قوربان عەباسی

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

 

چەمکی «باوک» لەئەدەب و سیاسەت، لەدەرەوەی ئەرکی بایۆلۆژی،بەدرێژایی مێژوو وەک میتافۆرێک بۆ دەسەڵات، یاسا و حەقیقەت کاریکردووە. ئەم وتارە بەڕوانگەیەکی ڕەچەڵەکناسانە، لەکاریگەریی ئەم چەمکەیلەسەر ئەدەب و سیاسەت کۆڵیوەتەوە و بەگەڕانەوە بۆ هزرەکانی فرۆید، لاکان، فۆکۆ و درێدا، وەک میکانیزمێکی دەسەڵات ڕەخنەیەکی بنەڕەتی لە باوکسالاریی دەگرێت. ئامانج، ئاشکراکردنی مێژووییبوون و بنیاتنانی ئەم چەمکە و پێویستی بیرکردنەوە لەنەخشەکانی دەسەڵات و گێڕانەوەیە. وەک هێمای دەسەڵات و گرەنتییاسا و سەرچاوەیڕاستی دەرکەوتووە.

ئەم وێنایە لە ئەدەب لە ئەفسانەکانی یۆنانییەوە تا ڕۆمانی نوێ و لە سیاسەتدا لە پاشایەتییەوە تا حکومەتی نوێ بەردەوام بووە. ڕەچەڵەکناسی ئەم چەمکە، بەوتەی فۆکۆ، ئاشکرایدەکات ئەوەی کە سروشتییە، بەرەنجامی پەیوەندییە مێژوویی – وتارییەکانی دەسەڵاتە.پرسیاری سەرەکی ئەم وتارە: چۆن "باوک" لە ئەدەب و سیاسەتدا گۆڕاوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵات و چ ئەگەرێک هەیە بۆڕەخنەکردن و تێپەڕین لێی؟

باوک وەک بونیادنەری یاسا و حەقیقەت: لە ئەفسانەوە تا سیاسەت

چەمکی باوک، لەسەرەتای شارستانیەتەوە بەستراوەتەوە بەدەستپێکردن و ئەفراندن و دەسەڵاتی دادپەروەرەوە.لە ئەفسانە یۆنانییەکان، کرنوس بەقوتدانی منداڵەکانی هەوڵدەدات دەسەڵاتی باوکایەتی ڕەها بکات، گوایە دەبێت باوک بۆ پاراستنی دەسەڵات، نەوەی داهاتوو لەخۆیدا بتوێنێتەوە. زیۆس، کە لەباوکی یاخی دەبێت،بەڕووخاندنی نەک هەر دەسەڵات جڵەودەکات، بەڵکو یاسایەکی نوێ لەسەرهەمان مۆدێلی باوکایەتی دامەزراودادەنێت. ئەم قۆناخە دەریدەخات کە باوک لەئەفسانەدا بەردەوام سەرچاوەی یاسا و ڕێسای گەردوونییە، هەتا ئەگەر منداڵیش جێگەی بگرێتەوە.

بەچاوگێڕانێک بەنەریتە ئیبراهیمییەکان، پەیوەندی نێوان باوک و یاسا زیاتر ڕوونتر و ڕەهاتردەبێت. خوای ئیبراهیمی، هەم خالقە و هەم داوەریکۆتایی، خوا لەشوێنی باوکی ئاسمانی، نەک تەنیا ژیان دەبەخشێت، بەڵکو حەقیقەت دەناسێنێت و یاسا دەسەپێنێت. لێرەدا گوێڕایەڵکردنی باوک، چیدی تەنیا گوێڕایەڵکردنی خێزانی نییە، بەڵکو لەبەرامبەر حەقیقەتی ڕەهادایە. بەوتەی درێدا، پەیوەندی نێوان لۆگۆس (کەلام، عەقڵ، مانا) و باوک، ستراکچەرێک دادەمەزرێنێت کە هەمیشە باوکێکی سەروو مرۆیی و باڵاتر، ڕەوایەتی بەمانا دەدات. بۆیە، یاسا و حەقیقەت نەک لەگفتوگۆی مرۆڤەوە، بەڵکوڕیشەی بۆبڕیاری باوکایەتیی دەگەڕێتەوە.

ئەم ستراکچەرە لە سیاسەتی پێش مۆدێرنیشەوە بەرهەمهێنراوەتەوە. پادشا وەک "باوکی میللەت"، هەم خالقیڕێسای کۆمەڵایەتییە و هەم دادوەری چارەنوسی پەیڕەوانی. بڕیاری، بەشێوەیەکی نیمچە خوایی، لەدەرەوەیڕەخنە و پرسیارە. ئەم میتافۆرە لەسیستمی پاشایەتیدا ئەوەندە پێشکەوت، کە پاشایەتی بە «ظلّ‌الله» یان سێبەری خوا لێکدرایەوە. واتا باوکی سیاسی ڕەنگدانەوەی باوکی ئیلاهییە لەزەوی. ئەو پێگەیە، دەسەڵاتی نەک تەنیا بەهێزیزەبر، بەڵکو بەڕەوایەتی میتافیزیکییەوە گرێدا. پاشا یاسابوو، چونکە وەک باوک، سەرچاوەی لە حەقیقەت دەگرت.

ئەم بەریەککەوتنی ئەفسانەیە، ئیلاهیات و سیاسەت، چەمکی باوکی کردە بنەمای نەبینراوی دەسەڵات. پەیڕەویکردن لەدەسەڵات، چیدی پابەندیی کەسی نەبوو، بەڵکو شوناسێکی پیرۆز و گەردوونی هەبوو: کەسێک سەرپێچی لەبڕیاری باوک کردبا، نەک تەنها یاسا، ئاڵنگارییکردنی حەقیقەت و مانا بوو. لەم چوارچێوەیەدا، ڕەخنەی باوک تەنیا دژایەتی تاکێک نەبوو، بەڵکویاخیبوون بوو لەبنەمایماناناسی و بوونناسییەکانی کۆمەڵگا.هەرچۆنێکبێت، پەیوەندیی نێوان باوک، یاساو حەقیقەت و پاشەکشەی ڕێسا بوو. پەیوەندیی نێوان باوک، یاسا و حەقیقەت، تۆوی قەیرانیش بوو، چونکە گەر باوک سەرچاوەی مانایە، مردن یان غیاببوونی بەمانای بێحاڵ و ماڵی حەقیقەت و پاشەکشەی ڕێسا. هەمانشت کە بەسەر مۆدێرنیتە و پاشان پۆست مۆدێرنیتەهات:بەنەمانی دەسەڵاتی باوک، چ لەپانتایی ئیلاهیات، چ لەسیاسەتدا، بابەتەکە بەرەوڕووی بۆشایی حەقیقەتی ڕەها و قەیرانی یاسا بووەوە.

کاتێک نیچە وتی: «خوا مردووە»، ئەم قسەیە تەنیا کۆتاییهاتنی ئیمان ڕاناگەیەنێت، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ مردنی هەمان باوکی میتافیزیکی کە لەنەریتەکانی یۆنانی- جوو- مەسیحی، سەرچاوەی حەقیقەت و یاسا بوو. خوای ئیبراهیمی، وەک باوکی ئاسمان، هەمیشە گرەنتیکەری مانا، ئاکار و یاسا بووە. بەمردنی، کۆڵەکەی دەسەڵاتی باوکایەتی لەدنیادا شکا. ئەم مردنە، پاشەکشەی بونیادی «لۆگۆسیباوکایەتی»یە،چیدی هیچ حەقیقەتێک لە باڵا و هیچ یاسایەک لەسەرچاوەی پیرۆزدەرناکرێت،بەڵام نیچە ئەم پاشەکشەیە نەک تەنیا بەقەیران، بەڵکو بەدەرفەت دەبینێت: دەرفەتێک بۆ ئەفراندنی بەها نوێیەکان، بۆ سەرهەڵدانی بابەتێک کە چیدی پێویستی بە باوک و دەسەڵاتەکەی نییە. نیچە لە "وەهای وت زەردەشت"، باسی «مرۆڤی باڵاتر» دەکات کە خۆی دەبێتە خالقی مانا. بەمشێوەیە، نیچە پلانێک بۆ ڕزگاربوون لەسێبەری باوکیڕەها دادەنێت.

