
سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند: لە پێناوی ئاشتیدا دەستبەرداری چوون بۆنێو ناتۆ دەبین.
هەروەها باسی لهوهكرد، هیوادارە ئەمریکا ڕازی بکات کە پشتگیری لە بیرۆکەی بەستنی هێڵی پێشەوەی ئۆکرانیا بکات لە پێگەی ئێستایان.
سەرۆکی ئۆکرانیا ئەو قسانەی پێش وتوێژەکانی لە بەرلین لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکا، جارێد کوشنەر زاوای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی ئەوروپادا كرد.
وازهێنانی ئۆکرانیا لە ئەندامێتی ناتۆ نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورە دەکات بۆ وڵاتێک کە لە مێژە بانگەشەی ئەندامێتی لە هاوپەیمانی سەربازیی ڕۆژئاوا دەکات وەک پارێزەرێک لە دژی دەستدرێژی ڕوسیا، خواستێک کە لە دەستورەکەیدا چەسپاوە، هەروەها ئەو هەنگاوە یەکێک لە ئامانجەکانی ڕوسیا لە شەڕەکەدا بەدیدههێنێت، هەرچەندە تا ئێستا کیێڤ ڕەتکردنەوەی خۆی لە ڕادەستکردنی خاکی بە مۆسکۆ پاراستوە.
زلێنسکی رونیكردهوه، قبوڵکردنی ئەو گەرەنتییە ئەمنییانەی کە لەلایەن ئەمریکا و هاوبەشە ئەوروپییەکان و ئەوانی دیکەوە پێشکەش دەکرێن وەک بەدیلێک بۆ ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆدا سازشێکە لە لایەن ئۆکرانیا.
لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا لە ڕێگەی واتسئاپەوە وتی، "هەر لەسەرەتاوە خواستی ئۆکرانیا پەیوەندیکردن بو بە ناتۆ، ئەمانە گەرەنتی ئەمنی ڕاستەقینەن، بەڵام هەندێک هاوبەشی ئەمریکا و ئەوروپا پشتگیریان لەم ئاراستەیە نەکرد".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو گەرەنتییە ئەمنییە دوقۆڵییانەی لە نێوان ئۆکرانیا و ئەمریکادا هەیە، ئەو گەرەنتییە هاوشێوەی مادەی پێنجەم کە لەلایەن ئەمریکاوە پێشکەشی ئێمە کراوە، هەروەها گەرەنتییە ئەمنییەکانی هاوکارە ئەوروپییەکانمان، هەروەها وڵاتانی دیکەی وەک کەنەدا و ژاپۆن، دەرفەتێکە بۆ ڕێگریکردن لە لەشکرکێشییەکی دیکەی ڕوسیا".