کاتێ خەریکی ئەو نووسینەبووم، ناسکەی خێزانم پێی گوتم: دوێنێ بڕوای کوڕمان لەبازاڕ هاتەوە نیوعەللاگە پاقلەی کوڵاوی پێ بوو، گوتم: کوڕم ئەو هەموو پاقلەیە چیە پێتە؟ گوتی: دایە مامۆستاکەم بەهۆی دواکەوتنی موچە  دوای دەوامی فەرمی لەناو بازاڕ پاقلە دەفرۆشێت

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا