
(لە هاوکاری مرۆییەوە بۆ هاڕینی خەڵکەکەی)
ئازاد شکور
سەرباری ئەوەی ڕوداوە سروشتیەکەی چەمچەماڵ، ماڵوێرانی و کاولکارییەکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا، وە هاوشانیش دەربەدەربوونی هەزاران خێزانی لێکەوتەوە، لەگەڵ خۆیدا دەیان گرفتی دەروونی و نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی زۆریشی هێنا و بەری ڕەنجی هەزاران خێزانی لەگەڵ خۆیدا لوشدا، ئەمەش جێگەی نیگەرانی ملێونان ئینسانی بە ویژدانە؛ بەڵام ئەوەی جێگەی دڕدۆنگی و نیگەرانی زیاترە، یاریە ئاشکراو بێزراوەکەی دەسەڵاتی کوردییە کە لە سەر تەرم و جەستە و ڕوخسارە خەماوییەکانی خەڵکەکەی خۆیان ململانێکانیان یەکلایی دەکەنەوە.
دەسەڵاتی کوردی"، نەک هەر نەبوو بە دەرمانێک بۆ ساڕێژکردنەوەی برینە قوڵەکەی خەڵکەکەی خۆی، بە پێچەوانەوە زیاتر برینەکەی سوێتر کردەوە، تەنها و تەنها بۆ بەرزکردنەوەی کێرفی دەنگەکانیان، دەستیان بە ململانێ و کێبڕکێیەکی زۆر نا ئاکاری و نائەخلاقییانە کردووە، بەجۆرێک مەکینە میدیاییەکانیان بەتوندی چڕکردووەتەوە، ڕۆژانە سەتان خێزانی دڵشکاو و بریندار دەهێننە سەر تیڤیەکان و ناڵە و گریان و کڕوزانەوەکانیان پیشانی بینەر و تەواوی جیهان دەدەن، سەرباری ئەوەش کۆمەڵێک دەزگا و گروپی خەیری دروستکراوی خۆیان بە بەرچاوی ملێونان بینەرەوە، کەسایەتی و ئیرادەیان تێک دەشکێنن، لەگەڵ پێشکەشکردنی هاوکارییەکان ئیتر هەزاران وێنەیان بەهەموو لایەکدا بڵاو دەبێتەوە، ئەمەش بۆخۆی گەورەترین جۆری لۆبی حیزبیە، کەلە ژێر ناوی هاوکاری هەڵوێستەوە خزمەتی ئەجێندا حیزبیەکەی پێدەکەن، بەڵام چۆن لۆبییەک !! زۆر ناشرین و ناجۆر، کە دوورە لە هەموو پێوەرێک و پرنسیپێکی ئینسانی.
ئەوەی پیچێک سەردەری و شارەزایی فەلسەفەی ئەخڵاق بێت لەوە تێدەگات ئەو جۆرە کردەیانەی، کەناوی لێنراوە کردەیی خێرخوازی یان ڕووحیەتی هاوکاری، مادامەکی مەرجدار دەکرێت یان لە پێناو ئامانجێکی تایبەتی ئەنجام دەدرێت، بەهیچ پێودانگێک ناچێتە نێو زۆنی ئاکاری گەردونیەوە، دوور و نزیک لە نێو پرۆژە و بازنەی مۆڕاڵدا جێگەی نابێتەوە.
بەپێی ڕێسا گەردونیەکانیش "هەرکردەیەک ئەگەر باش و چەند فەزیڵەتداریش بێت، ئەگەر لەهەناوی خۆیدا باشەو چاکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرتبێت، بە باشە هەژمار ناکرێت"، بەڵکو بێزراوترین جۆری کردەیە، ئەگەرچی بە باشەش ڕووپۆش کرابێت، چونکی لەیاسای گشتی لایداوە.
ئەم ستایلی کارەش کە ئێستا بەهۆی زیانی دیاردە سرووشتیەکەوە پیادە دەکرێت، شکۆی جڤاتی بەتەواوی هەنجن کردووە ، لەبری ئەوەی هاوکاریەکان مرۆیانە و ئاکارگەرایانە بێت، ببێتە مایەی بۆژانەوەیان، بەڵام تێکیاندەشکێنێت .
"شکۆداری" وەک گەورەترین هێزی ناوەکی مرۆڤ، کەسەتان ساڵە چفاتی کوردەواری قوربانی و باجی گەورەی بۆی داوە، بەداخەوە لە ئێستادا هەوڵێک هەیە، بەناوی هاوکای و دەستگیرۆییەوە ئەو بەها گرنگ و هێزە ناوکیەش کە شکۆداریەکەیەتی لە خەڵکەکەی خۆیان وەربگرنەوە. مەرام لەپشت ئەم هەنگاوەنەش درووستکردنی کۆمەڵگایەکی بێئیرادەو بێ وزەیە، تاکو کۆمەڵگا وەک ئامرازێک لێبکەن بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە تایبەتیەکان، بەڵام ئەم هەوڵەی دەسەڵاتی کوردی هێندە هەوڵێکی ترسناک و مەترسیدارە، دەکرێت لە داهاتوودا کورد، وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ و خاوەن ئیرادە، بەهۆی لەدەستدانی ئەو هێزە ناوەکییەوە، نەیارانی کورد بتوانن تەواوی پیرۆزیەکانی کوردستان بخەنە ژێر هەیمەنەی خۆیانەوە، هەرمیلەتێکیش لە دونیادا گەر توانێبێتی نەیارەکانی بشکێنێت هەرگیز بەهۆی نابەرانبەری هێز نەبووە، بەڵکو بوونی ئەو هێزەناوەکیە بووە پێی دەوترێت ئیرادە یان شکۆمەندی.