هۆشیاری عەبدولعەزیز

سەقامگیری بەهەموو ڕەهەندە ئابوری و كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانییەوە - ئاماژەیەكی گرنگە لە سەركەوتنی سیستمی سیاسی و پرۆسەی دەوڵەتداریدا، و هاوكات هۆكارێكی ئەرێنیشە بۆ گەشەكردن و گەشەسەندنی تاك و كۆمەڵگا ، واتا سەقامگیری دەرەچەی پێشەوتن و بەرەوپێشچونی كۆمەڵگایە و هیچ كۆمەڵگایەك ناتوانێت گەشەی ئابووری، پەروەردەیی، كولتووری، یان سیاسی لە غیابی سەقامگیری سیاسیدا بەدەست بێنێ ، واتا چەمكی ناسەقامگیریی سیاسی چەمكێكی ئاڵۆز و فراوانە. پێناسەكان بەپێی جیاوازی تیۆر و ئاراستە فكرییەكانی تیۆروانانی ئەو بوارە جیاوازە. بەڵام زۆربە كۆكن لەسەر ئەو راستیەی كە سەقامگیریی سیاسی بە مانای نەبوونی توانای گۆڕانی كۆمەڵایەتی و سیاسی نایەت بەتەنها بەڵكو كۆی فەزای گشتی لە دەرئەنجامی ململانێ و كێشمەكێشی نەخوازراوی سیاسی  و ئابوری و هەڕەشەی ناوخۆی و نەگونجانی سیستەمی سیاسی و پرۆسەی دەوڵەتداری سەرهەڵدەدات و دواجار سەردەكێشێ بۆ ئەنجامدانی زەبروزەنگ و بڵاوۆردنەوەی ترس و دوركەوتنەوە لە پاراستنی كەشی دیموكراسی و نەمانی ئازادی ڕادەربڕین ، بۆیە كە ئەم حاڵەتە باڵی كێشایە سەر دۆخی گشتیدا ئیتر پەیوەندیەكانی نێوان دەسەڵات و هاوڵاتی شكست دێنێ و ناڕەزایەتیەكانی هاووڵاتیان لەهەمبەر ئەو ڕەوشە ناسەقامگیرە زیاتر دەبن و هەوڵدەدەن لە پێناو گۆڕانكاری ڕیشەی  گوشاری زیاتر بخەنە سەر دەسەڵات و ئەو یاسا و ڕێسایانەی كە دژی بەرژەوەندی گشتی خەڵكە و بەشێكە لە قەیرانێكی دروستكراوی زنجیرەی كە دەسەڵات لە پێناو مانەوەی خۆی بەرهەمیان دێنێ ، لە گەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو ئاڵۆزی و قەیرانانەی لە دەوڵەتی ناسەقامگیر و لە شێوازی حوكم و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دەبینرێت، ئاماژەن بۆ شكستی ڕاستەقینەی سیاسەتی ئیدارەدانی دەوڵەت و ئەو پرۆسانەی كە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەكات

لە زانستی سیاسەتیشدا ناسەقامگیری سیاسی سەرجەم بوارە گشتییەكانی كۆمەڵگا دەگرێتەوە، و كاریگەری نەرێنی دەبەخشێتە كۆی كایەی كۆمەڵایەتی و لە ئەگەری سەرهەڵدانی  دیاردەكەدا  تەواوی جومگە و سێكتەرە گشتیەكان دەكەونە بەر هەڕەشە و پەلاماردانی مەترسیدار و ئەو دۆخە دروست دەبێ كە لە زۆر لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی دواكەوتوودا و عێراق و كوردستاندا دەیبینین ، شیكردنەوەی ئەم چەمكە كە لە بنەڕەتدا ئاماژەیە بۆ توانای سیستەمی سیاسی و ئەنجامدانی ئەركەكانی و وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی جەماوەر و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكاریەكانی ژینگەی ناوخۆیی و دەرەكی كە لە خۆیدا هەڵگری توخم و ڕەگەزەكانی ناسەقامگیری كۆمەڵایەتی وئابوریە و بەبێ تێگەیشتن لەم بنەمایە مەحاڵە سێستەمی سیاسی بتوانێ بەشێوەیەكی بابەتیانە زاڵبێتەسەر پێوەرەكانی پاراستنی خودی سەقامگیریدا كە شەرعیەتی سیاسی بەرجەستە دەكات، پێچەوانە بەمەش هەر پێشێلكردنێكی شەرعیەتەكەش دەبێتە هۆكاری شێواندنی دۆخی گشتی و سەرهەڵدانی ناسەقامگیری و سێستەمی سیاسیش ڕەوایەتی خۆی لە دەستدەدات و ناتوانێ ببێتە وەڵامدەرەوەی داواوداخوازیە ڕەواكانی خەڵك و ئاسایكردنەوەی كۆی ناڕەزایەتیەكان، وەك ئەوەی كە ئێستا لە كوردستان دەبینرێت، لێرە سێستەمی سیاسی ئەوەندەی پەیوەستە بە كێشمەكێشە ناوخۆی و دەرەكیەكان و پرۆسەی بەشبەشێنە و پاراستنی  بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە دەسەڵاتدارەكانەوە چارەكی ئەوە بیر لە دۆزینەوەی میكانیزمێكی گونجاونەكراوەتەوە بۆ دوركەوتنەوە لە تۆخكردنەوەی ڕیشەی ململانێكان و كوشتنی مەیلی ئاسای كردنەوەی دۆخی هەرێم و دەسكەوتەكانی 

 بەڵام ئەمە لێرە پێچەوانەیە ودەسەڵاتێكی نغرۆبوو لەدەیان دەردی گەندەڵی ئیداریی وسیاسی ودارایی، كەوەك دەزگا و دوكانی هەڕاجی لێهاتوە و هیچ  بەهایەكی نەماوەودەیان مافیای سیاسی دەسەڵاتدارلەپشت ئەم دەسەڵاتەوە ئیرادەو بەرژەوەندی خۆی و حزب و بنەماڵەكانیانی خستۆتە پێش ماف و داخوازیەكانی خەڵك  و  لەسەروی هەموو یاسا و دادگا و دامەزراوەیەكەوە مامەڵە بەژیان و كەرامەتی كۆمەڵگا دەكەن و هەموو جولەیەكی دەسەڵاتیان بەئاڕاستەی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیان وپێگەی ئەو نوخبە دەستڕۆیشتوەیە كە بە تەواوی ئیحتكاری كۆمەڵگا و دەسكەوتەكانیان كردوە ، بەكورتی ئەوەی لێرە دەگوزرێ بەمانای پڕاوپڕی خۆی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیە و گەیشتۆتە ئاستێكی مەترسیداری وا كە بەیەكجاری لێكترازان و دابڕانی ویژدانی و دەرونی لەنێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا بەرجەستە كردوە و بوتە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ئینتمای نیشتمانی و ئەو پەیوەندیە ڕیشەیەی كە لە نێوان هاوڵاتی و حزب و دەسەڵات هەبوو، بەكورتی دەسەڵات و دەوڵەتداری كوردی هیچ نرخ و بەهایەكی نەماوە و تەنها خەونی خەڵك ڕیشە كێش كردنی دەسەڵات و دروست بوونی گۆڕانكاری نوێیە

وتاری نووسەران