
دوای لافاو و کارەساتەکەی ئەمڕۆی چەمچەماڵ و دەوروبەری و زیانە گیانی و ماڵیەکان ،گروپی( ڕا) کە لە کەسانی ڕۆشنبیر و چالاکوانانی مەدەنی پێکهاتووە،لە بەیاننامەیەکدا، داوای دەست لەکار کێشانەوەی بەرپرسانی ئیدارەی شارەکە دەکەن.
دەست لەکار بکێشنەوە و مانەوەتان سوکایەتیە بە خەڵکی چەمچەماڵ
بەداخەوە ئەو قەزایەی لە ئێستادا ۱٥ ڕۆژ جارێک ئاوی خواردنەوەی پێ دەدرێت بەهۆی لافاوەوە خەڵکەکەی توشی زیانی گیانی و ماڵی زۆر هاتن و جارێکی تر ئەو ڕاستیە بۆ هەمووان دەرکەوت حکومەت و دەسڵات تەنها غاز و داهاتی چەمچەماڵی بەلاوە گرنگە نەک خەڵکەکەی.
هەرچەندە بڕی باران لە چەمچەماڵ هاوشێوەی ناوچەکانی تری هەرێم زۆر بووە بەڵام کارەساتەکەی چەمچەماڵ دەرئەنجامی کەمتەرخەمی و ناکارای بەرپرسەکانیەتی نەک ڕووداوی سروشتی .
لە ساڵانی ڕابردوو بەنداوێکی بچوک بۆ ڕێگری لە لافاو لە بناری مەقان دروست کراوە و بەنداوەکە بچوکە و تەنها لەکۆڵ کردنەوەی داواکاری خەڵکی چەمچەماڵ بووەو لە گوندەکانی سنورەکە هاوڵاتیان خۆیان دەیان بەنداوی لەوە گەورەتریان دروست کردووە و لە ساڵانی ڕابردوو چەند شیو و ڕێڕەوێکی ئاوی زیادە ڕۆی کراوەتە سەریان و دوو شیو لەبەر پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون ڕێڕەوەکەیان پڕ کراوەتەوەو و ڕێڕەوی ئاوی بەنداوەکە و خودی بەنداوەکە بەجۆرێک زیادە ڕۆی کراوەتە سەری خەزانی بەنداوەکە پڕ کراوەتەوەو خانو دروستکراوەو ڕێڕەوی ئاوی تەنیشت ڕێگای سلێمانی کەرکوک بە هۆی دوو ڕێگای پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی کۆمپانیایەک و بەنزینخانەیەک بەرتەسک کراوەتەوە و بەهۆیەوە ئاڕاستەی ئاو بۆ گەڕەکی سێگۆشەکەو ناو شار گۆڕدراوە.
هەموو ئەوانە بەبەرچاوی ئیدارەی ناکارای چەمچەماڵەوە کراوەو تەنانەت لەبری لێپرسینەوە خەریکی پۆشینی عەیب و عاری ئەو سەرمایەدار و کەسانەی هۆکاری ئەم کارەساتە بوون .
وەکو گروپی ڕا داوا دەکەین بەرپرسانی ئیداری چەمچەماڵ خۆیان هەست بە شکستەکەیان بکەن و چیتر نەبنە بار بەسەر خەڵکی بەشمەینەتی چەمچەماڵەوە.
حکومەتی هەرێمی بێ هەستی کوردستان وەک سزادانی خەڵک ئەم کۆمەڵە بەرپرسە ناکارایەی سەپاندوە بەسەر قەزایەکدا خاوەنی زۆرترین شەهید و ئەنفال و سامانی سروشتیەو سەرچاوەی کارەبا و غازی هەموو کوردستانە .
لە ئێستا بەدواوە مانەوەی هەر بەرپرسێکی ئەم شارە لەسەر کورسیەکەی سوکایەتیە بە خەڵکی چەمچەماڵ و دەست لەکارکێشانەوەیان باشترین بژاردەیە لە ئێستادا
گروپی ڕا
۹ی ۱۲ی ۲۰۲٥