ئەمڕۆ دووشەممە، ٦ی نیسان، لەژێر سەرپەرشتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، ١٣ـەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بە ئامادەبوونی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا لەسەر یەکخستنی سیاسەتی گومرگی و ڕێکارەکانی دەروازە سنوورییەکان گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم ڕێککەوتوون لەسەر یەکخستنی "پێناسەی گومرگی" و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی یەکگرتوو بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. هەروەها بڕیار دراوە سیستمی ئەلیکترۆنیی جیهانی (ئەسیكۆدا) لە تەواوی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.
هەر لە چوارچێوەی ئەم ڕێککەوتنەدا، بڕیار درا کە داڕشتنی سیاسەتی گومرگی وەک ئەرکێکی فیدراڵی بمێنێتەوە، بەڵام بەڕێوەبردنی گومرگەکان لەمەودوا بە شێوەیەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت.

وتاری نووسەران