
ئەنجوومەنی وزاریی عێراق بڕیاریدا، پێداچوونەوە بکرێت بە ناردنی 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، کە مانگانە وەکو مەرجی ناردنی مووچە بۆ کوردستان دیاریکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، ١٥-١٢-٢٠٢٥ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووریی کرد، کە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت و زیادکردنی داهاتەکان.
بەگوێرەی راگەیێنراوی فەرمی لەم کۆبوونەوەیەدا، چەند بڕیارێک دراون کە یەکێک لەبڕیارەکان، پێداچوونەوە بە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت کە مانگانە مەرجی ناردنی مووچەیە لە بەغداوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
دەقی بڕیارەکە:
- لیژنەیەکی وزاریی پێکهێنراوە بە گوێرەی بڕیاری (550)ی ئەنجوومەنی وەزیران، بەمەبەستی چاوخشاندنەوە بە هەژمارکردنی داهاتە نانەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق، کە وەکو بڕە پارەیەک دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق. وە مەرجی ناردنی مووچەیە لە بەغداوە بۆ مووچەخۆرانی کوردستان.