
نووسینی: هیوا عومەر
پرسی شۆڕشی دیجیتاڵی و زیرەکیی دەستکرد (AI)، یەکێکە لە ئاڵەنگاری و هەستیارترین پرسەکانی سەردەمی ئێستای مرۆڤایەتی. ئەم تەکنەلۆژیایە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و قووڵی لەسەر هزری مرۆڤ، شێوازی بیرکردنەوە، ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی و تەنانەت دەستکاریکردنی ئارەزوو و حەزە شاراوەکانیشمان داناوە. جگە لەوەش، کاریگەرییەکی بنەڕەتی لەسەر پەیکەری ژیانی کۆمەڵایەتی، لایەنی سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و خودی ململانێی چینایەتی دروست کردووە.
لەمڕۆدا، شۆڕشی دیجیتاڵی و میدیای نوێ، لەژێر هەژموونی سەرمایەداریی جیهانیدا، وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی "مرۆڤی بەکاربەر" و برەودان بە کولتووری "خەرجکردن" بەکاردەهێنرێت. ئەم پرۆسەیە دژ بە بنەماکانی دادپەروەری، یەکسانیخوازی و بەهاکانی هزری چەپ دەوەستێتەوە. سیستەمی سەرمایەداری لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی "هۆشیاریی ساختە" و شەرعیەتدان بە ژیانی ڕووکەش و چێژی کاتی، هەوڵ دەدات هەموو شتێک بکات بە کاڵا و خزمەتی کۆمپانیا زەبەلاحەکان بکات.
لەم هاوکێشەیەدا، بەداخەوە دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە بەشێوەیەکی گشتی و لە کوردستانیش بەتایبەتی، چەپ ئەم گۆڕەپانە گرنگەی بۆ هێزە سەرمایەدار، لیبراڵ و کۆنەپارێزەکان چۆڵکردووە. لەم ڕووەوە، هێزەکانی چەپ نەک هەر دواکەوتوون، بەڵکو مەترسیی پەراوێزخستنی تەواوەتییان لەسەرە ئەگەر بەخێرایی فریای خۆیان نەکەون.
لەو چوارچێوەیەدا، توێژینەوەکەی هاوڕێ (ڕزگار ئاکرێی) بە ناوی (الذکاء الاصطناعی الرأسمالي، تحدیات الیسار والبدائل المکنة) واتە: (زیرەکیی دەستکردی سەرمایەداری؛ بەرەنگارییەکانی چەپ و بەدیلی گونجاو)، سەرچاوەیەکی تیۆریی گرنگە بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە و داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی زانستی بۆ پڕۆژەی دیجیتاڵی چەپ.
لەسەر بنەمای گرنگی ئەم بابەتە، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ڕاگەیاندنی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەتی لەژێر ناونیشانی «بەرەو گۆڕانکاری و بەهێزکردنی ڕاگەیاندنی دیجیتاڵی - ژمارەیی چەپ» ئەنجام دا. ئەم هەنگاوە سەرەتایەکە بۆ ئەوەی پێویستییە هەنووکەییەکانی تر بێنە کایەوە، بەتایبەت چاکسازیکردن لە دیدگا و میکانیزمی کارکردن، نوێکردنەوەی شێوە و ناوەڕۆکی گوتاری سیاسی و پێشکەشکردنی چارەسەری واقعی بۆ قەیرانەکانی کۆمەڵگە لە ڕێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە.
سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی وزەی گەنجان، گەشەپێدانی توانای مرۆیی و بەکارهێنانی زمانێکی سادە و سەردەمییانە بۆ گەیاندنی پەیامەکان، مەحاڵە. میدیای چەپ دەبێت پردی پەیوەندی بێت لەگەڵ جەماوەر، نەک تەنها ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی بەیاننامە.
گرنگە جەخت لەوە بکەینەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە بە مانای تەسلیمبوون نییە بە دنیای مەجازی یان خۆقەتیسکرن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا؛ بەڵکو ڕێگایەکی نوێیە بۆ گەیشتن بە واقیعێکی گۆڕاو و برەودان بە خەبات لەناو جەرگەی ململانێ چینایەتییەکاندا.
ئەم پرسە بەشێکی دانەبڕاوە لە هەوڵی چەپەکان بۆ خۆتازەکردنەوە، چاکسازی و کرانەوە، بە ئامانجی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زیاتر لە سەردەمێکدا کە سەرمایەداری هەموو شتێکی بەکاڵا کردووە.
لە کۆتاییدا، گۆڕانکاری و پێشکەشکردنی بەدیل لە واقیعی ئەمڕۆماندا، نابێت تەنها لە دروشمدا کورت بکرێتەوە. ئەمە پڕۆسەیەکی دوورودرێژە و پێویستی بە پشوودرێژی، کارکردنی بەردەوام و دۆزینەوە و چارەسەرکردنی خاڵە لاوازەکانمان هەیە، کە دەبێت بوێرانە لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین.