
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکدا بۆ ئەو شەپۆلی باران بارینەی لە رۆژی ٧ ەوە تا ١١ی ئەم مانگە بەردەوامدەبێت، بڵاوکردەوەو دەڵێت " پلەی گەرما لە سەنتەری شارەکان ٥ بۆ ٨ پلە و لە ناوچە شاخاوییەکان ٥ بۆ ١٢ پلە دادەبەزێ و ئەو ناوچە شاخاوییە سنوورییانەی کە بەرزییان لە ٢٥٠٠ مەتر زیاترە، بەفر دەبارێ."
"رۆژی یەکشەممە شەپۆلی بارانبارینەکە لە رۆژئاواوە دەستپێدەکات، لە رۆژی یەکەمدا، زۆرترین بڕی باران لە ئیدارەی سۆران دەبارێت کە بڕەکەی ٢٠ بۆ ٣٠ میلیمەتر دەبێت".
کەشناسی پێشبینی دەکات، رۆژی دووشەممە بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک باران بە لێزمە دەبارێت کە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە لەو ناوچانەی بارانی زۆریان تێدا دەبارێت."
رۆژی رۆژی سێشەممە رۆژە سەخت و پڕ بارانەکەیەو کەشناسی دەڵێت" لە نیوەڕۆوە تا درەنگی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، بارانی بەخوڕ و بەلێزمە دەبارێ و هۆشداری لە دروستبوونی لافاو لە ناوچە جیاوازەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان دەدرێت."
پێشبینییەکە بەوجۆرەیە کە رۆژی سێشەممە، لە گەرمیان ٥٠ میلیمەتر، سلێمانی ٤٠ میلیمەتر و لە کەرکووکیش ٣٥ میلیمەتر باران ببارێت.