
جێگری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، لەمیانەی دیدارەکەی لەگەڵ شاندی لێژنەی ئاشتی لەبارەی چارەنوسی هێزەکانی سوریای دیموکراتی هەسەدە ڕایگەیاندووە، دەکرێت ئەم هێزە بکرێت بە دوو هێز ، هێزێکیان لەگەڵ سوپای سوریا تێکەڵ بکرێت ، هێزێکیش لەهێڵی بەرگری بۆ پاراستنی ناوچەکانی خۆیان بمێنێتەوە.
گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە لێدوانێکیدا بۆ پێگەی (24T) تورکی لە بارەی پرسی ڕۆژئاوا ووتی، ئەو کۆنوسەی لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاوە ڕادەستی ئەندامانی لێژنەی ئاشتی کراوە، تەواوی دیدو بۆچونەکانی ئۆجەلانی لە بارەی پرسی ڕۆژئاڤای لە خۆی نەگرتووەو دەستکاری کراوە.
هێماشی بۆ کرد، کە لێدوانەکانی تایبەت بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو هەسەدەو یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) وەک پێویست لەو کۆنوسە باس نەکراوە.
گوڵستان کلچ کۆچیگیت ووتی،
ئۆجەلان پێی وایە دەکرێت هەسەدە بکرێت بە دوو هێز، هێزێکیان تێکەڵ بە سوپای سوریا بکرێت و هێزێکیشیان بۆ پاراستنی
ئاسایشی ناوخۆی ناوچەکانی خۆیان بمێنێتەوە".
کۆچیگێت ڕاشیگەیاند، کە ئۆجەلان ڕایگەیاندووە" ئەگەر سیستەمی ئێستای سوریا ببێت بە سیستەمێکی دیکتاتۆری، ئەوا بە دڵنیاییەوە هێزە کوردیەکان نابن بە بەشێک لەو دیکتاتۆریەتە".
هێماشی بۆکردووە ، ئۆجەلان
هەڵسەنگاندنێکی زۆر وردو فراوانی بۆ دۆخی سوریا کردووەو ووتویەتی، پێویستە سوریا ببێتە ووڵاتێکی دیموکراسی ئەگەر نەبێت بەووڵاتێکی دیموکراسی، ئەوکاتە شەرعیش دەبێت بە دیکتاتۆر و جارێکیتر نەهامەتی بۆ سوریەکان دەهێنێتەوە، بەڵام لە کۆنوسەکەدا بە هیچ شێوەیەک ئەم قسانەی ئۆجەلان باس نەکراوە".
لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوڵستان کلچ کۆچیگیت، هاوسەرۆکی فراکسیۆنی (دەم پارتی) ووتی کاتێک لە دیداری ئیمراڵی گەڕاونەتەوە، کۆنوسێکیان ئامادە کردووە کە لە 16 لاپەڕە پێکهاتووە
و هەرسێ ئەندامەکە واژۆیان کردووەو ڕادەستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیایان کردووە، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان دەستکاری کردووەو قسەکانی ئۆجەلانی لەبارەی دۆخی سوریا هەڵگرتووە. جەختی لەسەر کردەوە ، ئەوان بەشدارنین لەو کۆنوسە نوێیەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کورتی کردووەتەوەو واژۆی ئێمەی لەسەر نییە.
ڕەخنەی لە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گرت و ووتی ، ئێمە بە پێویستمان زانی، ئەو 16 لاپەڕەیە بۆ لێژنەکەو ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت بەڵام سەرۆکی پەرلەمان نەیکرد.