هۆگر حسین

 

بەرایی: دیاردەی ڕەخنەگرتن لە سۆشیال میدیا

ماوەیەکی زۆرە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە سەیکۆیەک بۆ مشتومڕ و گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی حزبی شیوعی و کەمکوڕییەکانی. زۆرجار بەبێ وردبوونەوە، هەموو کەمتەرخەمییەکان دەخەینە ئەستۆی سەرکردایەتی و ڕێکخستنەکان (قاعیدە)، لە کاتێکدا زۆربەی ئەوانەی دەنووسن، خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە و ڕۆڵی خۆیان لەم کەمکوڕییانەدا پشتگوێ دەخەن. ئایا کێن ئەوانەی دەنووسن؟ و ئامانجیان چییە؟

ژینگەی سیاسیی کوردستان و کاری حزبی

لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ـەوە، ژینگەی سیاسی لە کوردستان تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بووە. لە سایەی ئەو سیستەمەی کە دەکرێت بە "هەژموونی ئۆلیگارشی" یان "مافیاگەری" ناوی بەرین، کاری حزبی و ڕێکخراوەیی ڕاستەقینە لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدایە. ئێستا خەڵک بە ئازادی و لەسەر بنەمای باوەڕ، پەیوەندی بە حزبەکانەوە ناکەن، بەڵکو ترس و بەرژەوەندی زاڵە. ئەم دۆخە وایکردووە جووڵانەوەی قوتابیان، لاوان، ئافرەتان و سەندیکاکان ئەو ڕۆڵە کارایەی جارانیان نەبێت و تووشی سستییەکی کوشندە ببن.

 

حزبەکانی دەسەڵات: هێز یان پارە؟

ئەو حزبانەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانەکەدا باڵادەستن و پارە و هێزیان قۆرخ کردووە، توانیویانە بە زەبری ماددە و دەسەڵات خۆیان ڕابگرن. ئەوان توانیویانە خۆیان لەگەڵ ئەم بێ‌ ئەرزیشکردنەی سیاسەت و مرۆڤدا بگونجێنن و خەڵک بە دەوری خۆیاندا کۆبکەنەوە. بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: ئەگەر پارە و چەک لەم حزبانە وەربگیرێتەوە، چییان لێ دێت؟

بە دڵنیاییەوە، بەبێ ئەو دوو فاکتەرە، قەبارەیان دەگەڕێتەوە بۆ قەبارەی سروشتیی خۆیان و ڕەنگە لەو حزبانەش بچووکتر دەرکەون کە ئێستا بە "حزبە بچووکەکان" ناوزەدیان دەکەن. مێژوو شاهیدە کە کاتێک سەرچاوەی دارایی نایاسایی دەبڕدرێت، جەماوەری دەستکردیش ون دەبێت.

 

ئایا حزبی شیوعی لە پاشەکشەدایە؟

زۆر کەس وا وێنا دەکەن کە حزبی شیوعی لە پاشەکشەدایە، بەڵام ئەم خوێندنەوەیە ورد نییە. بزووتنەوەی چەپ و شیوعی لە ئاستی جیهاندا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. تەنانەت لە ئەڵمانیای نیشتمانی (کارل مارکس)ـیش، حزبی شیوعی ئەڵمانیا لە ئێستادا ئەو هێزە گەورەیە نییە کە گۆڕانکاریی ڕیشەیی بکات. کەواتە بابەتەکە پەیوەندی بە قۆناغی مێژوویی و جیهانییەوە هەیە نەک تەنها جوگرافیا یان کەمترخەمیی لۆکاڵی. سەرەڕای ئەوەش، مانەوەی حزبی شیوعی کوردستان و دەستگرتنی بە پرەنسیپەکانییەوە لەم گۆڕەپانە نابەرامبەرەی سیاسییەدا، خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە سەرکەوتن و خۆڕاگری، کە لە هەر ساتێکدا دەکرێت ببێتە داینەمۆی گۆڕانکاری.

 

دیموکراسیی ناوخۆیی و گۆڕانکاری لە سەرکردایەتیدا

خاڵێکی گەش کە حزبی شیوعی لە حزبەکانی دیکەی کوردستان جیادەکاتەوە، پابەندبوونە بە دیموکراسیی ناوخۆیی. تەنها ڕۆشنبیران و سیاسییە وردبینەکان دەرک بەوە دەکەن کە حزبی شیوعی تاکە حزبە هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە دەبەستێت و سکرتێر و دەستەیەکی نوێ هەڵدەبژێرێت. ئەمە نەریتێکی سیاسیی کەموێنەیە لە ناوچەکەدا. با ڕەخنەگران سەیری حزبەکانی دیکە بکەن: ئایا کێ سەرۆکیانە؟ بۆچی دەیان ساڵە هیچ گۆڕانکارییەک لە پۆستە باڵاکانیاندا ناکرێت؟ ئایا ئەوان خاوەنی فیکرن یان خاوەنی کۆمپانیای سیاسی؟

 

کێن ئەوانەی لەگەڵ حزبی شیوعیدا ماونەتەوە؟

ئەوەی بۆ هەمووان ڕوونە، حزبی شیوعی خاوەنی سەرمایەیەکی مرۆیی پاک و مێژوویەکی پرشنگدارە. ئەوانەی لەگەڵ ئەم حزبەدا ماونەتەوە، کۆمەڵێک مرۆڤی ماندوو و تێکۆشەرن. ئەمانە ئەو کەسانەن کە بەرگەی هەموو قۆناغە سەختەکانیان گرتووە: لە لێدانی پیاوانی دەرەبەگ و ڕژێمی پاشایەتییەوە، بۆ زیندانەکانی بەعس و ئەنفال، تا دەگاتە شەڕی براکوژی و پەراوێزخستن لەلایەن دەسەڵاتی کوردییەوە. ئەم هێزە پۆڵاینە، سەرباری بێ ‌ڕێزی و مافخواردن، هێشتا بە کەرامەتەوە دەستیان بە مێژوو و فیکری خۆیانەوە گرتووە و تەسلیم نەبوون.

ڕەخنەگرتن لە نێوان بنیاتان و ڕووخاندن؟

ئایا دانیشتن لە دەرەوەی ڕێکخستن و ڕەخنەگرتن لە ڕێگەی شاشەکانەوە خزمەت بە حزب دەکات؟

بێگومان نەخێر. خزمەتکردنی ڕاستەقینە بریتییە لە خۆبەختکردن، دوورکەوتنەوە لە ململانێی شەخسی، و خۆبەگەورە نەزانین. ڕەخنەگرتن دەبێت "واقیعی" بێت، واتە خوێندنەوەی هەلومەرجەکە هەبێت، نەک تەنها گلەییکردن.

 

ڕەخنەگرانی "خاوەن ماڵ" لە کوێن؟

بەشێک لەو هاوڕێیانەی کە خۆیان (و ئێمەش) بە خاوەنی حزب دەزانین، تەنها لە کاتە هەستیارەکاندا (وەک هەڵبژاردن و کۆنگرەکان) دەردەکەون. ئەوان لە جیاتی ئەوەی نەخشەڕێگا و پلانی زانستی پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی حزب لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی باشتر بپەڕێتەوە، دێن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسینی نێگەتیڤ بڵاودەکەنەوە و مێژوو دەخەنە ژێر پرسیارەوە. ئەمە خزمەت نییە، بەڵکو بێهیواییکردنی ئەو کەسانەیە کە هێشتا لە مەیدانەکەدا کار دەکەن.

شیکردنەوەی دەروونیی ڕەخنەگران

ئەوانەی بەم شێوازە دەنووسن، کۆمەڵێک هاوڕێی دڵسۆز و خاوەن مێژوون؛ لاپەڕەی ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیان بە خوێن و خەبات نەخشێنراوە و "بەقەد باران بۆ گوڵەگەنم دڵسۆزن". بەڵام بەشێکیان یان لە بەرپرسیارێتی ڕایانکردووە، یان بەرژەوەندیی تایبەتی ژیانیان هەڵبژاردووە، یانیش لە دەرەوەی وڵات ژیانێکی ئاسوودەیان مسۆگەر کردووە و لە واقیعی تاڵی کوردستان دابڕاون.

بە بڕوای من، ئامانجی زۆربەی ئەم نووسینانە ئەوەیە کە بیر سەرکردایەتی و خەڵکی بهێننەوە کە "ئێمەش ماوین". ئەوان هێشتا لەڕووی فکرییەوە نەتواونەتەوە، بەڵام توانای کاری مەیدانی و حزبییان نەماوە؛ تەنها دەستیان بە ئابڕوو و مێژووەکەیانەوە گرتووە و نایانەوێت بێنە ناو قوڕولیتەی ئیشکردنی ڕۆژانە.

چیمان لەسەرە و دەبێت چی بکەین؟

چارەسەر لە یەکتر تۆمەتبارکردندا نییە. دەبێت ئەوانەی دەنووسن (ڕەخنەگران) و ئەوانەی لە ناوەوە کار دەکەن، هێز و بیروبۆچوونیان یەکخەن.

١ـ گەڕانەوە بۆ دیالۆگ: دەبێت لە جیاتی فەیسبووک، دیالۆگی ڕاستەقینە دروست بکەین و دەست لەسەر برینەکان دابنێین.

٢ـ بەخاوەنزانین: حزب هی هەمووانە؛ دەبێت ڕێز لە ماندووبوونی ئەوانە بگیرێت کە ئێستا لە ئەرکدان، و ئەوانەش کە کەمتەرخەمن بە شێوازی حزبی ئاگادار بکرێنەوە.

٣ـ دوورکەوتنەوە لە پۆپۆلیزم: با بە لایک و کۆمێنتی دوو کەس کە وازیان هێناوە، دڵی هەزاران ئەندامی دڵسۆز نەشکێنین. زۆرێک لەو ڕەخنە توندانە تەنها پاساوێکن (موبەڕیر) بۆ ئەوەی ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن کە وازیان هێناوە یان لە شەمەندەفەرەکە دابەزیون.

دەرەنجام

نابێت نووسین و ڕەخنەکانمان ببنە هۆی دەستخۆشیکردن لەو کەسانەی کە لە قۆناغێکدا تەسلیمی پارە و بەرژەوەندی بوون. مێژوو ڕەحم ناکات و نووسینەکان دەمێننەوە. با وزەکانمان بۆ بونیادنانەوە بێت، نەک بۆ ڕووخاندن.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا