ئا / فەرمان- رێگای كوردستان

دوای ساڵانێک شەڕ و تێکۆشان لە دژی داعش و قۆناغێکی پڕ لە فیداکاری، رۆژئاوای کوردستان و هێزە کوردییەکان لەبەردەم قۆناخێکی نوێدان. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لە دیدارێكدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو،جەخت دەکاتەوە کە ئەو خەباتە بەفیڕۆ نەچووە، بەڵام هەمان کات دان بەوەش دەنێت کە بەراورد بە قوربانی و فیداکارییەکان، هێشتا ئەنجامەکان بە ئاستی خواستەکانی کورد نەگەیشتوون.

خەباتی کورد لە رۆژئاوای كوردستان
مەزڵووم عەبدی دان بەوەدا دەنێت کە بەراورد بە قوربانی و فیداکارییە گەورەکانی گەل، هێشتا ئەنجامەکان بە ئاستی خواستەکانی کورد نەگەیشتوون، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەو خەباتە بەفیڕۆ نەچووە. بەپێی ئەو، رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا، کە تایبەتمەندییە کوردییەکان لە بواری کارگێڕی و سەربازییەوە تێیدا قبووڵ کراوە، بەشێکە لە ئەنجامەکانی ئەو خەباتە.
مافەکانی کورد لە مافی دەستووری سوریا
عەبدی دەڵێت: ئەو رێککەوتنانە هەندێک دەستکەوتی گرنگیان بۆ کورد دروست کردووە، بەڵام بۆ ئەوەی ئەم دەستکەوتانە ببنە بەشێکی هەمیشەیی لە سووریای نوێ، دەبێت لە دەستووری داهاتوودا جێگیر بکرێن. ئەو پشت بەڵێن و بەدواداچوونی لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، بەڵام گەورەترین گەرەنتی بە یەکڕیزیی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان دەزانێت.
ئایندەی زمانی کوردی 
پرسی زمان بۆ عەبدی یەکێکە لە سەرەکیترین بابەتەکانی دانوستاندن لەگەڵ دیمەشق. ئەو دەڵێت: زمانی کوردی نابێت تەنیا ببێتە زمانی هەڵبژاردە، بەڵکو دەبێت وەک زمانی خوێندن لە ناوچە کوردییەکان بەردەوام بێت. لە هەمان کاتدا، ئامادەیی هەیە خوێندکارانی کورد زمانی عەرەبییش فێرببن و هەردوو زمانەکە بزانن. بەپێی وتەکانی ئەو، لەم بوارەدا پێشکەوتن هەیە.
داهاتووی پرسی نەوت لە رۆژئاوای كوردستان
بەپێی وەڵامی عەبدی، شوێنە نەوتییەکانی وەک ڕمێلان و سوێدییە کە پێشتر لە دەستی هێزە کوردییەکان بوون، بە شێوەی فەرمی رادەستی حکومەتی سووریا کراون. بەپێی قسەکانی ئەو، دۆسیەی نەوت ئێستا لەلایەن دەوڵەتی سووریاوە بەڕێوەدەبرێت و کۆمپانیا ئەمریکییەکانیش لەو بوارەدا کار دەکەن.
سەبارەت بە ئایندەی هەسەدە 

عەبدی دەڵێت: پرۆسەی تێکەڵبوونەوەی هەسەدە لە سوپای سووریا بەردەوامە، بەڵام ئەمە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی هێزەکە نییە. هێزە کوردییەکان دەبنە بەشێک لە سوپای سووریا، بە ناسنامەی کوردی و لە چوارچێوەی لیواکانی کورددا. بە بڕوای ئەو، ئەم شێوازە دەتوانێت هێزی کورد بپارێزێت و لە هەمان کاتدا کورد ببێتە بەشێکی فەرمی لە دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا.
مەترسی لەسەر رۆژئاوای کوردستان
مەزڵووم عەبدی هۆشداری دەدات کە مەترسی لەسەر رۆژئاوای کوردستان هێشتان هەر ماوە. بەپێی ئەو، تاوەکو رێککەوتنەکان بە تەواوی جێبەجێ نەکرێن و دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە، دەبێت مەترسییەکان لەبەرچاو بگیرێن. لە دیدی ئەوەوە، پاراستنی دەستکەوتەکان پێویستی بە خەبات و یەکڕیزیی کوردی هەیە.
سیستەمی سووریای داهاتوو 
عەبدی پێیوایە سیستەمی ناوەندی ناتوانێت چارەسەری کێشەکانی سووریا بێت، چونکە بە بڕوای ئەو، دەسەڵاتی ناوەندیی رەها لە سەردەمی بەعسدا بووەتە هۆی ستەم و خراپەکاری. بۆیە پشتیوانی لە سیستەمێکی لامەرکەزی دەکات و ئەوە بە گونجاوتر دەزانێت بۆ داهاتووی سووریا.
پێگەی باشووری کوردستان لە رۆژئاوا
لە کۆتاییدا، عەبدی دەڵێت پێویستی رۆژئاوا بە باشووری کوردستان لە جاران زیاترە، بە تایبەتی لە قۆناخی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی نوێدا. ئەو پێیوایە هەولێر و سلێمانی دەتوانن لە بواری سیاسی، دیپلۆماسی و وەبەرهێناندا رۆڵی زیاتر بگێڕن و لەگەڵ رۆژئاوا و دیمەشق هاوکاری بکەن.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا