
یەكێتی تۆپی پێی ئەوروپا، ناسراو بە یوفا،ئیدانەی هەڵسوكەوتی بێ ئیدارەیی هاندەرانی ئینتراخت فرانكفۆرتی كرد لە كاتی یارییەكەیان بەرامبەر بەرشەلۆنە لە یاریگای سپۆتیفای كامپ نو، دوای ئەوەی چاودێری زنجیرەیەك سەرپێچی كرد كە یانە ئەڵمانییەكەی خستووەتە ژێر وردبینی سزاكان.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، ئەو ڕووداوانەی لە یاریگاكەدا ڕوویانداوە بەرپرسانی یوفای لێ بێ ئاگا نەبوون، ئەوانیش لە نزیكەوە بەدواداچوونیان بۆ دیمەنەكە كردووە لەڕێگەی ڕاپۆرتە فەرمییەكانەوە كە ڕاستەوخۆ دوای كۆتاییهاتنی یارییەكە پێشكەشكرابوون، بۆیە سزایەكی توند چاوەڕێیان دەكات.
بەرشەلۆنە تەنها ڕێگەی بە دوو هەزار و 300هاندەر دابوو بچنە ئەو ناوچەیەی كە بۆ تیپی میوان دیاریكرابوو، لە بەرامبەردا نزیكەی هەزار هاندەری دیكەی فرانكفۆرت بەبێ بلیت لە یاریگاكە ئامادەبوون، سەرەڕای ئەوەی ڕێگرییان لێكرا بوو.
سپۆرت باسی لەوەكردووە، ئەو هاندەرانەی بەبێ بلیت چوونەتە نێو یاریگا، ئاژاوەیەكی زۆریان لەنێو هاندەراندا دروستكردووە، بە بەكارهێنانی چەندین كەرەستەی قەدەغەكراو.
هاندەرە بێ بلیتەكان چەندین بتڵیان فڕێداوەتە نێو یاریگای كامپ نو، هەروەها چەند جارێك هەوڵی داگیرساندنی بڵێسەی ئاگر و فڕێدانە نێو یاریگای كامپ نویان داوە، بەڵام لەلایەن ستافی ئەمنی یاریگایە رێگریان لێكراوە.