فۆکۆهەنگاوێکی دیکە دەهاوێت. نیشانیدەدات کە دەسەڵاتی باوکایەتی، دوای مردنی خوا و پاشەکشەی پاشایەتییە ڕەهاکان نەما، بەڵکو لەشێوەی تۆڕێکی دەسەڵاتی پەرشوبڵاودا بەرهەمهێنرایەوە.لەڕوانگەی فۆکۆوە، چیدی دەسەڵات تەنیا لەکەسایەتی باوکێکی بەدەسەڵاتدا یان پاشایەکدا ڕەنگناداتەوە، بەڵکو لەدامەزراوەکان، وتارەکان و دیسپلینەکانی ڕۆژانەدا کاردەکات. قوتابخانە، نەخۆشخانە، زیندان، سوپا و تەنانەت زانست، هەموویان باسکی جۆرێک «باوکی نەبینراو»ن،جەستە و مێشک ئارام دەکەنەوە. لەجیاتی یاسایەکی ڕەهای دانراوی باوک، ئێستا ئێمە بەرەوڕووی دیسپلینەکانی عەقڵ، بەڵام هەمەگیر بوینەوە کە بەهەمان توندیی پابەندکەرن. ئەم شیکارە دەریدەخات تەنانەت لەغیابی باوکی ئاشکرا، ستراکچەری باوکایەتی کاردەکات، تەنیا ڕوخساریان گۆڕیوە. چیدی باوک تاکە کەس نییە، بەڵکو تۆڕێکە لەپەیوەندییەکانی دەسەڵات وچووەتەناو ناخودئاگا، زمان و جەستەکانەوە.

نیچە بەمردنی خوا و فۆکۆ بەڕەخنەکردنی دامەزراوە دیسپلینەکان، هەر دوو باوک لەبونیادی حەقیقەت و یاسا دەهێننەخوارەوە، پەیدابوونی دنیایەک بەرەنجامی ئەم پەڕینەوەیە، کە هیچ دەسەڵاتێکی ڕەهای بۆ پشتپێدانەوە نییە، بەڵام ئەم نەبوونە، دوو ئاکامی هەیە:

  • ڕزگاربوون و ئەگەری ئەفراندنەوەی بەهاکان و ماناکان،
  • هاوکات، دڵەڕاوکێ و بێ ماڵ و حاڵ، چونکە سوبێکت باوکێکی نەماوە پەنای بۆ ببات.

بەمشێوەیە، ڕەخنەکانی نیچە و فۆکۆ دەریدەخەن کە مێژووی نوێ، مێژووی مردنی باوک بەئاشکراو گەڕانەوەی باوکی نهێنییە. باوک لەپێگەی خوای میتافیزیکی و پاشای سەر زەوی وەلانرا، بەڵام لە قاڵبە نوێیەکاندا – زمان، وتار، دامەزراوە – هێشتا سێبەری بەسەر ژیانی مرۆڤدا کردووە. پرسیاری بنەڕەتی ئەمڕۆ: لە ڕاستیدا دەتوانین لە باوک و دەسەڵاتی باوکایەتی ڕزگارمان بێت یان بڕیارلێدراوین تا هەمیشە لە ڕوخساری نوێدا بیناسینەوە؟

باوک لە ناخودئاگا و ئەدەبی نوێدا: لە قەدەغەکردنەوە بۆ ناوەکیکردنی زاڵبوون

فرۆید بەناساندنی گرێی ئۆدیب، باوکی لەڕۆڵێکی بایۆلۆژییەوە بەرزکردەوە بۆ پێگەیەکی دەروونشیکاری. لەم ئامرازە تیۆرییەدا، هاوکات باوک فاکتەری جیاکردنەوە و فۆرم پێدەری سوبێکتە: باوک بەقەدەغەکردنی پەیوەندی منداڵ بەدایکەوە، سنورێک دەکێشێت، تاک دەچێتە ناو شانشینی کلتوور و یاساوە. بەدەستەواژەیەکی دیکە، باوک هێندەی لەمپەری ڕێگای چێژی بێ نێوەندگیر، بونیادنەری ئەگەری قسەکردن، بیرکردنەوە و بەکۆمەڵایەتی بوونیشە، بەڵام لەم گواستنەوەیەدا، نرخێکی زۆر دەدرێت: سوبێکت بەقبوڵکردنی «ناوی باوک» یەکەم ئازادی خۆی دەکاتە قوربانی و بەردەوام لەژێر سێبەری یاسا و دەسەڵاتدا دەژیت.

لاکان بەسەرلەنوێ خوێندنەوەی فرۆید، چەمکی «ناوی باوک» دەکاتە سەنتەری بڕیار. بۆ لاکان، باوک تاکە کەسی واقیعی نییە، بەڵکوپێگەیەکی هێمایینە، چوونی منداڵ بۆناو ڕێسای زمانی و کۆمەڵایەتی ئاسان دەکات. زمان، خۆی ستراکچەری باوکایەتی هەیە، چونکە ڕێساو سنورێک دیاریدەکات سوبێکت ناچارە گوێڕایەڵی بێت. لەم ڕوانگەیەوە، هەر جارێک ئێمە قسەدەکەین، شوێنپێی باوک لەزماندا ئامادەیە و نەک تەنیا لەدەستەی ڕوخساری سوبێکتدا، بەڵکو لە یاسای قسە و مانادا بەرهەم دەهێنرێتەوە. بەمشێوەیە، باوک بە بەردەوامی لەناخودئاگادایە، تەنانەت ئەگەر غیابیش بێت.

ئەدەبی نوێ، بەتایبەت لەسەدەی بیستەم، بەوردیەکی بێوێنە ڕەخنەی لەم ئامادەبوونە قورسە گرتووە. لەنامەکەی بۆ باوکی کافکادا، باوک نەک تەنها دەسەڵاتی خێزان، بەڵکو ڕەنگدانەوەیەکە لەدەسەڵاتێکی شەپڵەلێدراو کە تاک لەجوغزی ترس و شەرمدا دەهێڵێتەوە. ئەو باوکە، هاوشێوەی یاسای ڕەها، بەر بەهەمو کڵاوڕۆژنەکانی ئازادی دەگرێت. هەمان مۆدێلی دەسەڵات لەڕۆمانی دادگادا دەبینرێت، شوێنێک کە یاسا، بێ ڕوخسار و نەبینراو، وەک باوکی غیاب، بەڵام لەهەموشوێنێک ئامادە، ژیانی تاک دیاریدەکات.

پرسی باوک لە بەرهەمەکانی جۆیس، بەتایبەت یۆلیۆس، گرێدراوە بە قەیرانی مۆدێرنیستی شوناسەوە: ستیڤن دیدالۆسلەغیابیباوکێکی بەدەسەڵاتدا، دەستوپەنجە لەگەڵ گەڕان بەدوای مانایەکی نوێ بۆ دەسەڵات نەرم دەکات. ئەم غیاببوونە نەک تەنها بۆشایی کەسی، بەڵکو پرسیارێکە بۆڕەوایەتی ڕێسا کلتووری و مانا نوێیەکانە.

ئەو گێڕانەوانە دەریدەخەن کە باوک لەئەدەبی نوێدا، تەنیا کەسایەتییەک نییە، بەڵکو ستراکچەرێکی بەناوەکیکراوی دەروون، زمان و کۆمەڵگایە، کە تەنانەت هێشتا لەغیابی تاکی باوکدا، کاردەکات. بەدەستەواژەیەکیتر، مۆدێرنیتە لەجیاتی سڕینەوەی باوک، گواستویەتییەوە بۆ ئاستێکی قووڵتر:باوک بۆ ناو زمان و ناخودئاگا، شوێنێک کە هێشتا یاسای نەنوسراوی ئامادەیە.

ئەم ئامادەبوونە، دووانەیەکی ناکۆک پێکدەهێنێت: لە لایەک، باوک گرەنتیکەری شوناس، زمان و کلتوورە، لەلاکەی دیکە، سەرچاوەی سەرکوتکردن و جوغزکێشانە. ئەدەبی نوێ، بەوێناکردنی ئەوناکۆکییە، باوک لەپێگەی «کاری سروشتی و پیرۆز» دەگۆڕێت بۆ سوبێکتی پرسیارکردن و ڕەخنە. بۆیە، دەتوانین بڵێین لەئەدەبی نوێدا، باوک وەک ئاسۆیەک بۆ قەیرانی مانا و ئازادی دەردەکەوێت، ئاسۆیەک کە بەبێ بەرکەوتە، هیچ ڕەخنەکردنێکی دەسەڵات و یاسا تەواو نابێت.

ئەگەر باوک لەئەدەبی نوێ هێشتا قورساییەکی قورس و سەرکوتکەرەــ چ لەڕوخساری باوکی غیاب (جۆیس) یانباوکی ئیفلیجکەر (کافکا) ــ لەئەدەبی پۆست مۆدێرندا، ئەو دەسەڵاتە زیاتر دەبێتە قەیران، ناجێگیری و هەتا تەنز. پۆست مۆدێرنیزم، بەوێرانکردنی گێڕانەوە گەورەکان و پرسیارکردن لە هەر دەسەڵاتێکیڕەها، پێگەی باوکیشی بردە ژێر پرسیار. لەم قۆناغەدا، چیدی باوک گرەنتیکەری حەقیقەت یان یاسا نییە، بەڵکو زیاتر گێڕانەوەیەکی کاتی، تێکشکێنەر و فرەیییە.

