ڕووناک ئەڵماسی  

 
 

 له کاتی بەردانەوەی ئاوی بەنداوی سەردەشت تەرمی "هایدە حەسەن‌زاده‌" تەمەن ١٦ ساڵ لەکاتێکدا هەر دوو پێی بە بلۆکەوە بەسترابوو دۆزرایەوە. خێزانەکەی پێشووتر ڕایانگەیاندبوو کە کچەکەیان ڕای کردووە و بە بێدەنگی ماڵی بەجێهێشتوە و چووەتە دەرەوەی وڵات. باوکی هایدە حەسەن‌زادە لە کاتی دەست بەسەرکردنی، دانی بە کوشتنی کچەکەی دانا و ڕایگەیاند: «کچەکەم پابەندی ڕێنماییەکانم نەدەبوو و تا کاتێکی زۆر لە دەرەوەی ماڵ دەمایەوە، بۆیە خنکاندم»! هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ناوبراو بەهۆی دۆزرانەو بە دەست و دەموچاوی بەستراو لەوانەیە بە(زیندویی) خرابێتە ناو بەنداوکە! ئەمە بەشێکە لە دەیان و سەدان کارەساتی توندوتیژی لە بەرانبەر ژنان لە ناو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا... . ژنان لە بواری یاساییەوە چەندە بایەخیان هەیە؟ مادده‌كانی ١ و ٢ی ڕاگەیەندراوی جیهانی مافی مرۆڤ دەڵێت: «هەموو مرۆڤێک ئازاد لە دایک بووە و لە بواری کەرامەت و مافیشەوە دەبێ یەکسان بن». یەکێک لە گرنگترین نیشانەکانی پێشکەوتوویی وڵاتێک ئەوەیە کە ژنان چەندە ڕێز و گرنگییان لە کۆمەڵگەدا هەیە. بەداخەوە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، "کوشتنی نامووسی" (ژن کوشتن بە بیانووی شەرەف) هێشتا دیاردەیەکی باوە. ئەم کوشتنانە دەکرێت بە چەند بەش دابەش بکرێن: لە ناو ماڵەوە(خێزان)، لە دەرەوەی ماڵەوە و ئەو ژنانەی کە بە شێوەی خۆکوشتن، خۆیان لەو ژیانە ڕزگار دەکەن! کچەکان زیاتر قوربانی کوشتنە خیزانییەکان دەبن. ئەوانەی کە باوک یان براکانیان دەیانکووژن، یان ژنانی بەمێرد کە لەلایەن هاوسەر، برا یان نزیکەکانیانەوە دەکوژرێن. ئەم جۆرە کوشتنە کە پێی دەوترێت "کوشتن بەپاساوی نامووس"، ئەو پیاوانە بە ڕوانینێکی ئەرێنی سەیری دەکەن و شانازی پێوە دەکەن. ئەوان بە کوشتنی کچ یان ژنێک، ئەو «عەیب و عارە» کە لە نەریت و کلتووری ناوچەییدا هەیە، پاک دەکەنەوە و هەوڵ دەدەن جارێکی تر لە کۆمەڵگەدا لە بواری کۆمەڵایەتییەوە جێگە و پێگە بەدەست بهێننەوە. یەکێکی تر لەو کێشانەی کە لەئێستادا ژنانی کۆمەڵگە بۆ بەرەنگاری‌کردنی توندوتیژی دژی ژنان لەگەڵی ڕووبەڕوو دەبنەوە، کەمبوونەوەی سزای یاساییە بۆ ئەو باوکانەی منداڵەکانیان دەکوژرێن. بەپێی ماددەی ٣٠١ی یاسای سزای ئیسلامی، باوک دوای کوشتنی منداڵەکەی سزا (قەساس) نادرێت، بەڵام دیە (غەرامەی خوێن) و سزای زیندانی (سێ تا دە ساڵ)یان بەسەردا دەسەپێت. یاخود (مادەی ٦٣٠ی یاسای سزادان) وەک پاساوێکی یاسایی بۆ کوشتن بەکار دێت. ئەم یاسایە دەڵێت ئەگەر پیاوێک ژنەکەی لەکاتی خیانەتدا ببینێت، دەتوانێت لەو کاتەدا بەبێ هیچ پاساوێکی یاسایی بیکووژێت. ئەمە هۆکارێکە بۆ ئەوەی ڕێژەی کوشتن لە کۆمەڵگادا ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بێت. ژنان وەک نیوەی کۆمەڵگا لە ڕابردوودا، مافێکی کەمیان هەبوو. بەڵام لە دونیای سەردەم، هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی مافی ژنان دەستی پێکردووە و لە کۆمەڵگای ئێمەش ئەم گۆڕانکارییانە بەدیار کەوتوون. بەڵام زۆربوونی هەواڵی ژنکوشتن دەریدەخات که ئەم دیاردەیە، تەنیا ڕووکەشێکی شارستانییانەی بەخۆوە گرتووه، که وێنەیەکی جوان و سەردەمیانەیە و کۆمەڵگا هێشتا گیرۆدەی ئەو کلیشە کۆنانەی نێوان ژن و پیاوە. ڕووبەڕووبوونەوەی ژنی نوێ و سیستەمی کۆنی ڕەگەزی لە سەردەمی نوێدا، سیستەمی کۆمەڵایەتی هەڵگەڕانەوەی بەخۆیەوە بینی. خوێندنی ژنان ئازاد بوو، هەلی کارکردن بۆیان ڕەخسا و بە سەربەستیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و تاکەسی گەیشتن و لە ناسینی مافەکانیان بەئاگا هاتنەوە. لە ماوەی نیو سەدەی ڕابردوودا ژنان توانیویانە چەندین ماف بەدەست بهێنن و تواناکانی خۆیان بسەلمێنن. ژنان زیاتر دەنگیان هەیە و زیاتر دەیانهەوێت بڕیار لەسەر ژیانی خۆیان بدەن. بەڵام ئەمە ڕاستەوخۆ بە پێچەوانەی ئەو ڕۆڵە رەگەزییه بوو که پێشووتر ژن لە چوارچێوەی خێزاندا هێمای "پاراستنی شەڕەف" و ئابڕووی خێزان بوو. ئەمڕۆ پێویست ناکات ژن وەک ڕابردوو بەو شێوەیە پارێزەری شەرەفی خێزان بێت. سیستمی کۆن لە قۆناغی گۆڕانکاری دایە. ئەم دۆخەی ئێمە دەبینین لەبەر ئەوەیە کە "پارێزەرانی سیستەمی ڕەگەزیی کۆن"، گوشاری کۆمەڵایەتی دەخەنە سەر پیاوانی خێزان تاکوو ئەو ژنانەی کە لە دەرەوەی ئەو نەریتە کۆنە کار دەکەن به زەبر و زەنگ بگەڕێننەوە ناو ئەو چوارچێوە کۆنە. کاتێک ژنان تەسلیمی ئەو خواستە نابن، توشی تووندوتیژی و کوشتن دەبن. لە ئاکامدا سەلماندنی مافی یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵی کۆمەڵایەتی، مێژوویی و یاسایی  هەیە؛ هەرچەندە نە تەنیا بە  لێکۆڵینەوەیەک دەکرێت و نە کارێکی تاکەکەسییە.

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا