زیرەک کەمال 
 من هیچ سەرەدەرێک لە وەرزش دەرناکەم و شتێکی ئەوتۆی لەنبارەوە نازانم. نەک هەرئەوە بەڵکو کوردەواری گوتەنی لەو بوارەدا هەڕەی لە بڕەی ناکەم و لەعەربەی دنکەکی تێناگەم و بشمخەنە ناو پڕوسەی تاقیکردنەوەی وەرزشی، دڵنیام لەسەر سەد سفر دەهێنم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجاران لە کاتی سەیرکردنی یاری تۆپی پێدا لەگەڵ کچ و کوڕ و نەوەوکانم و هاوڕێکانم حەسرەتم بۆ دۆڕانی تیپێک و چەپڵەشم بۆ سەرکەوتنی هەمان تیپ لێ داوە، بۆی هەیە تۆی خوێنەریش بپرسی ئەی ئەگەر وایە و هیچ لەبارەی وەرزش نازانیت چیت داوە لەم باسە؟ ئاخر چۆلەکە خۆت چی و گۆشتاوت چی؟ بەڵام من بۆیە لەو بارەیەوە دەمەوێ شتێ بنووسم، ئەو ڕۆژەی لەگەڵ دکتۆر کەیفی کوڕم و نەوەکانم لەدیار یاری  (ئەتڵەتیکۆمەدرید و بەرشلۆنە) دانیشتبووم و لەو یاریەدا ئەتڵەتیکۆ سەرکەوت بەسەر بەرشلۆنەدا، (سان)ی نەوەم گوتی:یەک لەهۆکاری  دۆڕانەکە ئەوەبوو یەک لەیاریزانە سەرەکییەکانی بەرشە بەهۆی پێکرانەوە نەیتوانی بەشداری یاریەکە بکات ، بەڵام دکتۆر کەیفی کوڕم گوتی: تیپێکی ئازا و چالاک و گەورە نابێت لە غیابی یەک یاریزاندا لە گۆڕەپانی یاری شکست بهێنێت، ڕاستی  منیش هاوڕای بووم. دواتر کەیفی گوتی، بابە بۆچی گرنگییەکی ئەوتۆ بە وەرزش نادەی و وەکو پرسێکی پەراوێز سەیری دەکەی؟  گوتم: کوڕم من لەجوانی و گرنگی کاریگەری وەرزش لە ژیانی مرۆڤ تێدەگەم، بەس کە لە میدیاکان گوێبیستی ئەوە دەبم فڵان یاریزان بە ئەوەندە ملیۆن دۆلار یان یۆرۆیە کڕاوە یان فرۆشراوە، یەکسەر باڕاڕی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکانم بیر دەکەوێتەوە. دکتۆر کەیفی گوتی: ڕاستە هەمان بەزم و بازاڕە بەڵام بە جۆرەکی دیکە، ئەوجا ئەو بەزمە هاتیتە ناو زۆر مەجالی دیکە، ئەوەتا حزبەسیاسییەکانیش بەتایبەتی لە کاتی هەڵبژاردندا دۆست و ئەندامی یەکتری دەکڕن؟ منیش گوتم: ڕاستە بەڵام جاران دنیای وەرزش پڕبوو لە ئاشتەوایی و ڕوحییەتی قبوڵکردنی بردنەوە و دۆڕان، زۆرجاریش سیاسییەکان بۆ کردنەوە گرێکوێرە و پتەوکردنی ڕایەڵەی نێوانیان بە یەکتریان دەگوت با بە ڕوحییەتی وەرزشی مامەڵە لەگەڵ یەکتری بکەین، بەڵام ئێستا وەرزش و سیاسەت هەردوولا  خەریکی ئەوەن وەکو کۆمەڵێک تیپ تەنها یاری بردنەوە و دۆڕان بکەن وهیچی تر. بۆ بەدبەختیش من ماوەیەک لە خۆمەوە بوومەتە هاندەری ڕیاڵ و ناسکەی خێزانیشم هاندەرێکی سەرسەختی بەرشلۆنەیە، هەرجارێک ڕیال بدۆڕێت، ناسکە زڕدایکانە تاهێزی تیایە چەپۆکێکم پیادەکێشێت و دەڵێت توخوا ئەوەش تیپە تۆ هەتە؟ جارێکیشیان لە کاتی دۆڕانی بەرشە، ویستم بەئاستەم چەپۆکێکی پیا بکێشم، کەچی ناسکە پەنجەی ڕاوەشاند و گوتی: جارێکی تر کاریو وابکەی، یەک بەیەکی هەر بیست و پێنج ڕێکخراوی ژنان و ئافرەتانت لێ ئاگادار دەکەمەوە. خۆشتان دەزانن من ئازام و زوڵم قبوڵناکەم بۆیە بەناسکەم گوت مادام وایە حەواڵەی خوای بی.

powered by social2s

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا