خەلیل سەلیم

زانکۆی سۆران

 

چەند ساڵێک لەمەوبەر، بەشێوەیەکی نائاگایانە، کە ئێستاش نازانم لەسەر چ بنەمایەک ئەو ڕۆمانەم کڕی. ئەو کات لە ماڵ بیرم لەوە دەکردەوە، کە بۆچی ئەو ڕۆمانەم کڕیووە، ئیدی وەک خولیای شادبوون بە کتێبی نوێ لەپاڵ ئەوەی کتێبەکانی دیکەم کڕیبوون، دوای تەواوبوونی ئەوان دەستم دایە خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە. بۆ من ئەو کڕینە نائاگایییە وەک ئەوە وابوو، کە ڕێکەوتێکی نایابم هەبووە. دوای چەندین ساڵ دیسانەوە لە زانکۆی کوردستانی سنە، بەر هەمان ڕۆمان کەوتمەوە و ئەو جارە بە دڵخوازی و پەرۆشییەوە بۆ ئەو کاتانەی، کە لێرەم و کتێبی کەمم لەلایە، کڕیم و دیسانیش دەستم دایە خوێندنەوەی. هەرچەند خوێندنەوەی ئەو جارە هەتا بڵێی جیاوزتر و ناوازەتر بوو. لە ڕوانگەی ئەم چێژبینییەوە، خولیای خوێندنەوەیەکی دەروونیشیکارانەم لەلا گەڵاڵەبوو و هیوای ساغڵەمییش بۆ شێرزاد حەسەن لەگەڵ هەر وشەیەک، کە ڕێگوزەری ئەم نووسینەیە.

بەمەبەستی شیکارکردنی ئەم ڕۆمانە، دەمەوێت تیشک بخەمەسەر پرسەکانی وەک گرێ دەروونییەکان، پەیوەندی باوک و کوڕ، سایکۆلۆژیای ستەمکار و ستەملێکراو لە چوارچێوەی تیۆرییەکانی فرۆید، لاکان و ئەریک فرۆم.

بەر لە هەر شتێک پرسی باوککوژی و زیندووکردنەوەی یاسا باوکییەکان لەم ڕۆمانەدا یەکجار سەرنجکێش و مایەی لەسەرڕاوەستانە، چونکە ‎ڕۆمانی حەسار و سەگەکانی باوکم تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوێکی خێزانیی نییە، بەڵکوو گەشتێکی ترسناکە بۆ نێو قوژبنە تووناوتوونەکانی  نائاگایی (Unconscious)ی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. نووسەر لەم بەرهەمەیدا وەک دەروونپزیشکێک نەشتەرگەری بۆ گرێی "باوکسالاریی" دەکات. لە ڕوانگەی دەرونشیکارییەوە، دەکرێت ئەم ڕۆمانە وەک نموونەیەکی تەواو بۆ تیۆرییەکەی فرۆید لەبارەی تۆتەم و تابۆ و گرێی ئۆدیپ تەماشا بکرێت. بۆیە لەم نووسینەدا گەرەکمە لەچەند ڕەهەندێکەوە ئەم بابەتە شیبکەمەوە،‎ یەکێک لەو ڕەهەندانەش پرسی باوکە وەک باوکێکی سەرەتاییی (The Primal Father).‎

‎لە چوارچێوەی تێزەکەی فرۆیددا، کە لە کتێبی تۆتەم و تابۆدا خستوویەتییەڕوو، ئەوەیە کە لە دەستپێکەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، باوکێکی ستەمکار هەبووە، کە دەستی بەسەر هەموو ژن و دەستەڵاتەکاندا گرتووە و کوڕەکانی وەدەرناوە، یاخود وەک کۆیلەیەک مامەڵەی لەتەکدا کردوون، ئەویش بەو مەبەستەی، کە ڕێگری لەوە بکات کوڕەکانی تەختی دەستەڵاتی لێوەربگرنەوە. لەم ڕۆمانەدا، ئەوەی دەبیندرێت ڕۆڵی باوک هەر ئەو باوکەیە، کە خۆی لە نموونەی باوکێکی سەرەتاییی بەرجەستە دەکاتەوە.

شایەنی باسە ڕۆڵی ئەو باوکە تەنیا ئەوە نییە، کە سەرۆکی خێزان بێت، بەڵکوو قووڵتر لەوە ئەو باوکە خودی یاسا و دەستەڵاتی ڕەهایە کە لە تێگە فرۆیدییەکەوە دەبێتە منی باڵا (The Super-ego)، هەروەها ئەو نوێنەرایەتی ئەوانیتر-یش دەکات. باوک لەم ڕۆمانەدا خاوەنی فالۆس (Phallus)ـه، کە ئەم خاوەندارێتییە فالۆسە لە تێگە لاکانییەکەدا بە مانای دەستەڵات خۆی وێنا دەکات و لە هەنبەر ئەوەشدا کوڕەکانی ئەو باوکە تووشی خەساندن (Castrated) بوونەتەوە. بە پێی تێرمە دەروونشیاکارییەکان، ئەم خەساندنە بەمانای خەساندنی جەستەیی نییە، بەڵکوو جۆرێکە لە پرسێکی دەروونیی؛ ئەویش بەو مانایەی توانای بڕیاردان، جووڵە و ئارەزووی سێکسیی لێ زەوتکراوە و هەمووانی خستووەتە دۆخێکی منداڵیی هەمیشەیییەوە. ئەو دیوارەی (حەسار)، کە دروستی کردووە، هێمایە بۆ ئەو سنوورە دەروونییەی، کە سووپەر ئیگۆ بەسەر ئیگۆ-دا سەپاندوویەتی.

سەرباری ئەوەش گرێی ئۆدیپ و ئارەزووی کوشتنی باوک لەم ڕۆمانەدا، بەشێوەیەکی مێتافۆر خۆی نیشان دەدات، چونکە دەکرێت ئەوە بخرێتەڕوو، کە ململانێی سەرەکی ناو ڕۆمانەکە، لەسەر بنەمای گرێی ئۆدیپ (Oedipus Complex) بنیاتنراوە. کوڕەکان ڕقیان لە باوکە، چونکە باوک ڕێگرە لە گەیشتنیان بە چێژ و ئازادی. لە دەروونشیکاریدا، کوشتنی باوک یەکەم هەنگاوە بۆ ئەوەی کوڕ ببێت بە پیاو و شوێنی باوک بگرێتەوە.

‎لە ڕۆمانەکەدا، کوڕە گەورەکە (بگێڕەوە) پلانی کوشتنی باوک دادەنێت، نەک تەنیا وەک تۆڵەیەک، بەڵکوو وەک هەوڵێک بۆ بەدەستهێنانەوەی خود. ئەوان پێیانوایە کە بوونی باوک هۆکاری نەهامەتییەکانیانە و بە نەمانی ئەو، دونیای شادیان دەستپێدەکات، بەڵام لێرەدا کێشەیەکی سایکۆلۆژیی قووڵ دێتە ئاراوە. ئەوان باوک وەک "کەسێک" دەکوژن، بەڵام وەک "سمبول" لە ناخیاندا گەشەی زۆرتری پێدەدەن.

‎لە پاڵ ئەمانەشدا پرسی میکانیزمی بەرگری و هەماهەنگبوون لەگەڵ دەستدرێژیکەر لەم ڕۆمانەدا، جێگەی هەڵوەستەیە، شایەنی باسە ‎یەکێک لە تێگە هەرە گرنگەکانی ئانا فرۆید بریتییە لە تێگەی (Identification with the Aggressor- خۆلێکچواندن یان هەماهەنگی لەگەڵ دەستدرێژیکەر-. ئەم پرسە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، کە زارۆکەکان لەم ڕۆمانەدا، سەرەڕای ئەوەی ڕقیان لە باوکە، بەڵام لە نائاگایییاندا بە هێزەکەی باوک کارتێکراو و مەندەهۆشن. ئەوان وا فێرکراون، کە دەکرێت دونیا تەنیا لەڕێگەی چاوی باوکەوە ببیندرێت. کاتێکیش هەڵدەستن بە کوشتنی باوک، بە پێچەوانەی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرێت ئازاد بن، ئەوان تووشی شۆکێکی گەورە دەبن، چونکە لە ماوەی ساڵانی دەستەڵاتە ڕەهاکەی باوکدا، ئەوان بەهاکانی باوک-یان چەپاندووەتە (Repression) ناو نائاگایی خۆیانەوە. کاتێکیش باوکە دەرەکییەکە دەمرێت، باوکە ناوەکییەکە (The Internalized Father) لەناو هزریاندا دێتە گۆ و دەست بەسەر دەروونیاندا دەگرێت. ئەمەش وا دەکات کە ترسەکە نەمرێت، بەڵکوو لە شێوەی دەرەکییەوە بۆ ناوەوە بگوازرێتەوە.

‎لەم ڕۆمانەدا سەگ ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، بەڵام ئەم ڕۆڵەی دراوەتە سەگ ڕۆڵێکی سیمبوولییە و زیاتر وەک غەریزەکانی دژە خود دەبیندرێت. ‎سەگەکان لەم ڕۆمانەدا نوێنەرایەتی ڕەهەندێکی دیکەی دەروونی دەکەن. ئەوان سیمبولێکن بۆ غەریزە هۆڤەکان (The Id) کە لەلایەن باوکەوە (The Super-ego) دەستی بەسەردا گیراوە و بۆ هەڕەشە و ترساندنی من ئاڕاستە کراون (The Ego).

‎باوکەکە لەم ڕۆمانەدا هەوڵی داوە سرووشتی سەگەکان بگۆڕێت و بیانکاتە پاسەوانی خۆی، کە ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی چۆن سیستەمی دیکتاتۆری (جا ئەو دیکتاتۆرییە چ لەسەر بنەمای خێزان بێت یانیش بنەمای دەوڵەت) وزە و توانای تاکەکان لە دژی خۆیان بەکاردەهێنێتەوە. کاتێک باوکەکە دەکوژرێت، سەگەکان بێدەنگ دەبن یان دەکشێنەوە، بەڵام ترس لە سەگەکان لە دڵی منداڵەکاندا هەر زیندووە. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە ترس بووە بە بەشێک لە پێکهاتەی بایۆلۆژی و سایکۆلۆژیای منداڵەکان، بەبێ ئەوەی کە تەنیا وەک هۆکارێکی دەرەکی بمێننەوە.‎

سەرەڕای گرنگی ڕۆمانەکە بەگشتی، گرنگترین بەشی ڕۆمانەکە لەڕووی دەرونشیکارییەوە بەشی کۆتایییەکەیەتی. ئەویش لەبەر ئەوەی دوای کوشتنی باوک، دەرگەکان دەشکێندرێن، بەڵام توانای هەنگاونان بۆ دەرەوە شکست دەهێنێت. ئەریک فرۆم لە کتێبی ترس لە ئازادی- Fear of Freedom-دا ئەم پرسە بەشێوەیەکی سرنجکێش شیدەکاتەوە و ئەوە دەخاتەڕوو کە مرۆڤ کاتێک ئازادی پێ دەبەخشرێت، تووشی دڵەڕاوکێ و تەنیایی دەبێت، بۆیە زۆرجار پەنا دەباتەوە بەر کۆیلایەتی یان ملکەچبوون، ئەویش بەو هیوایەی، کە بتوانێت هەست بە ئاساییش دەستەبەر بکات.

دوای نەمانی باوک، منداڵەکانی ناو حەسارەکە تووشی جۆرێک لە شەپڵە (ئیفلیج)ی دەروونی دەبن. ئەوان لە دونیای دەرەوە دەترسن، چونکە باوک فێریکردوون، کە دەرەوە پڕە لە مەترسی. لە دەروونناسی ڕەفتاریدا، ئەمە پێی دەگوترێت (بێدەستەڵاتی فێرکراو -Learned Helplessness). ئەوان ئەوەندە لەژێر سێبەری بڕیارەکانی باوکدا ژیاون، توانای بڕیاردانی سەربەخۆیان لەدەستداوە.

‎کوشتنی باوک لەبری ئەوەی ئازادییان پێ ببەخشێت، هەستێکی قوڵی تاوان (Guilt)یان لەلا گەشە پێدەدات، کە بەپێی تێڕوانینەکانی فرۆید، شارستانییەت لەسەر بنەمای هەستی تاوانی کوڕەکان بەرانبەر کوشتنی باوکە سەرەتایییەکە درووستبووە. ئەم هەستی تاوانە وا دەکات کوڕەکان خۆیان ببنە پاسەوانی حەسارەکە. لە کۆتاییدا، وەک ئەوەی ڕۆحی باوکەکە چووبێتە جەستەی بگێڕەوەکەوە، هەست دەکات، کە دەبێت شوێنی باوکی بگرێتەوە.

سەرەڕای کارکردی سەگەکان بەشێوەیەکی سیمبولیک، ئەوا خودی حەسار لەم ڕۆمانەدا بەهەمان شێوە پرسێکی سیمبولیکە، چونکە دەکرێت حەسارەکە وەک هێمایەک بۆ ڕەحمی دایک (Womb) تەماشا بکرێت. باوکەکە بەزۆر منداڵەکانی لەناو ئەو ڕەحمەدا هێشتووەتەوە و ڕێگەی نەداوە "لەدایک ببن" (بێنە دەرەوە بۆ دونیای واقیع). مانەوەیان لەناو حەسارەکە، جۆرێکە لە کشانەوە (Regression) بۆ قۆناغی کۆرپەلەیی. چوونەدەرەوە واتە بەرپرسیارێتی و ڕووبەڕووبوونەوەی ژیان، کە ئەمەش بۆ کەسێک کە گەشەی دەروونیی ستۆپی پێکراوە، ترسناکترین شتە. بۆیە کۆتایی ڕۆمانەکە دەبێتە پرسێکی تراژێدی، چونکە ئەوان بۆ ئەوەی لەدایک ببن، باوک دەکوژن، بەڵام دەبینن کە لە دەرەوەی ئەو ڕەحمە (حەسارە) توانای ژیانیان نییە، بۆیە حەسارەکە لە ڕەحمەوە دەگۆڕێت بۆ گۆڕ.

بەشێوەیەکی گشتی، لە لێکدانەوە دەروونشیکارانەی حەسار و سەگەکانی باوکم، دەکرێت بڵێین کە کێشەی مرۆڤی کۆیلە، تەنیا لەوەدا خۆی نابینێتەوە، کە دیکتاتۆرێک بوونی هەبێت، بەڵکوو پرسێکە بەوەوە پەیوەستە، کە چۆن دیکاتۆر دەخرێتە ناو هزری کۆیلەوە. لەم ڕووەوە شێرزاد حەسەن زۆر زیرەکانە نیشانی داوە، کە پرۆسەی ئازادبوون پێش ئەوەی پرۆسەیەکی فیزیکی بێت، پرۆسەیەکی دەروونییە. ڕۆمانەکە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە لابردنی جەستەی باوک (دیکتاتۆر) ئاسانە، بەڵام سڕینەوەی "ناوی باوک" (The Name of the Father) لە دەرووندا کارێکی نەکردەیە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆتاییی ڕۆمانەکە ئاماژەیە بۆ شکستێکی مێژوویی و دەروونی، کە شکستی ئیگۆ لە ڕزگاربوون لەدەستی سووپەر ئیگۆیە. کوڕەکان بوونە قوربانی گرێیەک کە تێیدا بکوژ خۆی دەبێتەوە بە کۆپییەکی قوربانییەکە، هەروەها بازنەی ستەمکاری لەژێر ناوێکی تردا بەردەوام دەبێت. لەم ڕووەوە مانیفێستی دەروونیی ئەوەیە، کە تا تاکەکان لە ناوەوە ئازاد نەبن و گرێی باوک نەپچڕێنن، هەر شۆڕشێک تەنیا گۆڕینی دەموچاوی جەلادەکانە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا