یەکێک لە مەترسییە هەرەکوشندەکانی ناو کایەی سیاسی و ململانێ و کێشمەکێشە ئابووریەکان ئەوەیە کە نیۆلیبراڵیزم نەک تەنها وەک مۆدێلێکی ئابووری، بەڵکو وەک فەلسەفەیەکی سیاسی و سیستمی حوکمڕانیی گشتگیر خۆی سەپاندووە و خەریکە بنەما بنەڕەتییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئاراستەی دەوڵەتەکان دادەڕێژێتەوە و دەیەوێ ببێتە وەڵامدەرەوەی قەیرانەکانی دەوڵەتی خۆشگوزەران و ئازادیی بازاڕ و کەمکردنەوەی دەستێوەردانەکانی دەوڵەت ، کە لە ڕابردوودا کاریگەری گرنگی هەبوو لەسەر کۆی پرۆسەی حوکمڕانی و ڕەهەندەکانی ئیدارەدانی کۆمەڵگە، بەڵام لەم سیستمەدا کە نیۆلیبراڵیزم ڕابەرایەتی دەکات حوکمڕانی لە ئەرکی خزمەتکردنی گشتییەوە گۆڕدراوە بۆ ئامرازێک لە خزمەت سەرمایەی جیھانی و کۆمپانیا فرەڕەگەزەکاندا، کە تێیدا هاووڵاتی دەبێتە تەنها بەکاربەرێک و کایەکانی تری ژیان دەبنە کاڵایەکی بازرگانیی ڕووت.
واتا یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکانی ئەم سیستمە لە کایەی حوکمڕانیدا، هەڵوەشاندنەوەی سیستماتیکی دەوڵەتی خۆشگوزەران و کەمکردنەوەی بەرپرسیارێتییە کۆمەڵایەتییەکانی دەوڵەتە بەرامبەر بە هاووڵاتییەکانی و لە سایەی ئەم سیاسەتەشدا،
خزمەتگوزاریە گشتیەکانی وەک تەندروستی، پەروەردە، نیشتەجێبوون و تەنانەت سەرچاوەکانی ئاو و ژینگە، لە مافی بنەڕەتیی هاووڵاتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ کاڵا کە تەنها ئەوانەی توانای کڕینیان هەیە دەتوانن دەستیان پێڕا بگات. لەولاشەوە هەرچی کەرتی گشتیە بەرەو تایبەتکردنی توند دەبرێن، و دەبنە خاوەن نرخی تایبەت، هاوکات چینە مامناوەند و کەمدرامەتەکان دەكەونە ژێر باری قورسی بژێوییەوە و تواناى دەستگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکانیان نامێنێت و ڕاستەوخۆ نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی بەرهەم دەهێنێت کە تێیدا مافی مانەوە و ژیانکردنی شکۆمەندانە دەبەسترێتەوە بە تواناى دارایی تاکەوە، نەک بە بوونی وەک هاووڵاتییەکی خاوەن ماف لە دەوڵەتدا.
جگە لەوەش بنەما مۆراڵی و مرۆییەکانی کۆمەڵگە دەشێوێنێت و هەموو بەهاکانی هاوکاری، سۆز و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی دەگۆڕێت بە لۆژیکی ڕکابەریی بێوچان و تاکگەراییەکی توند.
مرۆڤ لەم سیستمەدا تەنها وەک ژمارەیەک سەیر دەکرێت کە ڕۆڵی لە سووڕی بەرهەمهێنان و بەکاربردندا هەیە. تەنانەت چەمکی ئازادیش لە ناوەڕۆکە سیاسی و فکرییەکەی دادەماڵرێت و دەگۆڕێت بۆ تەنها ئازادیی کڕین و فرۆشتن لە بازاڕدا. 
لە ئاستی نیشتمانی و دەوڵەتیشدا، حوکمڕانی نیۆلیبراڵی دەوڵەتەکان، بەتایبەت لە وڵاتانی تازەگەشەسەندوودا، دەبەستێتەوە بە ئیرادە و مەرجەکانی دامەزراوە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان وەک سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی. ئەمەش سەروەریی سیاسی و ئابووریی نیشتمانی لەناو دەبات و دەوڵەت ناچار دەکات سیاسەتە ناوخۆییەکانی لەگەڵ بەرژەوەندیی بازاڕی جیهانیدا بگونجێنێت. ئەنجامی ئەمە دەبێتە هۆی بەتاڵانبردنی سامانی سروشتی، بڵاوبوونەوەی سیستمی گرێبەستی کورتخایەن و تێکدانی هاوسەنگیی ژینگەیی و ئابووریی ناوخۆ. هاوکات، لە کایەی کاردا، سیستمی نیۆلیبراڵ بە مەبەست سەندیکا و ڕێکخراوە پیشەیییەکان لاواز دەکات یان هەڵدەوەشێنێتەوە بۆ ئەوەی هێزی کار لەژێر مەرجی زۆر نادادپەروەردا بێدەنگ بێت و بێ دڵنیایی کۆمەڵایەتی بمێنێتەوە، کە ئەمەش مۆدێلێکی نوێی کۆیلایەتیی مۆدێرن بەرهەم دەهێنێت کە تێیدا کرێکار تەنها کەرەستەیەکی بەکاربردووە بۆ زیادکردنی قازانجی سەرمایەدار.
لە کۆتاییدا، ئەم دۆخە قەیرانێکی گەورە بۆ دیموکراسی دروست دەکات. کاتێک بڕیارە سیاسییەکان لەبری پەرلەمان و ئیرادەی گشتیی هاووڵاتییان، لە ژووری کۆمپانیا گەورەکان و لەلایەن هێزە ئابوورییەکانەوە دەردەچن، دیموکراسی دەبێتە فۆرمێکی ڕووکەش و بێ ناوەڕۆک. هاووڵاتی هەست دەکات دەنگ و بەشداریی سیاسیی هیچ بەهاو کاریگەرییەکی لەسەر ڕێڕەوی وڵات نییە و ناتوانێ گۆڕانکاری ڕیشەی بەرجەستە بکات ، چونکە ئاراستەی سەرەکیی دەوڵەت پاراستنی بەرژەوەندیی کەمینەیەکی خاوەن سەرمایەیە نەک دابینکردنی مافی زۆرینە و پێداویستیە خزمەتگوزاریەکان وەک ئەوەی لە هەندێ لە وڵاتانی خۆرئاوا دەبینرێ .
بەکورتی ئەوەشی  لێرە درکی پێدەکرێ و بووەتە مەترسی لەسەر داهاتووی ئەم کۆمەڵگەیە هەمان ئەو ڤایرۆسە کوشندەیەیە کە ئاماژەم پێکرد ، نیۆلیبراڵیزم وەک فۆڕمێکی ئابووری مەترسیدار تێکەڵاوی قۆرخکاریی حیزبی و سەرمایەداریی مشەخۆری هەردوو زۆنی زەرد و سەوز بووە و جگە لە بەرهەمهێنانی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئابووری ڕیعی فەوزایەکی مەترسیداری سیاسی و ناسەقامگیری ناوخۆی خولقاندوە. ئەم لۆژیکە بازاڕییە توندە، خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک تەندروستی و پەروەردەی لە بنەوە هەڵتەکاندوە و بێگوێدانە ڕیشە مرۆییەکەی کردوونی بە کاڵا، چینی مامناوەند و هەژاری پەراوێز خستووە،  مافی هاووڵاتیبوونی بەستووەتەوە بە توانای داراییەوە. پەیڕەوکردنی گرێبەستی بێدڵنیایی و پشتگوێخستنی کەرتی گشتی، کۆمەڵگەی بەرەو بێدەرەتانی و لێکترازانی دەروونی و دەسەڵاتێکی سیاسیی لاواز بردوە، کە تێیدا بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی کەمینەیەکی خاوەن سەرمایەدا یەکلا دەبنەوە و باقی کۆمەڵگە خراوەتە پەراوێزەوە.
لەبەرانبەریشدا ژینگەی حوکمڕانی و پانتایە کۆمەڵایەتیەکە بۆتە مەیدانێکی کراوە بۆ قۆرخکاریی کۆمپانیا حیزبی و ناخۆییەکان و سەرمایەداریی مشەخۆر، کە تێیدا کەرتی گشتی پەراوێز خستووە و مافی هاووڵاتییانی خستووەتە مەترسییەوە. لەولاشەوە نەك هەر ئابووریی ناوخۆی بەرەو داڕمان بردووە، بەڵکو کۆمەڵگەی بەرەو هەژارییەکی قووڵ، بێدەرەتانیی و لێکترازانی تەواوی کۆمەڵایەتی پاڵناوە و سەرجەم بنەما مرۆییەکانی کردۆتە قوربانیی ئەو قازانجە بازاڕیەی کە نیۆلیبراڵیزم خاوەندارێتی دەکات.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا