هۆشیاری عەبدولعەزیز

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك ناوچەیەكی بەرفراوانی جیوسیاسی و ئابوری گرنگ لە ململانێ و کێشمەکێشی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەرە بەهۆی گۆڕانکارییە گەورەکانەوە کە لە سەرانسەری جیهاندا ڕوودەدەن، بەتایبەت شەڕی بەرژەوەندی نێوان وڵاتانی زلهێز و ئەو ناکۆکیيانەی کەوتوونەتە سنووری جوگرافی ناوچەکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرگیری جۆرێک لە کاریگەرییەکانی هەژموونی دەسەڵاتی جیهانییە و لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوەوە لە زەلکاوی ناسەقامگیری و شەڕ و ئاژاوە ئەتنی و تائیفی و مەزهەبیيەکاندا دەخولێتەوە و نەیتوانیوە لەسەر پێی خۆی ڕاوەستێ ، لەم فەزا نائارەمەشدا کە ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێ ، ڕێکخستنەوەی ناکۆکیيە ناوخۆيی و هەرێمیيەکان کارێکی یەکجار سەخت و دژوارە و کەوتۆتە ژێر کاریگەری  بەرژەوەندییەكانی سەرمایەداری هاوچەرخ و ئەو باس و بابەتانەی کە لە گۆڕانکاریيەکانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستی نوێدا دەکرێت، هەرچەندە ئەم پرسە لە ژینگەی سیاسیی ئێستادا بەدەرنیيە لە بازنەی ئەو ناكۆكی و کێشمەکێشە جیهانیيەی کە لە پڕۆژەیەکی کۆن و فۆڕمێکی تازەدا بانگەشەی بۆ دەکرێت.

هۆکاری زیاتر گەشەکردنی ئەو کێشمەکێش و ململانێیانەش کە لە ڕابردوو، و ئێستادا دۆخی ناوچەکەی ئاڵۆزتر کردووە ئەو ناکۆکیيە ئەتنی و دینی و مەزهەبی و تائیفیيانەیە کە بەدرێژايی مێژوو بەردەوامی هەیە و بەرەبەرە و قۆناخ بە قۆناخ گەیشتە ئەوەی کە وڵاتانی خۆرئاوا و ئەمریکا چاویان لەسەر پرسی گۆڕانکاریيەکان و بەرژەوەندیيەکانی خۆیان بێت و بەردەوام لە پلاندابن تا خزمەت بە سیاسەت و بەرژەوەندیيەکانی ئەوان بکات، بۆ ئەمەش  ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خرایە دۆخێکی ناجێگیر و نائارامەوە و هەر لەلایەن خۆشیانەوە نەخشەی ئاڵۆزیيەکان و لێکدانی جەمسەرەکان کێشرا و خرایە بارودۆخێکەوە کە سەدەیەک دەبێت لە جەنگ و پێکدادانی زیاتردایە و سەرچاوەی ئەم نەخشەیەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بڕیارانەی کە لە ڕێکەوتننامەی سایکس بیکۆ دران و بوونە هەوێنی دابەشکردنی ناوچەکە و ملکەچکردنی زۆر لەو وڵاتانەی کە کەوتنە ناو نەخشە نوێکە و هەنگاوێکی وایان نا، کە هێشتاش کاریگەری گەورەیان لەسەر تەواوی ناوچەکە دا هەیە و پەیوەنديی ڕاستەوخۆشی بە ململانێی بەرژەوەندی زلهێزەكانەوە هەیە و بووەتە یەكێك لە سەرچاوەكانی نەبوونی سەقامگیری و بەردەوامبوونی شەڕ و بارگرژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم دۆخەش جگە لە ئابووری بازاڕ و پرسی وزە و بەردەوامبوونی قەیرانە ناوخۆییەكانی خودی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، کە هەنووکەش زەمینەی لەبار دەڕەخسێنن بۆ دەستی دەرەکی و چاوگەی سیستەمی سەرمایەداری و ئەو کۆمپانیایانەی کە تەنها چاویان لە قازانج و کۆکردنەوەی سەرمایەی نەختینەیە و بایەخ بە هیچ نرخ و بەهایەکی مرۆيی نادەن، لە باری هەڵکەوتەی جوگرافیشەوە ئەم ناوچەیە کەوتۆتە ناوەڕاستی سێ کیشوەری ئەفریقیا، ئەوروپا و ئاسیاوە و ڕێڕەوە ئاویيەکانیشی ڕۆڵێکی گرنگ و ئاسان و خێراییان هەیە بۆ هەناردەی کاڵا و شتوومەکی ئەو ناوچەیە، بەتایبەت نەوت و سەرچاوەکانی وزە بۆ دەرەوەی خۆی و ئەمەش بەدیوێکدا كارتێكردنی نەرێنی لەسەر بەرژەوەندییە بازرگانییەكانی سەرمایەداری و بازاڕ و ئابووری وزەی جیهانی هەبووە مەترسی گەورەشی لەسەر ئاشتی و سەقامگیری کۆمەڵایەتی ناوخۆيی خولقاندووە و کاریگەری نەرێنی جێهێشتووە و بووەتە هۆکاری زیادبوونی ناسەقامگیری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ناوچەيی و جیهانی، کە لە ئێستادا بەچڕی قسەی لەسەر دەکرێ.

ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ئەم ناوچەیە لەڕووی ئابووریيەوە ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە نەوت و وزە و كانزای سروشتی بەتایبەت لە ڕووی بەرهەمهێنانی نەوتەوە بە دەوڵەمەندترین ناوچەی جیهان دادەنرێت و لە كۆنیشەوە ڕێگایەكی گرنگ و سەرەكی بازرگانی بووە لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، بەو هۆیەشەوە بەدرێژایی مێژوو گۆڕەپانی ململانێ و ناكۆكی لایەنە ڕكابەرەكانی جیهان و سيستەمی سەرمایەداری بووە تا ڕێککەوتنی سایکس - پیکۆ لە ساڵی ١٩١٦، سەریهەڵدا و بووە بنەمایەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی سنوورەکانی دەوڵەتی عوسمانی و ناوی لێنرا پڕۆژەی هەڵوەشاندنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم پڕۆژەیە لە سەردەمی جیمی کارتەر سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٧ تا ١٩٨١ و بەپشتبەستن بە تێڕوانینەکانی “بێرنارد لویس”پەرەی پێدراوە، کە ڕۆژهەڵاتناسێکی ئەمریکی بە ڕەچەڵەک بەریتانییە و وەک ڕاوێژکاری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری کردووە و هەر ئەویش داڕێژەری تیئۆری هەڵوەشاندنەوەیە لە ناوچەکەدا .

بێرنارد لویس پرۆژەکەی پەرەپێدا بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی دەستووری هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشکردنی هەریەکەیان بۆ کۆمەڵێک کانتۆن و دەوڵەتی نەتەوەیی، ئایینی، تائیفی بچووک  و بۆ جێبەجێکردنی ئەم نەخشە نوێیەش لویس ئەو پڕۆژەیەی ڕادەستی برێزینسکی کرد کە ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بوو لە سەردەمی کارتەردا، هەر لەسەر بنەمای هەمان تیئۆر و بەپشتبەستن بە خراپی دۆخی ناوچەکە و ململانێ و کێشمەکێشە ئەتنی و تائیفیيەکان و پێكدادانی شارستانییەكان و گۆڕینی ناوچەکە و دەستکاریکردنی سنوورە جیوسیاسی و دیموگرافیيەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئەم گۆڕانکاریيە لەڕێگەی پارچە پارچەکردنی سعودییە، ئێران، ئێراق، سوریا، توركیاوە دێتە دی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دروست دەبێت و چەند وڵاتێك چێ‌ دەبێت هێندە ڕووبەر و تواناییان سنووردارە، كە چیتر توانای ئەوەیان نیيە دژ بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بووەستنەوە و بەردەوام سەرقاڵی یەكدی دەبن، هەنگاوی یەکەم و دوای کۆدکردنی پڕۆژەکە لە لایەن ئەمریکاوە، لویس لەكۆنفرانسی بێلدەربێرگدا پێنشیاری دابەشكردنی ئێران دەكات بۆ سێ بەش ئەوانەش ( پرۆژەی كوردستانی گەورە، پشتۆنستان، ئازەربایجانی گەورە)، کە بتوانێ ئاسایشی ئیسرائیل و بەرژەوەندیيەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا بپارێزێ.

پاساوی بێرنارد لویس بۆ ئەم پڕۆژە کۆدکراوە ئەوە بوو کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەنی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی زۆرینە دواكەوتووی كلتووری و مەزهەبییە و پێیوایە دواكەوتوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەنديی بەجەنگ و فشارەكانی دەرەوە نەبووە، بەڵكو ناوچەكە هەڵگری توخم و ڕەگەزە تەقلیدیيەکانە و نەیتوانیوە لە ڕووی پێشکەوتنە ئابووری و كلتووری و ئاینیيەکانەوە خۆی پێشبخات و ببێتە ناوچەیەکی گەشەکردووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پێچەوانە چەقبەستوویی و دواكەوتوویی كلتووری وایكردووە نەتوانێت سوود لە كلتوورە پێشكەوتووەكان وەربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری پێکهاتە کۆمەڵایەتیيەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کەسانی گەندەڵ و مشەخۆر و ئاژاوەگێڕ دەزانێ و لەو بڕوایەدایە کە ناتوانرێ بەئاسانی ناوچەکە بخرێتە بازنەی کۆمەڵگای مەدەنی و پرسی دیموکراسیەتەوە و بەردەوام لە توندوتیژی و تیرۆردا تواونەتەوە و کەسانی توندڕەوی ئەتنی و ئاینین و پشتئەستورنین بە پاراستنی شارستانیيەتی ناوچەکە، بۆیە چارەسەری دروست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا بریتییە لە داگیرکردنەوە و کۆلۆنیکردنیان، و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئەمریکا لەم پرۆسەیەدا سوود لە ئەزموونی بەریتانیا و فەرەنسا وەربگرێت لە کۆلۆنیالیزمکردنی ناوچەکە و دوورکەوێتەوە لەو هەڵە و هەڵوێستە نەرێنییانەی کە هەردوو وڵات لە ڕابردوودا ئەنجامیانداوە.

 هاوکات بیرنارد لویس لە پڕۆژەکەیدا بۆ دروستکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و هەڵوەشاندنەوەی سنوورە پێشینەکان ئاماژە بە پێویستيی دابەشکردنەوەی ناوچەکە دەکات بەسەر چەند یەکەیەکی خێڵەکی و تائیفیدا و پێیوایە لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەشدا پێویست ناکات بیرکردنەوەی گەلانی ناوچەکە لەبەرچاو بگیرێت یان لە ژێر کاریگەری هەست و کاردانەوەکانیاندا سیاسەت بکرێ و دەبێ توندتر ناوچەکە گەمارۆ بدرێ، پێویستە لەم ئاستەشدا دژایەتییە نەتەوەيی و خێڵەکی و تائیفییەکان بقۆزرێتەوە، پێش ئەوەی دۆخەکە ئاراستەیەکی تر وەرگرێ.

لەم پڕۆژەیەدا بێرنارد لویس بەشێوەیەکی ورد و دینامیکی و لەسەر بنەمای تیئۆری هەڵوەشاندنەوەی ناوچەکە و دووبارە ڕێکخستنەوەی کار لەسەر نەخشەی دابەشکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەکات و زۆر لەوە زیاترە کە ئێمەومانان تابلۆی پڕۆژەکە دەبینین ، وەک ئەوەی لەم خشتەیەدا ئاماژەی بۆ دەکات

