
حکوومەتی ئێران ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو وشکەساڵییەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، نیازی کڕینی ئاوی وڵاتانی دراوسێیان هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2025/12/4، عەباس عەلی ئابادی، وەزیری وزەی ئێران ڕایگەیاند، "ئەگەر هەر وڵاتێک ئامادەبێت ئاو بفرۆشێت، ئێمە دەیکڕین".
وتیشی: دانوستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ هاوردەکردنی ئاوی زیادە ئەنجام دراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئێستا هاوردەکردنی ئاو لە بەرنامەی کاردایە. ڕاشیگەیاند، ئەگەر ئەو وڵاتانە ڕێکبکەون لەسەر فرۆشتنی ئاو بە نرخێکی گونجاو، ئەوا پرۆسەی کڕین دەستپێدەکات.
ئاژانسی هەواڵی 'دی پی ئەی' ئەڵمانی بڵاویکردەوە، ئێران پرسی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمانەی کە بڕێکی زۆر ئاوی تێیدا بەکار دێت خستە بەرنامەی کاری خۆیەوە.
پێشتر مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران، و بەرپرسانی تاران ڕایانگەیاندبوو دەبێت پایتەخت بگوازرێتەوە، چونکە تاران تووشی کەم ئاوییەکی مەترسیدار بووەتەوە.