
ڕۆژی دووشەممە ١٢/١٥/ ٢٠٢٥، لە شاری هەولێر، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای حزبی شیوعیی چین و حزبی شیوعیی كوردستان و عێراق، بەر پرسانی حزبی و حكومیِ هەرێمی كوردستان، باڵیوێزی كۆماری چینی میللی لە عێراق و سەرکونسڵی گشتی چین لە هەرێمی كوردستان، لە مەراسیمێكی تایبەتدا، وەك یەكەمین سەنتەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دامەزراندنی "سەنتەری لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانیەتی جیهانی" ڕاگەیەنرا.
وتاری سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی كوردستان، لە مەراسیمی دامەزراندنی سەنتەری لێكۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانییەتی جیهانی
بەڕێز ... جین شین، یاریدەدەری وەزیری فەرمانگەی نێودەوڵەتی لێژنەی ناوەندی حزبی شیوعی چین.
بەڕێز ... تسوی وی باڵیوزی كۆماری چینی میللی لە عێراق
بەڕێز ... لیون جیون سەرقونسڵی گشتی چین لە هەرێمی کوردستان
بەڕێز ... د.كاوه محمود سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەسپێشخەری شارستانی جیهان
خوشك و برا بەڕێزەكان .... ئەم کاتەتان باش
خۆمان بە خۆشحاڵ دەزانین کە ئەمڕۆ لەم مەراسیمە گرنگەدا ، مەراسیمی کردنەوەی سەنتەری لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانی جیهانی لە هەرێمی کوردستان بەشدار دەبین ، بانگهێشتمان بۆ ئەم دەستپێشخەریە بە بەرزی دەینرخێنین .
بەناوی حزبی شیوعی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزباییتان پێشكەش دەکەین و هیوای سەرکەوتنی تەواو بۆ کارەکانتان دەخوازین.
ئەم ھەنگاوە لەم بارودۆخەی کوردستان و عێراق و ناوچەکەدا بۆخۆی كارێكی گرنگ و کاریگەرە و
دەتوانێ ببێتە دەروازەیەکی باش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی گەشە پێدانی مرۆیی و پردی پەیوەندی لە
نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی چیندا كە ڕۆڵێکی بنەڕەتی بگێڕێت لە پێشخستنی هاوکاری نێودەوڵەتی و تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان گەلاندا، بە تایبەت لەسەردەمێکدا کە جیهان پێویستی بە دیدگای نوێ و چارەسەری هاوبەش هەیە بۆ کێشە و قەیرانەکان. ئەم هەنگاوە نوێیە، هاوتایە لەگەڵ تێکۆشانی بەردەوامی گەلانی جیهان بۆ بەدیھێنانی ژیانێکی باشتر و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، کەبنەمای ڕێبازی ماركسیزم پێکدەهێنێت و بەھەنگاویكی کاریگەر لە گەشەی بەردەوامدا دەبینرێت و هاوکات گرنگە بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراقدا ، بنەمای ئەزموونێكی بە سوودە لە ڕێگای پێشڕەوایەتی پەرەپێدانی مرۆیی بەردەوام لە جیھاند ، ئەم ئەزمونەش ئەزموونی كۆماری میللیی چینە.
لەم چوارچێوەیەشدا، حزبی شیوعی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو دەستپێشخەرییە جیهانییانەی کە لەلایەن سەرۆکی چین بەرێز (شی جینپینگەوە) خراوەتەڕوو، کە خۆی لە (گەشەپێدانی جیهان، ئاسایشی جیهان، شارستانی جیهان، و گەشەپێدانی ژێرخان )ی وەبەرهێنان لەخۆ دەگرێت و تیشک دەخەنە سەر گرنگیی هاریكاری هاوبەش و ڕێزگرتن لە یەکتر و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە پێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر و پڕشنگدار بۆ مرۆڤایەتی.
بەڕێزان/
جەخت دەكەینەوە لە بەھێزكردنی پەیوەندی دوو قوڵی نێوان حزبی شیوعی كوردستان و حیزبی شیوعی چینی میللی کە لەسەر بنەمای فكری و خەباتی هاوبەش لەپێناو ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بنیات نراوە. سوپاسی کونسڵگەری گشتی کۆماری چینی میللی دەکەین لە هەولێر کە بەردەوام کاری لەسەر بەهێزکردنی ئەم پەیوەندییە هاوبەشە کردووە.
هەر ئەمەش وایکردوە حزبی شیوعی کوردستان هەمیشە بە بایەخەوە سەیری پەیوەندییەکانی لەگەڵ حزبی شیوعی چین بکات و سوود لە ئەزموون و دەسکەوتەکانی وەرگرتبێت كە دەرفەتی باش بۆ کادیرانی حزبمان و سەرجەم چین و توێژە جیاجیاکان و فەرمانبەرانی حکومەت، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ڕەخساندووە، بە بانگهێشت کردنیان بۆ وڵاتی چین وبەشداری کردنیان لە خولەکان بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی پسپۆڕییان و زیاتر ئاشنابوونیان بە پێشکەوتنەكان ، بۆ ئەوەی بتوانن لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا خزمەتێکی باشتر پێشکەش بکەن. ئەم ڕاهێنانانە نەک تەنها تواناکانی کادیران بەرز دەکەنەوە، بەڵکو دۆستایەتی و نزیکبوونەوەی کلتووری لەنێوان هەردوو گەلدا پتەوتر دەکەن و دەبێتە پردێک بۆ ئاڵوگۆڕی زانست و لێک تێگەیشتن.
ئێمە لەو باوڕەداین کە پلانی ١٥هەمینی پێنج ساڵەی چین، گۆڕانکاری و پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە ئاسۆدا دەبێت، بەتایبەتی لە بواری گەشەسەندنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو و داهێناندا، کە چین بە خێرایی بەرەو پێشەنگی جیهان هەنگاو دەنێت. ئەم پلانە جەخت لەسەر ئابوورییەکی سەوزتر و بەردەوامتر دەکاتەوە، لەگەڵ فراوانکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی پڕۆژەی "یەک پشتێنە و یەک ڕێگا". کاریگەریی ئەم پلانە تەنها لەسەر چین نابێت، بەڵکو دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەکی گەورە لەسەر ئابووری و جوگرافیای سیاسی جیهان، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانەکانی.
لەکۆتاییدا، حزبی شیوعی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە کە پاڵپشتی تەواوی سەرکەوتنی کارەکانی (ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەستپێشخەری شارستانی جیهان) دەکات لە پێناو كۆمەڵگای مەدەنی كوردستانی و هیوادارە ئەم ناوەندە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵینەوەی قووڵ و گەشەپێدانی چارەسەری هاوبەش بۆ دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و قەیرانەكانی ناوچەكە، بەتایبەت لە بواری بنیاتنانی داهاتوویەکی هاوبەش و گەشەسەندوو بۆ مرۆڤایەتی.
لەگەڵ ڕێزو پیرۆزبایی دوو بارەمان
٢٠٢٥/١٢/١٥
