شیعەو سوننە نزیکدەبنەوەو کوردیش دوور دەکەوێتەوە لایەنە براوەکانی شیعەو سوننە نزیکن لە یکلاکردنەوەی پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و حکومەت ، بەڵام لایەنە کوردستانیەکان ، بە دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات نێوانیان دوورەو پێشبینیش ناکرێت وا بە ئاسانی لەیەک نزیک ببنەوەو پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلا بکەنەوە. بڕیارە سبەی پێنچ شەممە، ئەنجومەنی سیاسی نیشتیمانی هێزە سوننە براوەکانی ئەنجومەنی نوێنەران کۆببنەوە، چاوەڕان دەکرێت لە کۆبونەوەکەدا کاندیدی پۆستی سەرۆکی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلا بکەنەوەو هاوکات ڕێکەوتن لەسەر دابەشکردنی ئەو پۆستانەش بکەن کە سوننە بەمافی خۆی دەزانێت لە حکومەتی داهاتوو پشکی بێت. هاوکات بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ چاوەڕوان دەکرێت ، لە کۆبونەوەی داهاتووی چوار چێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان ، کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی داهاتوو یەکلا بکرێتەوە، چەند کەسێکیش وەک کاندیدی داهاتووی سەرۆکی حکومەت زۆرترین قسەیان لە بارەوە دەکرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت، لە نێوان نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر و حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، کەسێکیان بە فەرمی کاندید بکرێت. لەو کاتەدا کە شیعەو سوننەی عەرەب لە یەکلاکردنەوەی پۆستەکانی ، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران نزیکبونەتەوە، لایەنە کوردستانیە براوەکان هیچ نزیکایەتیەک لە نێوانیاندا نییە، نە بۆ پێکهێنانی فراکسیۆنێکی یەکگرتوو، نە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەریەک لە پارتی و یەکێتیی لە میدیاکانیانەوە، پۆستی سەرۆک کۆماری بەماف و پشکی خۆیان دەزانن و بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەردوو حزبەکە بێت ، هەردوولا کاندیدیان بۆ ئەو پۆستە دەبێت. لەدەرەوەی پارتی و یەکێتی، 11 کورسی دیکە هەیە،هەڵوێست، یەکگرتوو، نەوەی نوێ، کۆمەڵ، بەڵام ئەم لایەنانەش تا ئێستا پەرتەوازەن و دوورن لەیەکەوە