ئامادەکردنی:مەغدید حاجی

دوو سەرنج لە بری پێشەکی:

 1- هەر کاتێ لەسەر مامۆستایەکی تێکۆشەری دیبەگەیی دەنووسین، دیبەگە و دیبەگەییەکانمان  دێنە پێش چاو، مێژووی کەندێناوەمان  دێتە پێش چاو، کە ئەم ناوچەیە وەکو زۆر ناوچەی دی کوردستان، چەندین تێکۆشەری نیشتمانپەروەری دڵسۆزی پێشکەش بە پرۆسەی پەروەردە و بزووتنەوەی نیشتمانی و کوردایەتی لە باشووری کوردستان کردووە. بە گشتی دیبەگەییەکان وەکو دڵسۆزانی هەمو شارو شارۆچکەکانی وڵاتە خۆشەویستەکەمان جێگای ڕێزو شانازین.هەر ئاوەدان بێت دیبەگەو کەندێناوە.

 2- کە دەستم کرد بە ئامادەکردنی ژیاننامەی مامۆستا (مەلاخدر)، دەبوو بگەڕێمەوە بۆ سەر ئەو لیستە مێژووییە، ئەو لیستە پڕ لە سەروەرییە، ئەو ئەمر ئیدارییەی لە مانگی شوباتی 1979 لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دەرچووە،ئەو ئەمر ئیدارییەش بریتییە لە جێبەجێکردنی چەند برووسکەیەکی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق بە ژمارە(س/426 ٫ 423 ٫ 425 ٫ 427 ٫لە 3 ٫ 4 / شوبات/1979 بە گوێرەی ئەم فەرمان و برووسکانە بڕیار دراوە بە گواستنەوەی ڕاژەی (14) مامۆستای تێکۆشەری شیوعی لە سەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە بۆ سەر میلاکی چەند وەزارەتێکی دی و دوورخستنەوەیان لە پیشەی مامۆستایی و لە هەمان کاتدا دوورخستنەوەیان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق، هۆکارەکەشی ئەوەبوو کە ئەم مامۆستا بەڕێزانە خاوەن مێژووی نیشتمانپەروەری بوون، بە شیوعی ناسراوبوون، ئامادەنەبوون داواکاری حزبی بەعس جێبەجێبکەن و فۆڕمی چوونە ناو حزبی بەعس پڕبکەنەوە و ئامادە نەبوون بێبەریبوونی خۆیان لە مێژووی پڕ لە سەروەریان ڕابگەیەنن. هەروەها ڕژێم بۆ ئەوەی بوو  مامۆستایانی دی پێ بترسێنێ، تاکو تەسلیم بە ئیرادەی بەعسی فاشست بن، بەڵام ئەوەی جێگای شانازییە چۆن ئەم مامۆستا تێکۆشەرانە تەسلیم بە داخوازی بەعس نەبوون، زۆرینەی مامۆستایانی کوردستان خاوەن هەڵوێست بوون و خۆڕاگر بوون و بەردەوام فۆڕمی بەعسیان ڕەتدەکردەوە، تەسلیم بە ئیرادەی بەعسی فاشست و نۆکەرەکانیان نەدەبوون و بەردەوام بوون لەسەر پەروەردەکردنی منداڵانی کوردستان بە بیروباوەڕی نیشتمانی و کوردایەتی..

 دەبوو بەڕێوە بەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێرو یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری 1991 و لە گۆڕنانی ڕژێمی بەعس لە کوردستان ، ڕێزلێنانی تایبەتی پێشکەش بەم مامۆستا تێکۆشەرە دوورخراوانە بکردایە، ئەمانەی خوارەوە ناوەکانیانن کە پێویستە بە ئاوی زێڕ بنووسرێتەوە:( م. حوسێن قادر ئەحمەد، م. محەمەد عومەر یەعقوب، خدر تاهیر خدر، عارەب -ئازاد- مەولود خدر، سامیە شاکر سادق، حەبیبە مستەفا مەزهەر، نەسرین شاکر سادق، یونس بیرو محەمەد، ئەحمەد محەمەد ساڵح، لەشکری یابە مەولود، تاهیر عەلی مستەفا، سیامەند تاهیر یوسف، کەمال حاجی ئیبراهیم، محەمەد عەلی محەمەد) .ئەوانەی کۆچی دواییان کردووە یادیان بەخێر و هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکیان، ئەوانەی لە کاروانی ژیان بەردەوامن هیوای تەمەندرێژیان بۆ دەخوازین بە تەندروستی باش.

