
ستار ئەحمەد
کورد، نەتەوەیەکی دێرینە کە لەسەر خاکی خۆی پەرتەوازە بووە، مێژوویەکی پڕ لە خۆڕاگری و قوربانیدانی تۆمار کردووە. لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆدا، کە گۆڕانکارییە خێراکان جیهانیان گرتووەتەوە، پرسیارەکە بە سادەیی دەکرێت: کورد پێویستی بە چییە و چی بکات بۆ ئەوەی بگاتە کەناری ئارامی و سەقامگیری؟
وەڵامەکە ئاڵۆزە و پێویستی بە نەخشەڕێگایەکی فرە ڕەهەند هەیە کە لە قووڵایی کۆمەڵگاوە دەست پێدەکات و تا دەگاتە بەرزترین ئاستی سیاسەت.
کورد، سەرەتا پێویستی بە چەند بنەمایەکی نەگۆڕ هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە پێگە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا هەنگاو بنێت .
یەکڕیزیی نەتەوەیی ــ
گهورهترین و كوشندهترین لاوازیی كورد تا ئێستا، پهرتهوازهییی بڕیار و بهرژهوهندییە. چوار پارچەی کوردستان و تەنانەت هەرێمی کوردستانیش، زۆرجار بە چەند دەنگ و ئاراستەی جیاواز قسە دەکەن.
دوژمنانی کورد زیاتر لەوەی لە هێزی چەکداریی کورد بترسن، لە یەکێتیی ستراتیژیی کورد دەترسن.
بۆیە پێویستە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی راستەقینە ببەسترێت، نەک بۆ نمایش، بەڵکو بۆ گەڵاڵەکردنی ڕێکەوتنی نەتەوەیی نەگۆڕ کە تێیدا،
بەرژەوەندیی نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندیی حیزبی و ناوچەیی بێت.
سنوردارکردنی هەماهەنگی لەگەڵ دوژمنانی پارچەکانی دیکەی کوردستان .
دانانی یەک وتەبێژی سەرەکیی ستراتیژی لە دۆسیە نێودەوڵەتییەکاندا.
چاکسازیی ڕیشەیی و نەهێشتنی گەندەڵی
ئەزموونی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان، وێڕای دەستکەوتەکان، بەڵام بەهۆی گەندەڵییەکی بەربڵاو و نەبوونی شەفافییەتەوە، ڕووبەڕووی قەیرانی متمانە بووەتەوە.
گەندەڵی خاکی ژێر پێی دەسەڵاتی کوردی شلکردووە، نەک تەنها ئابووری، بەڵکو متمانەی نەتەوەیی و هیوای لاواز کردووە.
پێویستە شەڕێکی ڕاستەقینە دژی گەندەڵی ڕابگەیەندرێت. ئەمە تەنها بە گۆڕینی کەسەکان ناکرێت، بەڵکو پێویستە..
یاسای لە کوێت بوو ..؟ ـ چالاک بکرێت.
سەربەخۆیی دادگا و دامەزراوەکانی چاودێری جێبەجێ بکرێت.
داهاتی گشتی و نەوت و سامانە سروشتییەکان بە تەواوی شەفاف بکرین.
بنیاتنانی دەوڵەتی یاسا و دامەزراوەیی
حوکمڕانیی کوردی زۆر حیزبی و کەسییە، کە ئەمە هەمیشە دەیکاتە ئامانجێکی لاواز لەبەردەم قەیرانەکاندا.
حیزب و سەرکردەکان لە هەرێمدا بەهێزترن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت.
پێویستە کار بۆ بنیاتنانی دامەزراوەی بەهێز بکرێت .
بە تێکەڵکردنی هێزە چەکدارەکان (پێشمەرگە و ئاسایش) و دوورخستنەوەیان لە کاری حیزبی.
جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و زامنکردنی پەرلەمانێکی کارا و حکومەتێکی کارگێڕی.
چاکسازی لە سیستمی پەروەردەدا بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی بیرمەند و ڕەخنەگر، نەک تەنها گوێڕایەڵ .
لە سەردەمی ئەمڕۆدا، چارەسەر تەنها چەک و سنوور نییە، بەڵکو بوارەکانی زانیاری، ئابووری، و دیپلۆماسی یەکلایی کەرەوەن.
کورد خاوەنی کەیسێکی مرۆیی بەهێزە، بەڵام بە باشی کاری لەسەر نەکراوە.
نابێت پەیوەندییەکان لەگەڵ جیهان تەنها پەیوەندیی سیاسی بێت، بەڵکو بەستنەوەی بەرژەوەندیی بازرگانیی جیهانی بە مانەوەی سەقامگیریی کورد،
پشت بەستن بە ڕەوەندی کورد و دروستکردنی گرووپی هاندەری پیشەیی و کاریگەر لە پایتەختە گەورەکانی جیهان.
بەکارهێنانی هونەر و ڕۆشنبیری.. ناساندنی کێشەی کورد بە جیهان لە ڕێگەی فێستیڤاڵی سینەما، کتێب، و مۆسیقاوە.
هەڵەیەکی کوشندەیە کە دەسەڵات و سەقامگیریی کورد کەوتووەتە ژێر بەزەیی بازاڕی جیهانی و فشاری وڵاتانی ناوچەییەوە.
وەبەرهێنان لە کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، کوردستان دەتوانێت ببێتە ناوەندێکی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکە.
گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی و زانستی مۆدێرن بۆ گونجاندنی هێزی کار لەگەڵ بازاڕی جیهانیدا.
داهاتووی کورد لەدەستی گەنجان و ژنان دایە. بەشداریی لاواز و بێ هیوابوونی گەنجان، مەترسیدارترین قەیرانی کۆمەڵایەتییە.
ئەرکی سەر شانی حکومەتە ،ڕۆڵی گەورەتر بە گەنجان بدات ـ لە بڕیاردان و دوورخستنەوەی سیستمی دەسەڵاتی کۆنەپەرستی لە ناوەندە سیاسییەکان.
پاراستن و بەهێزکردنی ڕۆڵی ژن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، نەک تەنها لە ڕووی سیاسییەوە، بەڵکو لە ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.
بۆ ئەوەی کورد لەم ڕۆژگارەدا ڕاستگۆ بێت لەگەڵ خۆیدا، دەبێت ئەم ڕاستیانە قبوڵ بکات.
ئێمە ناتوانین بگەین بە سەربەخۆیی ئەگەر نەتوانین ئارامیی ناوخۆییمان بپارێزین. کورد پێش ئەوەی دەوڵەت دروست بکات، پێویستە نەتەوەیەکی یەکگرتووی دەستووری دروست بکات کە پابەند بێت بە یاسا، نەک بە تاکڕەوی و بەرژەوەندیی حیزبی و خێڵەکی.
پێویستە کورد لەمڕۆدا ببێتە هێزێکی ژیر، گونجێنەر، و دەستووری؛ نەک تەنها هێزێکی چەکداری. پێویستە شەڕی قەڵەم لەپێش شەڕی چەک بێت. ئاسۆی هیوا هەیە، بەڵام تەنها بە بوێری لە گۆڕینی خود و نەهێشتنی گەندەڵی دێتەدی.