
بە هەماهەنگی کونسڵخانەی كۆماری میللی چین لە هەولێر و حزبی شیوعیی كوردستان دامەزراندنی سەنتەری لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی ڕاگەیەنرا.
ڕۆژی دووشەممە ١٢/١٥/ ٢٠٢٥، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حزبی شیوعیی چین و حزبی شیوعیی كوردستان و عێراق، بەر پرسانی حزبی و حكومیِ هەرێمی كوردستان، باڵیوێزی كۆماری چینی میللی لە عێراق و سەرکونسڵی گشتی چین لە هەرێمی كوردستان، لە مەراسیمێكی تایبەتدا، وەك یەكەمین سەنتەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دامەزراندنی "سەنتەری لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی" ڕاگەیەنرا.
نەبەز مستەفا بەرێوەبەری سەنتەرەكە ڕایگەیاند، ئامانجمان پەرەپێدانی گفتوگۆی نێوان شارستانییەتەكان و چەسپاندنی بەها مرۆییە هاوبەشەكانە.
دواتر ئەبوكاروان سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی كوردستان، لە وتەیەكدا سوپاسی پاڵپشتی و هەماهەنگی حزبی شیوعی چینی بۆ حزبی شیوعیی كوردستان کرد و ڕاشی گەیاند: حزبی شیوعیی كوردستان بە هەموو توانایەكەوە پاڵپشتی دامەزراندنی سەنتەری لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی دەكات.
دواتر جین شین، یاریدەدەری وەزیری فەرمانگەی نێودەوڵەتی لێژنەی ناوەندی حزبی شیوعیی چین، لە وتەیەكدا كردنەوەی سەنتەرەكەی وەك دەرئەنجامی كاری بەیەكەوەیی و پاڵپشتی لە نێوان حزبی شیوعیی چین و حزبی شیوعیی كوردستان گەڕاندەوە.
ڕاشیگەیاند لەمڕۆدا جیهان لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە بنیادنانی شارستانییەتی هاوبەش لە جێگای فەرزكردنی مۆدێلی تایبەتی شارستانی هەیە، ئەمەش بەشێكە لە ڕوانگەی هاورێ شی جی چینگ، سەرۆكی حزبی شیوعی چین و دەوڵەتی چین .
هاوڕێ جین شین، یاریدەدەری وەزیری فەرمانگەی نێودەوڵەتی لێژنەی ناوەندی حزبی شیوعیی چین، دووپاتی كردەوە كردنەوەی ئەو سەنتەرە لە ئەنجامی كاركردن بووە لەگەڵ حزبی شیوعیی كوردستان و سكرتێری پێشووی حزب هاوڕێ كاوە محممود، چاوەڕێی ئەوەشین بەیەكەوە لەگەڵ حزبی شیوعیی كوردستان كار بۆ دادپەروەری و بەها مرۆییەكان و چارەنووسی هاوبەش و نەهێشتی چاوگەكانی بارگرژی و ڕووبەڕووبونەوەی هەژموونی وڵاتانی رۆژئاوا.
دواتر تسوێ وێ، باڵوێزی كۆماری چینی میللی لە عێراق، لە وتەیەكدا باسی گرنكی كردنەوەی سەرنتەرەكەی كرد، وەك ناوەندێك بۆ توێژینەوە و پەرەپێدانی گفتوگۆی هاوبەش و بنیادنانی دادپەروەری و بەها مرۆییەكان، سوپاسی ڕۆڵی حزبی شیوعیی كوردستانی کرد بۆ كاركردنی بەیەكەوەیی.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا باسی پێشكەوتنە خێراییەكانی دەوڵەت و حزبی شیوعیی چینی كرد و سوپاسی هاوكارییە بەردەوامەكانی بۆ هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆتایدا هاورێ كاوە مەحمود، سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی ڕایگەیاند، ناوەندی لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهان لە تێگەیشتنێكی قووڵەوە دامەزراوە كە جیهانی ئەمڕۆ، سەرەڕای پێشكەوتنەكانی، هێشتا ڕووبەڕووی ئاستەنگەكانی ململانێی شوناس، قسەی ڕق و كینە، و دابەشبوون دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بە كاری هاوبەش و بنیادنانی شارستانیەتی هاوبەش هەیە نەك فەرزكردنی یەك شارستانیەت .
دوای مەراسیمەكە وەفدێكی باڵای مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبی شیوعیی کوردستان لەگەڵ وەفدی باڵای كۆماری چینی میللی كۆبۆوە و دەستپێشخەریەكەی چینیان بە بەرزی نرخاند، دوپاتی پتەوكردنی پێوەندییەكانی هەردوو حزب كرایەوە.
لە مەراسیمەكەدا، هاوڕێ جین شین، یاریدەدەری وەزیری فەرمانگەی نێودەوڵەتی لێژنەی ناوەندی حزبی شیوعی چین و بەڕێز تسوێ وێ، باڵیوزی كۆماری چینی میللی لە عێراق؛ بەرێز مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز لیۆن جیون، سەرکونسڵی گشتی چین لە هەرێمی كوردستان و هاوڕێ ئەبو كاروان سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی و هاورێ ڕائید فەهمی سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی عێراق و هاورێیان كەمال شاكر و كاوە محمود و جێگرو ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی كوردستان ئامادەبوون، هەروەها بەڕێزان، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەلاح مستەفا، ڕاوێژكاری باڵای كاروباری دەرەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و هەروەها سكرتێر و ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزب و لایەنە سیاسییەكان ئامادە بوون.
سەنتەری لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی، ئیلهام لە دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی وەرگیراوە، كە لەلایەن سەرۆكی چین ( شی جینپینگ) وەك پڕۆژەیەكی جیهانی بۆ هاوكاری و پێكەوەژیان دەستی پێكردووە.
لە چوارچێوەی ئەم تێگەیشتنەدا، سەنتەرەكە كار لەسەر قووڵكردنەوەی توێژینەوە و سازدانی كۆڕ و دیبەیت و دیالۆگی نێوان شارستانیەتەكان دەكات، بە پێچەوانەی چەمكی "ململانێی شارستانیەتەكان"ی هانتینگتۆن یان "كۆتایی مێژوو"ی فۆكۆیاما.
سەنتەری لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی بە نیازی ئەنجامدانی كاری هاوبەشە لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەكان و هەروەها ناوەندە ئەكادیمییەكان لە چین، كە بە هاوكاری كۆنسوڵخانەی چین لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.