1- هەڵوەشاندنەوەی وڵاتانی باکووری ئەفریقا

دەوڵەتی بەربەرەکان

ویلایەتی نوبیا

ویلایەتی پۆلیساریۆ

دەوڵەتی ئەمازیغ

دەوڵەتی مەغریب

دەوڵەتی تونس

دەوڵەتی جەزائیر

2- سەبارەت بە میسریش دابەشکراوە بەسەر:

دەوڵەتێکی ئیسلامی سوننە

دەوڵەتێک بۆ مەسیحییەکان

دەوڵەتێک بۆ نوبیا

دەوڵەتێک بۆ بەدەوییەکان لە سینا

دەوڵەتێکی فەلەستینی لە باکووری سینا دوای لکاندنی بە غەززە

3- نیمچە دورگەی عەرەبی

نەهێشتنی کوێت و قەتەر و بەحرەین و سەڵتەنەی عومان و یەمەن و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە نەخشە و سڕینەوەی بوونی دەستوورییان، بەجۆرێک کە نیمچەدورگە و کەنداو تەنها سێ وڵات لەخۆبگرێت.

4- دەوڵەتی شیعەکانی ئەلئەحسا، کوێت، میرنشین، قەتەر، عومان و بەحرەین لەخۆدەگرێت

دەوڵەتی سوننەی نەجد

دەوڵەتی سوننەی حیجاز

هەڵوەشاندنەوەی عێراق لەسەر بنەمای نەتەوەیی و ئایینی و تائیفی بەم شێوەیەی خوارەوەیە

دەوڵەتێکی شیعە لە باشووری دەوروبەری بەسرە

دەوڵەتێکی سوننە لە ناوەڕاستی عێراق لە دەوروبەری بەغدا

دەوڵەتێکی کوردی لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی دەوروبەری موسڵ لەسەر بەشێک لە خاکەکانی پێشووی عێراق، ئێران، سوریا، تورکیا و سۆڤیەت.

عێراق پێشتر دابەشبووە و گۆڕاوە بۆ 3 دەوڵەتی سوننە و شیعە و کوردی لەسەر بنەمای ئەوەيی پێیدەوترێت فیدرالیزم.

5- دابەشبوونی سوریا بەسەر...

دەوڵەتێکی عەلەوی شیعە لە کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست

دەوڵەتێکی سوننە لە ناوچەی حەلەب

دەوڵەتێکی سوننە لە دەوروبەری دیمەشق

دەوڵەتی دروز لە جۆلان

6- دابەشکردنی لوبنان بەسەر...

دەوڵەتی سوننە

دەوڵەتی مارۆنی مەسیحی

بەنێودەوڵەتیکردنی بەیروتی پایتەخت وەک دەوڵەتێکی فرە پێکهاتە

دەوڵەتێکی فەلەستینی لە دەوروبەری سیدۆن و تا ڕووباری لیتانی سەر بە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستینە

دەوڵەتێک بۆ شیعە لە باشوور

دەوڵەتێکی دروز جگە لە دەوڵەتی دروز لە جۆلان

7- ئیسرائیلی گەورە

تەسفیەکردنی ئوردن و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ فەلەستینییەکان

گۆڕینی هەموو فەلەستین بۆ دەوڵەتێکی جولەکە

دابەشبوونی ئێران، پاکستان و ئەفغانستان بۆ دە دەوڵەتی نەتەوەیی

کوردستان

ئازەربایجان

تورکستان

عەرەبستان

ئێرانیستان

بوخۆنستان

باڵۆنێستان.

ئەفغانستان

پاکستان

کشمیر

بەتێگەیشتن لەم دابەشکاریيە و خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی ڕووداوەکانی ناوچەکە و هەوڵەکانی ئەمریکا و خۆرئاوا لەم ناوچەیەدا، دەگەینە ئەو ڕاستیيەی کە ڕووداوەکان و گۆڕانکاریيەکانی ناوچەکە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا ئەمڕۆ، دەرئەنجامی کارکردنە لە پڕۆژەکەی لویس و ئەو نەخشانەی کە کۆندۆلیزا ڕایس ناوی لێنابوو (ئاژاوەی داهێنەرانە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست).

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا