نووسێنی / زیرەک کەمال

 

ساڵانی زوو لە گوندەکەی ئێمە زستانان دووکەڵی سەربانی سۆباکان و هۆهۆی جوتیار و شمشاڵی شەوینی شوانەکان و باعەباعی کاروبەرخ و قووقەی کەڵەشێر لە وەرزەکانی تر نیشانە و هێمای بەردەوامی ژیان بوون. 

هەر لە گوندەکەمان سەرەڕای دڵڕفێنی و دیمەنی سروشتە ئەفسووناویەکەی، هەروەها ڕاستگۆییش نەریتێکی جوان و ڕێزلێگیراوی ناو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان بوو. بە بیرمە لە سەردەمی منداڵیمەوە تا باخۆش بووم و لەسەر ڕووخساری خەڵک  وەکو گەنج خۆم بینی، درۆ و دەلەسە و دووڕوویی دەگمەن بوو یان زۆر زۆر کەم بوو،

 چونکە لای خەڵکی گوند نەریتێکی قێزەون و ڕێزلێنەگیراو و ڕەتکراوەبوو. ئەگەر کەسێکیش ویستبای قسەیەک بە درۆ بکات، ئەوا لە ترسی ئاشکرابوون وەهای دەپێچایەوە و وەهاپێچەبەدەورانی پێدەکرد کەوا کەس هەستی پێنەکات. ئاخر ئەوساکە منیش منداڵ بووم، هێشتا دەستی ڕاست وچەپی خۆم نەدەناسی، دایکم پێی دەگوتم درۆ دوژمنی خوایە.

 ئەو ساڵە گوندەکەی ئێمە کە ئاوا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی درۆ بە نەفرەت دەکراو  درۆزن بەسووک سەیردەکرا، بەشی هەرەزۆری دانیشتوانی گوند نەخوێندەواربوون، کەچی ئێستا من لە گەورەترین و قەڵەباڵغترین شاری وڵاتەکەم دەژیم و زۆربەی زۆری خاوەن بڕوانامەن، کەچی بەداخەوە دووڕوویی و درۆکردن، بەشێکی زۆری  ڕایەڵەی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی داپۆشیوە،

 کەوتووینە ناو دۆخ و سەردەمێک، کە درۆ و دووڕوویی تەنگی بەڕاستی و ڕاستگۆیی هەڵچنیوە. ئاخر سەردەمی ئێستا جۆرە مرۆڤێکی بەرهەم هێناوە، کە لەڕاڕەوەکان و کوچە و کۆڵانەکاندا دەتبینێت، بە پێکەنینەوە تەوقەت لەگەڵ دەکات و بەوپەڕی شەوقەوە لە باوەشت دەگرێت، کەچی هەر بۆ شەوەکەی لە

لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک شرتوشۆت دەشکێنێت و بەوپەڕی دڵڕەقی پەلامارت دەدا،  بەڵام کاتێ دەتگاتێ و دەست خۆشت لێ دەکات بۆ ئەوەی کردووتە یان ئەو وتارەی نووسیوتە، کەچی لە کۆمێنت و سەرنج پێچەوانەکەی دەنووسێت.

 بەڵئ خوێنەری ئازیز لەو سەردەمە جۆرە مرۆڤێک دەبینین ئەگەر بە ئارەزووی ئەو نەجووڵێتەوە و  نەنووسیت و قسەنەکەی، کورتوپوخت بە تەشی ئەو نەڕێسیت و بەپیکی ئەو لێ نەدەی، ئەوا لە کۆمێنتی فەیسبووکی دەتکات بە پیاوی ئەم وئەو و دەتکات بەسیخوڕی هەرچوار دەوڵەت.  فەتۆ کە هەرکەسێک بیناسێت دەزانێت درۆزن و درۆزانە، ماوەیەک لە فەیسبووک بە منیەوە گرتبوو، بەڕاست و چەپدا درۆی بەدەمەوە دەکردم. دەلەسە و تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستم، کەچی ئەو ڕۆژەی بەڕێکەوت لە شوێنێک بینیم،  یەکسەر باوەشی پێداکردم و چوارماچی مزری لێکردم.

 لە هەمووی سەیرتر دواتر زانیم فەتۆ ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی ڕاستگۆیەکانی وڵاتە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا