
ڕێكخراوی زینۆ بۆ پاراستن و ناساندنی شوێنەوار بڵاویكردۆتهوه لە گوندێكی ناوچەی برادۆست، گۆڕێكی بهكۆمهڵ دۆزراوەتەوە كە مێژووكەی بۆ 2500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
بهپێی بڵاوكراوهیهكی ڕێكخراوی زینۆ بۆ پاراستن و ناساندنی شوێنەوار، لەناو زەویی گوندێکی دەڤەری برادۆست، پاشماوەی گۆڕێکی بهكۆمهڵی شوێنەواری دۆزراوەتەوە، کە مێژووکەی بۆ 2500 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، لەم گۆڕە بەكۆمەڵەدا ئێسكوپروسكی پتر لە 11 پیاو و ئەسپێكی تێدا بووە، شێوەی گۆڕەكە بەلەمییە و درێژییەكەی 4 مەتر، پانییەكەی 1,60مهتر و بەرزییەكەشی 1,35مهتره.
بهپێی بهدواداچوونهكانی ئهو ڕێكخراوه، ئەم گۆڕە بەكۆمەڵە، دۆزینەوەیەكی گرنگ و دەگمەنی شوێنەوارییە لە كوردستان و بۆ كۆتاییەكانی چاخی ئاسنین دەگەڕێتەوه، ئەوەیشی وای كردووە سەردەم و مێژووی ئەم گۆڕە بزانرێت، بە هۆی بوونی ئەو گڵێنانەوە بوو، كە لە نزیك ئەم ئێسكوپروسكەدا هەبووه. بوونی ئێسکوپروسکی یانزە پیاو بێ منداڵ و ئافرەتیش، دەری دەخات ئەمانە جەنگاوەری چاخی ئاسنین بوون.