  ٭ کورتەیەک لە ژیان و خەباتی مامۆستا خدر:

 ناوی تەواوی: خدر تاهیر خدر محەمەد

 ناوی دایکی: ئامینە عەلی محەمەد

مامۆستا خدر لە ساڵی 1952 لە شارەدێی دیبەگە سەر بە قەزای مەخمور لە دایکبووە.

 لە ساڵی خوێندنی(1964-1965) قۆناغی سەرەتایی و لە ساڵی خوێندنی (1967-1968) قۆناغی ناوەندی خوێندنی لە دیبەگە تەواوکردەوە.

 لە ساڵی خوێندنی (1968-1969) لە ئامادەیی کشتوکاڵی هەولێر وەرگیراوە و لە ساڵی (1970-1971) تەواوی کردووە.

 دوای تەواوکردنی ئامادەیی کشتوکاڵ ساڵ و نیوێک سەربازی ئیجباری کردووە.

 لە ساڵی 1974 لە خولێکی ئامادەکردنی مامۆستایان لە شاری بەغدا کە لە پەیمانگەی پێگەیاندنی مامۆستایان کراوەتەوە، بەشداربووە.ماوەی خولەکە سێ مانگ بوو. کە خولەکەی تەواوکردووە گەڕاوەتەوە بۆ شاری هەولێر و لە ڕێکەوتی 26-3-1974 فەرمانی دامەزراندنی بە مامۆستای سەرەتایی لە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی هەولێڕ دەرچووەو بۆ یەکەمجار وەکو مامۆستا لە قوتابخانەی جدیدە سەربە قەزای مەخمور  دامەزراوە. سێ ساڵ وەکو مامۆستا لەم قوتابخانەیە خزمەتی پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی کردووە.

 لە ساڵی 1978 بۆ قوتابخانەی گوندی چەڵتوک سەر بە ناحیەی دیبەگە گوازراوەتەوە.

لە ڕێکەوتی 6-2-1979 بە فەرمانی کارگێڕی بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی هەولێر ژمارە/س/84 بەهۆی سیاسی ڕاژەی لە وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتی ئاودێری گوازراوەتەوە و یەکەمجار ڕەوانەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو کراوە لە شاری بەغدا، دوای 10 ڕۆژ لەگەڵ مامۆستا هاوڕێکانی:( محەمەد عومەر، حوسێن حاجی قادر، ئازاد مەولود، ئازاد حەمدی) نەقلی پڕۆژەی ئاودێری (الثرثار)یان کردون لە قەزای فەلوجە.لە دوای 6 مانگ بە فەرمانێکی وزاری کە لە بەغدا دەرچووە بۆ شاری (ڕمادی)ان گواستوونەتەوە. لە ڕمادی ژیان و گوزەرانیان زۆر نالەبار بووە، یەکێکیان(م.ئازاد مەولود) چۆتە وەزارەت لە بەغدا  شەکوای بارودۆخی نالەباری خۆیانی کردووە، ڕەزامەندی وەرگرتووە بۆ تکریت بگوازرێنەوە و چوونەتە تکریت و لەوێ دەست باکاربووینە.

 مامۆستا خدر لە پسپۆڕی کارەکەی شارەزایی پەیدا کردووە و جددی بووە لە وەزیفە و ئیشکردن، بۆیە کراوە بە بەڕێوەبەری هۆبەی ئاودێری تکریت و تاکو ساڵی 2006 لەم شوێنە ماوەتەوە.

 لە ساڵی2006 گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و یەکەمجار بۆ شاری سلێمانی گوازراوەتەوە، لە دوای سلێمانی بۆ قەزای کۆیە گوازراوەتەوە، چەند مانگێک لە کویە ماوە ئینجا بۆ شاری هەولێر بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ژێر زەوی گوازراوەتەوەو تاکو ساڵی 2014 لەم شوێنە دەستبەکار بووە ئینجا بە گوێرەی یاسای تەمەن خانەنشینکراوە.

 ٭ پوختەیەک لە هەڵوێست و ڕۆڵی سیاسی مامۆستا:

 م. خدر دیبەگەیی لە ئامێزی خێزانێکی هەژار و ڕەنجدەر پەروەردەکراوە، باوکی بە کرێکاری و سەپانی و ماندوبوونێکی زۆر منداڵەکانی گەورە کردوون. مام تاهیر، وەکو مرۆڤێکی چەوساوە و ڕق ئەستوور لە بەرانبەر زوڵمی چینایەتی و دەسەڵاتی دیکتاتۆری لە ساڵی 1960 پەیوەندی بە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراق کردووەو هەرگیز سەری بۆ دوژمنانی حزبەکەی دانەنواندووە.

 لە ساڵی1974 دوای ئەوەی حزبی شیوعی لەگەڵ حزبی بەعس بەرەی نا موبارەکی تەممووزی 1973 ێیان  پێکهێناوە، پارتی دەستی کردووە بە هێرشکردن بۆ سەر شیوعییەکان لە دیبەگە و زۆر شوێنی دی لە باشووری کوردستان، باوکی مامۆستا خدر ناچار باری کردووە بۆ گوندەکانی خدر جیجە و عەدلە و قەزای مەخمور. دوای ماوەیەک گەڕاوەتەوە بۆ دیبەگە.

مامۆستا خدریش بەخۆی هەر لەو کاتەی قوتابی بووە  لە ئامادەیی کشتوکاڵ پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی گشتی قوتابیان و حزبی شیوعی پەیدا کردووە و لە ڕیزەکانیان خەباتی کردووە. بە خۆی دەفەرموێ:" لە زۆربەی خۆپیشاندانەکانی هەولێر لەگەڵ هاوڕێیانم عەبدوڵلا شەریف و ناسح حەمەدەمین و مەحمود خدر...) یادیان بەخێر، بەشدار دەبووین. لە ژیانمدا خیانەتم لە کەس و لە حزبەکەم نەکردووە. بەڵام لەناو حزب لە دیبەگە خیانەتیان لێکردووم، کۆپی کۆنووسی کۆبوونەوەیەکی حزبیان تەسلیم بە بەعس کردووە، کوێخا حەسەن نەبوایە لە سێدارە دەدرام"!!

 دیارە مامۆستا خدرو زۆر لە هاوڕێکانی لەسەر هەڵوێست و بیروباوەڕیان مکوڕبوون و تەنازولیان بۆ ڕژێمی بەعس نەکردووە بۆیە لە شوباتی  1979لە پیشەی مامۆستایی دوورخراونەتەوە و بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق گوازراونەتەوە.

 تاکو ئێستا مامۆستا خدر دەستبەرداری بیروباوەڕەکەی نەبووە، شانازی بە مێژووی سیاسی خۆی و باوکی دەکات.

 ٭ باری کۆمەڵایەتی:

 مامۆستا خدر ساڵی 1968 هاوسەرگیری لەگەڵ خاتوو مریەم ڕەسوڵ کەریم ئەنجامداوەو بەرهەمی هاوسەرگیرییەکەیان نۆ منداڵە،پێنج کورو چوار کچ، بەم ناوانەی خوارەوە:

 1- گەوهەر،لەدایکبووی 1970

 2الهام،1976

 3- سهام،1976

4- بژار،1981

5- هەژار،1983

6- ڕێبوار،1985

7- شاڵاو،1988

8- تاهیر،1991

9- یوسف،1995

 هیوای تەمەندرێژی بە تەندروستی باش و ئاسوودەیی بۆ مامۆستا خدرو مریەم خانی هاوسەری و هەموو کوڕ و کچە بەڕێزەکانیان دەخوازین.

 ٭سەرچاوە: 1-مامۆستا خدر خۆی و بە سوپاسەوە وەڵامی هەموو پرسیارەکانی داومەتەوە.

2- م.ئازاد مەولود، بە سوپاسەوە وەڵامی چەند پرسیارێکی داومەتەوە..

لە مامۆستا تێکۆشەرەکانی کوردستان

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا