محەمەد چاوشـــین


لە هەنگاوێکی مەزن و پڕ لە ژیاندۆستی و ژینگەپارێزیدا، خەڵکی گوندی(ئەلبانە) لە دەڤەری پشدەر، هەڵکەتوو لە بناری زنجیرە چیای (ئاسۆس)دا، بڕیاریاندا ڕاوکردن بە هەموو جۆرەکانیەوە قەدەغە بکەن،  هەروەها  بڕیاریشیان داوە کە ڕێگەش نەدەن هیچ کەسێک نە خەڵکی گوندەکە و نە دەرەوەی گوندەکەیان،  داری تەڕ ببڕێتەوە، ئەوەش وەکوو هەوڵێک لەپێناوی پاراستنی ژینگەدا.
لە یەکەم دیمەندا، ئەم هەنگاوەی خەڵکی ئازیزی گوندی ئەلبانە بە شتێکی ساکار دێتە بەر چاو، بەڵام لە ناوەرۆکدا ئەم کارە نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵی ژینگەیی خەڵکی ئەم گوندەیە.
ئەم تێگەیشتنەی خەڵکی ئەلبانە،  دەیسەلمێنێت کە پاراستنی زەوی و ژینگە، پێویستی تەنها بە بوونی یاساکانی دەوڵەت نییە بەڵکوو پێویستی زۆریشی بە یاسایەکی نەنووسراوی ناو ژیانی مرۆڤایەتییەوە هەیە کە پێی دەگوترێت ویژدانێکی زیندوو و  بە ئاگا کە لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و ئێستای مۆدێرنێتەی سەرمایەداریدا لەشکرێک لە خەڵک ئەو ویژدانەی نییە و بە شێوەیەکی دڕندانە پەلاماری ژینگە دەدەن.
ئەگەر کەمێک قووڵتر بەم بابەتەدا شۆڕ ببینەوە،  سیستمی سەرمایەداری، جیا لەوەی مرۆڤ وەکوو کاڵا دەبینێت بۆ قازانج، هاوکات بە هەمان دیدگاوە، لە سرووشت وەکوو سەرچاوەیەکی بێبەرانبەر دەڕوانێت بۆ چەوساندنەوە و پڕکردنی گیرفانی کەمینەیەکی چاوچنۆک.  دەرەنجامی ئەمەیش تێکچوونی هاوسەنگی نێوان مرۆڤ و ژینگەیە.
هەر بۆیە، ئەم هەنگاوەی خەڵکی گوندی ئەلبانە، پێمان دەڵێت:
 پاراستنی زەوی و ژینگە،  بەبێ تێکشکاندنی ئەو عەقڵییەتە سەرمایەدارییەی کە هەموو شتێک بە پارە و قازانج دەپێوێت، مەحاڵە، یان کارێکی نەکردەیە. 
جگە لەوەش، ئەم هەنگاوەی خەڵکی ئەم گوندە ئازیزە کە خۆم زۆریان لێ دەناسم، تەنها پاراستنی چەند دار و درەختێک و چەند ئاژەڵ و باڵندەیەکی کێوی نییە، بەڵکوو هەنگاو و هەوڵێکیشە بۆ ئاشتکردنەوەی مرۆڤ لەگەڵ سرووشتدا.
هیوادارم ئەم هۆشیارییە ببێتە کولتوور و ئیلهامبەخش بۆ تەواوی گوند و ناوچەکانی تری کوردستان، چونکە بۆ مانەوە و پاراستنی ژینگەکەمان، ئەوە تەنها ڕێگە ڕاستەکەیە کە زۆر ئاسان دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت. 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا