هەندرێن ئەحمەد

1

دوای دووساڵ دواخستنی هەڵبژاردن، بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی، رێگا خۆشكرا دادگەی بەناوی ئیتحادی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان خولی پێنجەم بدات، واتە هەموو ئەویاسا و بڕیارانەشی دەریكردبوو هەموو هەڵوەشایەوە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ‌و راپرسی هەرێمی كوردستانیش بەهۆی بەسەرچوونی ماوەییاسایی ئەنجومەنی كۆمسیارانی لەكار كەوت و ئەوەش وایكرد، كۆمسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بكات.

2

یەكێتی نیشتمانی ، لەگفتوگۆ و سیاسەتی رەسمكراوی خۆیدا، وای نیشاندا، یان ئەوەتا یاسای هەڵبژاردن بگۆڕدرێت یاخود هەڵبژاردن بەهیچ شێویەك ئەنجام نادرێت،یەكێتی داوای دەكرد، كە هەڵبژاردن لەیەك بازنەییەوە بكرێتە چوار یان زیادتر ، كورسی كۆتا نەمێنێت یان بەشی ئەویشی تێدا بێ، لەسەر ئەوە لەگەڵ پارتی نەگەیشتنە ئەنجام ، پارتیش لەبەر ئەوەی جۆری هەڵبژاردنەكە لەبەرژەوەندی ئەو بوو، نەچووە دانوستاندن لەگەڵ یەكێتی و رەنگە ئەگەر راستەوخۆ پارتی و یەكێتی رێكبكەوتنایە، بەو دیزاینەی كۆمسیۆنی بەغدا بەهۆی بڕیاری دادگەی ئیتحادی كە رۆڵی یاسادانانی دیت، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بگەیشتبانا رێككەوتنیكی باشتر.

3

هەڵبژاردنی 20ی ئۆكتۆبەر ، بەهەموو لێكدانەوەیەك ‌و پێشبینییەك، دیزاین كراوبوو، ئەوانەی رۆژانە من دەبینن، دەزانن من دوای بڕیارەكەی دادگەی بەناو ئیتحادی گۆتم ، كە ئەو بڕیارە وەها داڕێژراوە، وادەكات، هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 1992 بگەڕێنێتەوە، واتە بۆ سەردەمییەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دروستكردنەوەی هاوسەنگی هەردوو زۆنی زەرد و سەوز، سیاسەتی 50 بە 50 ، بەڵام بەشێوازێك، لەگەڵ ریزبەندی نوێ بگونجێت، من پێموابوو، كە ئێران و توركیا بەتەواوەتی لەسەر ئەم سیاسەتە هاوبیرن و ئەوەش بەرەو تونێلێكی بازنەییمان دەبات، كە لەداهاتوودا رێككەوتن لەسەر سیاسەتێكی كوردستانییەكگرتوو زۆر زەحمەت بێت، واتە هەڵبژاردنێكی دیزاینكراو. 

4

ئەویاسایەی هەڵبژاردنی پێ ئەنجامدرا، بۆ حزبی شیوعی كوردستان و حزبەكانی هاوشێوەی ، وەكو بڕیاری لەسێدارەدان وابوو، چونكە گۆڕینی هەڵبژاردن لەیەك بازنەییەوە دیموكراسیترە لە چەند بازنەیی، دەنگی هەموو رەوت و حزبە سیاسییەكان بەفیڕۆ ناچێت، هەرچی بڕیاری چوار بازنەیی بوو، وایكرد ، حزبی شیوعی بیر لە هاوپەیمانی بكاتەوە، كە دەچێتە ناو هاوپەیمانیش، كۆمەڵێك پێكناكۆكی پەیدا دەبێت، لەنێوان جۆر و شێوە و ئەو لایەنانەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەنجام دەدەی ‌و توانای دارایی و لەدواباریشدا، خودی ناكۆكی ناوخۆیی دروست دەبێت، هەروەها هەموو حزب ناتوانێت لەچوارچێوەی ئەویاسایەدا، بەباشی ئەدای سیاسەتی هەڵبژاردن بكات ‌و ئامادەكاری بۆ هاندانی گشتی بكات لەسەر دەنگدان بەو لیستە هاوپەیمانییە و بەكاندیدانی لەناو لیستەكەدا، ناكرێت چاوەڕێی ئەنجامی گەورەش بین ، ئەوە لێكدانەوەی واقعییە.

5

دەنگدەرانی حزبی شیوعی كوردستان، لەكەس و خانەوادە تێكۆشەر و پاكانە پێكدێت، كە بەدرێژایی ساڵانی خەبات بەشێوەیەك لەشێوەكان بەشدار و چاڵاكییان تێدا هەبووە، لەدوای راپەڕینیشەوە بنەكەی جەماوەری حزبی شیوعی هەر لەژێر فشاری دەروونی و بێبەشكردن و هەتا رادەی چەوساندنەوە دەژی ، بێ ئەوەی هیچ دەستكەوتێكیان لەحزب بوێت، هەر ئەوەندە داوایان هەیە كە ئیش و كاری رۆژانە ‌و مافەكانیان وەكو هاووڵاتییەكی كوردستان بۆ جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەداخەوە حزب نەیتوانیوە ئەو داوایە جێبەجێ بكات، چونكە سیاسەتی ئەوەبووە كە پێویستە كوردستان بۆ هەموو هاووڵاتییان بێت، ئەو سیاسەتە راستە بەڵام زیانی بە بنكەی جەماوەری حزب گەیاندووە، چونكە حزبەكانی دیكە وەها سیاسەت ناكەن. لەلایەكی دیكەدا، ئەوانەی دەنگدەری حزبی شیوعی كوردستانن، رێژەی تەمەنیان لەسەرووی 50 ساڵییەوەیە، واتە خانەوادەكان رۆژ بەرۆژ لەپشتگیری حزب دادەبڕێن و ژمارەیان كەمدەبێتەوە، لەو بابەتەدا، بەبۆچوونی من ،دەنگدەری حزبی شیوعی ، زۆر ماندوو و هیلاكە، زۆر بەسادەیی لەگەڵ حزبەكەیەتی، بەڵام لەكوردستان بەهۆی نەبوونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی و زۆڵمی زۆر لەحزب و جەماوەرەكەی دەكرێت، ئەمەش وادەكات رێژەی دەنگدەری حزب لەهەڵبژاردنێكەوە بۆیەكی دی ، كەمتر ببنەوە.

6

بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوون، كە لەسەركردایەتی حزب بڕیاری لەسەر درا، یەكێك لەبڕیارە هەڵە و گەورەكان بوو، چونكە بوونی حزبی شیوعی لەناو پێگەی دەسەڵات، بەقازانجی حزب و بوونی و بنكەی جەماوەرییەكەی دەگەڕێتەوە، چوونە ریزی ئۆپۆزسیۆن، بۆ حزب بە زیان دەگەڕێتەوە، چونكە ئەوبەرەیە، لەسەر بنەمای گوتاری پۆپۆلیستی بونیادنراوە، ئەوەتە گۆڕانی سەردەمی نەوشێروان ببینن، ئێستاش سەیری بكەن، چۆن لەبەین چوو، سەیری نەوەی نوێ بكەن، هیچ نەماوە نەیڵێ ، راستە دەنگی زۆری بەدەستهێناوە بەڵام كەمترە لەسەردەمی گۆڕانی نەوشێروان، بەڵام هەر ناتوانێت هیچ بكات، چونكە كاسبییەكەیان بۆ داهاتووی گەل نییە بەڵكو سیاسەتێكە دیزاینكراوە و بۆ ئیتسهلاكی ناوخۆییە، ئەوە بۆ حزبی شیوعی ناگونجێت، وەرن سەیری گوتاری بانگێشەی هەڵبژاردنییەكێتی بكەن كە سی ساڵە شەریكی پارتییە، لە دەستكەوتی ناو حكومەت و دەسەڵات هەتا دەگاتە شەڕی ناوخۆ، بەڵام بەدیزاینی ئێستای سیاسەت لەعێراق و كوردستان، گوتاری ئۆپۆزسیۆنبوونی بەرزكردەوە كەچی خۆی لەحكومەتدایە، ئەمە ئەگەر پۆپۆلیستی نەبێت، ئەگەر هەوڵی گەوجاندنی جەماوەر نەبێت، ئەدی چییە؟ من وای دەبینم پێویست بوو حزب لەناو حكومەت بمێنێت، هەوڵی رازیكردنی بنكەی جەماوەری حزبی بدایە، وەرن سەیری دەنگی حزبی سۆسیال دیموكرات بكەن كە هاوپەیمانمان بوو، چۆن دەنگی بەرزبۆتەوە، كەچی لەحكومەتیش بوو، نەك ئۆپۆزسیۆن!!.

7

حزبی شیوعی كوردستان چی بكات؟ ، دوای ئەوەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی 2024، راگەیێنرا، بەشێك لەهاوڕێیان و زۆرێك لەدەنگدەرانی حزب دووچاری شۆك هاتوون لەو رێژە دەنگەی كە كاندیدەكانمان بەدەستییان هێناوە؟، بەڵام لەراسیتدا، ئەوەندەی بەدەستهاتووە بۆمن چاوەڕوان كراوبوو، ئەوانەی رۆژانە كارم لەگەڵ دەكەن دەزانن، من پێشبینی ئەوەم دەكرد، ئێستا لەوبابەتەدا، پرسیاری گەورە ئەوەیە، حزب بۆ داهاتووی نزیك و دوور چی بكات؟، چونكە ئەو بابەتە پەیوەندی بەكەسێك و دوو كەس و سەركردایەتی حزبەوە نییە!  چونكە كەس نابێتە هۆكاری هەمووی و كەسیش نابێتە فریادڕەس، ئەوە بابەتێكی سیاسی-كۆمەڵگەییە، بابەتێكی سایكۆلۆژییە، بابەتێكی هزری و دەستەبژێرییە، نەك كێ لە سۆشیەڵ میدیا چ دەنووسێت؟.

بەبۆچوونی من، حزب لەبەردەمیەك سیناریۆدایە، ئەویش بیركردنەوەیە لەچۆنیەتی خۆ نوێكردنەوە، بەتایبەتی كە هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەكات، بەواقعی و بێ پێچ ‌و پەنا و موزایەدات، بتوانێت هەڵسەنگاندنێكی دروست بكات، دواتر پڕۆژەی رەوتێكی نوێی تێكۆشان رابگەیەنێت، كە بتوانێت هەموو كەس و گرووپ و لایەنێكی سیاسی چەپ و ماركسی و عەلمانی و دیموكراتخواز و عەدالەتخواز لەخۆی كۆبكاتەوە، چوارچێوەیەكی نوێ دروست بكات، ئەو كارەش لەسەر چەند بنەمایەك دەوەستێت، كە سەركردایەتی و كادیرانی حزب بە پشوودرێژی ‌و بە مرونەت و لێتێگەشتن مامەڵە لەگەڵ ئەم پڕۆژیە بكەن، ئەگەرنا هیچ ئەنجامێكی باشتر چاوەڕێ ناكرێ؟.

وتاری نووسەران