لەڕۆمانەکانی فیلیپڕۆتدا (هاوشێوەی میرات یان باوکێکی مردوو)،زۆر جار باوکەکان نەخۆش، پەککەوتە یان بێدەسەڵاتن. ئەم وێنایە، بەپێچەوانەی مۆدێلی کلاسیکی دەسەڵات، دەریدەخات باوک زیاتر بارێکە بەسەر شانی منداڵەکانەوە تا سەرچاوەبۆ ڕێنماییکردن.لێرەدا باوک، نەکیاسا، مردن و لاوازیی مرۆڤبیردەهێنێتەوە. ئەم داڕمانەڕەخنەیەکی ناڕاستەوخۆیە لە نەریتە پیاوسالارییەکان کە بانگەشەی سروشتی و نەگۆڕیدەسەڵاتی باوک دەکەن.

پۆڵ ئیستەر، بەتایبەت لەداهێنانی گۆشەگیریدا، ئەزمونی غیابی باوک دەگۆڕێت بۆ ئەزمونێکی بنەڕەتی سوبێکت. لێرەدا باوک نەئامادە و نەبەدەسەڵات، بەڵکو غیاب و مەتەڵە. سوبێکت لەهەوڵدانی بۆ تێگەیشتن لەشوناسی خۆی، بەردەوام بەرەوڕووی بۆشایی و بێگدەنگی باوک دەبێتەوە. بەمشێوەیە، باوک لە «یاسایەک»ەوە دەبێتە پرسیارێکی بێ وەڵام،پێگەیەک کە هەرگیز پڕناکرێتەوە و لەجیاتی دەسەڵات، کەلێن و دڵەڕاوکێ دروستدەکات.

باوک لەزۆربەی دەقە پۆست مۆدێرنەکاندا، بەشێوەی ئالودەبەتەنز یان پارۆد وێنا دەکرێت.ئەم تەنزە هەر تەنیا بۆ پێکەنین نا، بەڵکو بۆ ئاشکراکردنی بێ بنەمایی دەسەڵاتی باوکایەتییە. ئەو ڕێبازە دەریدەخات کە باوکسالاری چیدی ناتوانێت بانگەشەی بەپیرۆزکردن و یاسای ڕەها بکات، بەڵکو وەک ماسکێکی دەستکردی ڕوخساری دەسەڵات ئاشکرادەبێت. گەر باوک لەنەریتی نوێ وەک ناوێک جێگیرکەر بوو، پۆست مۆدێرنەکان بەپەیڕەویکردنی درێدا دەریدەخەن هەمیشەئەم ناوە دوادەکەوێت و دەخلیسکێت. «ناویباوک» چیدی گرەنتیکەری حەقیقەت نییە، بەڵکو شوێنپێیەکی نابەردەوامە هەرگیز جێگیرنابێت. لەم ڕوانگەیەوە، باوک زیاترلەوەی سەرچاوەی مانا بێت، شایەتحاڵی ئەگەری دەستنەگەیشتن بەسەرچاوەیەکی ڕەهایە. پەڕینەوە لە مۆدێرنیزم بۆ پۆست مۆدێرنیزم لەئەدەبدا، پەڕینەوەیە لەباوکێکی دەسەڵاتدار بۆ باوکێکی بێدەسەڵات. ئەگەر مۆدێرنیستەکان ئازار بەدەست قورسی و سەرکوتکردنی باوکەوە دەبینن، پۆست مۆدێرنیستەکان زیاتر یەکانگیری بۆشایی، غیاب و پاشەکشەی باوکن. ئەم گۆڕانە دەریدەخات چەمکی باوک، بەپێچەوانەی بانگەشەی نەریتەکانی باوکسالارانە، نەک پێویستییەکی سروشتی، بەڵکو بنیاتێکی کلتووری و مێژووییە کە بەپێی وتاری سەردەم دەگۆڕێت.

باوکسالاری لە سیاسەتینوێ: لەدەسەڵاتی ئاشکرا تا چاودێری دیسپلینی

زۆربەی سەرۆکە تۆتالیتارەکانیسەدەی بیستەم، لە مۆسۆلینی و ستالینەوە تا هیتلەر و ماو ــ بەخۆیان دەوت «باوکی میللەت». ئەو میتافۆرە، ئامرازێک بوو بۆ بەستنەوەی دەسەڵاتی تاکڕەویان بەپێویستییەکانی خەڵک، ئاسایش، چاودێریکردن و مانا. سەرۆکهەم پارێزگاریکردنە و هەم یاسا. ئەو «دەزانێت چ شتێک بۆ منداڵەکانی باشترینە» و بۆیە هەر دژایەتییەک، نەک وەک ڕەخنەی سیاسی ڕەوا، بەڵکو یاخیبونێکە لەخێزان و خیانەت بە «میللەت-منداڵ». ئەو بەرەنجامەیە هاوڵاتییان لەچالاکانی سیاسی ئازاد دەبن بە«منداڵانی بێدەسەڵات»، پەیوەست بە پاڵپشتیکردن و ڕازیبوونی باوک.

فۆکۆ نشانیدەدات کەدەسەڵاتی نوێ زیاترلەوەی بەتوندوتیژی ئاشکرا کاربکات، دەخزێتەناو تۆڕە دیسپلین و چاودێرییەکانەوە. میتافۆری باوکایەتیش ڕێک ئەو کاریگەرییەی هەیە:

  • باوک چاودێری دەکات: حکومەتی نوێ بە بەڵێنی خوێندن، تەندروستی، ئاسایش و خۆشگوزەرانی، بەڕوڵەت ڕوخسارێکی باوکایەتی و بەخشندە دەردەخات.
  • باوک بڕیاردەدات: ئەو چاودێریکردنە، بەهای خۆی هەیە: گوێڕایەڵی، بێدەنگی و قبوڵکردنی یاسا.
  • باوک سزادەدات: هەر کە«منداڵ» سەرپێچی بکات، یەکسەر دەسەڵاتی نەرم شوێنی خۆی دەداتە توندوتیژی.

باوکسالاریی سیاسیلەسەردەمی نوێدا، ئامێرێکە گوێڕایەڵی لەقاڵبی چاودێریکردندا بەرهەمدەهێنێت. بەوتەی فۆکۆ، ئەم «دەسەڵاتی دیسپلینی»یە هەم جەستەکان ڕێکدەخات و هەم فۆرم بەعەقڵەکان دەدات.

میتافۆری باوکایەتی لە سیاسەتدا لەڕوانگەی دەروونشیکارییەوە، پەیوەندییەکی قووڵی بەگرێی ئۆدیبەوە هەیە. فرۆید دەریدەخاکە سوبێکت بەقبوڵکردنی دەسەڵاتی باوک، دەچێتە پانتایی کلتوورەوە. سیاسەتی نوێ هەمان میکانیزمی ناخودئاگا بەکاردێنێت: سەرۆک وەک باوک، دەچێتە پێگەی یاسایی و قەدەغەکردنەوە و میللەت لەمنداڵیی بەردەوامدا دەهێڵێتەوە.ئەمکارە، وابەستەیی سۆزداریی توند دروستدەکات: تەنانەت ئەگەر باوکێکی توندوتیژ یان ناکارابێت، منداڵەکان ناتوانن وابەئاسانی وەلایبنێن، چونکە هێمای یاسا و مانای ژیانیانە. بۆیە زۆربەی میللەتان لەبەرامبەر دەسەڵاتی، ترس و خۆشەویستی ئەزموون دەکەن. مۆدێرنیتەبەڵێنی ئازادی، یەکسانی و خۆسەریتاکیداوە، بەڵام بەکردار، زۆربەی کۆمەڵگاکان بەداوی جۆرێک باوکسالاری نوێوەبوون. لەم بارودۆخەدا:

  • بەڕوکەش تاک ئازادە، بەڵام ئازادییەکەی لەڕێگەی چاودێریکردن و هەژمونی باوکایەتییەوە دەناسێنرێت.
  • بەشداری سیاسی، لەجیاتی کردەی ئاگایانە، بۆ جۆرێک «منداڵی گوێڕایەڵ» دادەبەزێت.
  • پرسیار و ڕەخنە، نەک وەک مافێکی مەدەنی، بەڵکو بە «سەرپێچیکردن لەباوک» و هەڕەشەیەک بۆ خێزانی گەورەی میللەت لێکدەدرێتەوە.

ئەوە ئەو پارادۆکسەیە فۆکۆ ناوینا کۆمەڵگای دیسپلین: شوێنێک کە لەقاڵبی گۆچان و زیاتر لەقاڵبی چاودێری، خوێندن و هەتا خۆشەویستی کاردەکات. باوکسالاری لەدنیای نوێ، تەنیا پاشماوەی نەریتی نییە، بەڵکو شێوەیەکی ئاڵۆزی دەسەڵاتە کە لەقاڵبی پشتگیری و چاودێریدا بەرهەم دەهێنرێتەوە. ئەم سیستمە، هاوڵاتییان دەکاتە ئەو منداڵانەی ئاسایشییان لەگوێڕایەڵیدا دەبینێت و پرسیارکردنیان لەسێبەری خۆشەویستی باوکایەتی سەرکوتدەکەن. بۆیە، بەگژداچوونەوەی باوکسالاری نوێ، تەنیا بەگژداچوونەوەی توندوتیژی ئاشکرا نییە،بەڵکو ئاشکراکردنی ڕوخساری نەرم، چاودێری و بەڕوکەش میهرەبانی دەسەڵاتە.

ڕەخنەی ڕەچەڵەکناسانە: باوک وەک میکانیزمی دەسەڵات

لەڕوانگەی ڕەچەڵکناسی فۆکۆوە، هیچ دامەزراوە یان چەمکی باڵادەستی ــ باوک ـ خۆیی» نییە، بەڵکو بەردەوام بەرهەمی پەیوەندییە مێژوویی، ئایینی، یاسایی و کلتوورییەکانە. دەسەڵاتی باوک لەکۆمەڵگا بەراییەکان، زیاتر ئابووری و پارێزەر بوو. باوک لەکۆمەڵگا ئایینیەکان، هێمای ئیلاهی: «باوکی ئاسمان» لە ئاوێنەدا «باوکی زەوی» ڕەنگیدایەوە. لەئێستادا، حکومەتەکان میتافۆری باوکایەتییان بۆ ڕەوایەتیدان بەدەسەڵاتی خۆیان بەکارهێنا، تا سەرۆک، «باوکی میللەت»، جێگرەوەی یاسا، دادپەروەریی و حەقیقەت بێت، فۆکۆ ئەم پرۆسەیەناودەنێت «داماڵینی مێژوو لەحەقیقەت»: نیشاندانی ئەوەیکە بەڵگەنەویست و سروشتی دەنوێنێت، لە ڕاستیدا دروستکراوی مێژووە.

لاکان دەریدەخات، «ناوی باوک» ڕیشەی بۆ زمان دەگەڕێتەوە. چەمکەکانی باوکی میللەت، باوکی ئومەت، سەرۆکی گەورە،بەدەروونیکردنی دەسەڵاتشیاودەکات. زمان، باوک لەتاکێکەوە دەکاتە ستراکچەرێکی باڵاڕۆ. پێگەی باوک لەنەریتە ئیبراهیمییەکانداپیرۆزە،گوێڕایەڵکردنی، بەهاوتای گوێڕایەڵیکردن لەخوا دادەنرێت. لێرەیە باڵادەستی باوکایەتی، بەیارمەتی «وەحی» و «شەریعەت»، خۆی بەپیرۆز دەزانێت. زۆرجار یاسا نوێیەکانیش لەسەر میتافۆری باوکایەتی هەڵچنراون، یاسا هەمان بڕیاری باوکایەتییە، تەنیا لەجلوبەرگێکی فەرمیتر. لێرەیە سیاسەت، بەڕوکەش سیکولار، هێشتا شوێنپێی ئیلاهیات هەڵدەگرێت. درێدا بەڕەخنەکردنی «میتافیزیکیهەبوو» نیشانیدا کەنەریتی فەلسەفی خۆرئاوا، بەردەوام بەدوای بنەمایەکی بنەڕەتی و ئامادەبوونە بۆ جێگیرکردنی مانا. باوک، لەم دەزگایەدا، هەمان گرەنتی ئامادەبوونە:

  • ئەو «حەقیقەت» ئامادە دەکات،
  • گرەنتی «یاسا» دەکات،
  • مانا بە بوونی سوبێکت دەدات.

بەڵام ڕەچەڵەکناسی درێدایی پەردە لادەدات ئەم پەیوەندییە، نەککارێکی خۆیی، بەڵکو بەرمەبنای وتارێکە، باوکێک کە خۆی وەک حەقیقەتی ڕەها نمایشدەکات، لە ڕاستیدا بەرهەمی تۆڕێک لەدووپاتەکردنەوەی گێڕانەوە و ئاماژەکانی زمانە.فۆکۆ نشانیدا دەسەڵاتی نوێ، پێش هەر شتێک، جەستە و عەقڵەکان بەدیسپلین دەکات. باوکیش ئاوەهایە:

  • لەئاستی جەستە: یاساکانیڕووماڵکردن، ڕەفتار، تەنانەت ئارەزووی سێکسی دیاریدەکات.
  • لەئاستی عەقڵ: چوارچێوەکانی بیرکردنەوە، پرسیارکردن و هەتا خەیاڵکردنەوە وێنادەکات.
  • لەئاستی کۆمەڵایەتی: باوک نەک تەنیا خێزان، بەڵکو میللەت دەکاتە «منداڵی گوێڕایەڵ»، کەئازادییان لەقاڵبی گوێڕایەڵیدا پێناسەدەکرێتەوە.

بەمشێوەیە، خۆشەویستی و پشتیوانی، دووڕووی نەرمی دەسەڵاتن، زنجیرەکانی بەئامێزی گەرمەوە، وابەستەیی دەئەفرێنن. ڕەخنەی ڕەچەڵەکناسانە دەریدەخاتباوکسالاری نەکڕێزی ئاسایی، بەڵکو دەزگایەکی مێژووییە بۆ بەرهەمهێنانەوەی گوێڕایەڵی.

  • ئەوەی بەناوی «خۆشەویستی باوکایەتی» دەخرێتەڕوو، لە حەقیقەتدامیکانیزمێکە بۆکۆتکردنی ئازادی.
  • ئەوەی وەک «پشتگیری» بەڵێن دەدرێت، هەمان ئامرازی وابەستەیی و بێ تواناکردنی منداڵەکانە.
  • ئەوەیپێیدەوترێت «حەقیقەتیڕەها»، شتێک نییە جگەلە بەرهەمی پێوەندییەکانی دەسەڵات و زمان.

بەدەربڕێنێکیتر، باوک بەناوی حەقیقەت، دەسەڵات پیرۆز دەکات، بەناوی خۆشەویستییەوە، شوێنکەوتن ئاسایی دەکات و بەناوی پشتگیری،ئازادی قوت دەدات.

باوکسالاری سیاسی لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاست

ستراکچەری خێزان لەکۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، فراوان و سیستمی خێڵەکییە، بۆ چەندان سەدە سەرچاوەی سەرەکی شوناس و ڕێسای کۆمەڵایەتی بوون. باوک لەم ستراکچەرەدا وەک گەورەیەکی خانەدان یان خێڵ، نەک تەنها بەرپرسی ژیانە، بەڵکو سەرچاوەی یاسا، دادوەری و هەتا ئاکارە. ئەم مۆدێلە باوە، بەشێوەیەکی سروشتی تەشەنەی کردووەتە ناو سیاسەتیشەوە، دەسەڵاتداران، چ پاشا یان خەلیفە یان سەرۆککۆمار، وەک«باوکی گەورەی میللەت» ناسێندراون.

دواقسە:

ڕەتکردنەوەی باوکسالاری بەمانایسڕینەوەی یەکجارەکی ڕۆڵەکانی پشتگیری نییە، بەڵکو ڕەخنەی قۆرخکردنی دەسەڵاتە لەفۆرمێکی باوکسالاریدا. کۆمەڵگای هاوچەرخ پێویستی بەمۆدێلی ئاسۆییترە: پەیوەندی هاوڵاتیی بە هاوڵاتییەوە، نەکمنداڵ بە باوکەوە. ئەدەبیش دەتوانێت بەخوڵقاندنی گێڕانەوەی فرەدەنگی و سوبێکتە خۆسەرییەکان، سێبەری باوکسالاریوەلابنێت. درێدا جەختدەکاتەوە لەئەگەری «وێرانکردن»، دەکرێت سەرلەنوێ خوێندنەوەی چەمکی باوک ڕێگا بۆکرانەوە، یەکسانی و فرەیی خۆشبکات. باوک لەئەدەب و سیاسەت، میتافۆری ناوەندی بووە بۆ یاسا، حەقیقەت و دەسەڵات، بەڵاملێکۆڵینەوەیڕەچەڵەکناسی دەریدەخات کە ئەم دۆخە سروشتی نییە، بەڵکو مێژوویی و بنیاتنراوە.بەسودوەرگرتن لەڕەخنەکانی فرۆید، لاکان، فۆکۆ و درێدا، دەتوانرێت نیشان بدرێت کەباوکسالاری میکانیزمێکە بۆ بەرهەمهێنانەوەی هەژمون و ژێردەستەیی.ئایندەی ئەدەب و سیاسەت پەیوەستە بەتوانای ئێمەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم میتافۆرە و دروستکردنی مۆدێلێکییەکسانتر و ئازادتر.

iran-emrooz

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا